هەدەپە بۆ ئازادی و دادپەروەری لە سێ شاری گەورە ڕێپێوان دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەدەپە بۆ ئازادی و دادپەروەری لە سێ شاری گەورە ڕێپێوان دەكات

بە پیادە لە ئامەد و هەکارییەوە دەچنە ئەنقەرە

بەهۆی ئەوەی دوو ئەندام پەرلەمانی هەدەپە ئەندام پەرلەمانییان لێ سەندرایەوە و پاشان خرانە زیندانەوە، بۆیە هەدەپە ئەمجارەیان بێدەنگی دەشكێنێت و لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری داوە بە رێپێوان لە سێ شارەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێ بكەون و ئیدانەی کردەوەکانی حكوومەت بکەن.

دادگای دەستووریی توركیا، بە بڕیارێك ئەندامییەتی پەرلەمانی لە سێ ئەندام پەرلەمان وەرگرتەوە، كە یەكێكیان سەر بە جەهەپە بوو و دوانەكەی تریش هەدەپە.

بەڵام ئەنیس بەربەرئۆغڵو كە سەر بە جەهەپەیە و ئەندام پەرلەمانی لێ سەندرایەوە، بە بەهانەی ئەوەی مەترسیی كۆرۆنا لەناو زیندانەكاندا هەیە، بە چەند مەرجێك ئازاد كراوە، لە بەرامبەردا لەیلا گوڤەن و مووسا فارسئۆغڵو هەردوو ئەندام پەرلەمانی هەدەپە كە ئەندام پەرلەمانییان لێ سەندرایەوە، خرانە زیندانەوە، چونكە تۆمەتی تیرۆریستبوونیان دراوەتە پاڵ.

موراد یەتكین نووسەری دیاری رۆژنامەی (حوریەت)، وەكوو رەخنەیەك لە حكوومەت لە نووسینێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بۆچی ئەنیس ئازاد دەكەن لەبەر مەترسی كۆرۆنا و دوو ئەندام پەرلەمانەكەی تری هەدەپە ئازاد ناكەن، دیارە ئەو دوو ئەندام پەرلەمانە كۆرۆنا ناگرن و مرۆڤ نین؟

بەشی توركیی ئاژانسی (BBC)ی بڵاوی كردووەتەوە، هەدەپە لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری داوە لەژێر ناوی (ئازادی و عەدالەت) سێ رێپێوان ئەنجام بدات، بەڵام هەر سێ رێپێیوانەكە لە شوێنێكدا كە پایتەختی توركیایە یەك بگرنەوە.

لە رێپێوانەكەدا هەریەك لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سینجار هاوسەرۆكانی هەدەپە بەشداری دەكەن و، رێپێوانەكەش لە ١٥ی ئەم مانگەوە ئەنجام دەدرێت.

رێپێوانی یەكەم گرووپێك لە ئامەدەوە بە پیادە بۆ ئەنقەرە دەڕۆن و رێپێوانی دووەمیش لە هەكارییەوە بۆ ئەنقەرە و رێپێوانی سێیەمیش جارێ دیار نییە لە كوێوە دەبێت، بەڵام هەر سێ گرووپ لە ئەنقەرە یەكتری دەگرنەوە.

زیاتر لە ٣٠سەرۆك شارەوانیی سەر بە هەدەپە قەیوومیان لەجێ دانراوە، نیوەی ئەو سەرۆك شارەوانییانەش بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەن دەستگیر كراون، هەروەها ٨ ئەندام پەرلەمانی دەستگیر كراون بە هاوسەرۆكانی پێشووتریش كە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ بوون.

بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پشتگیریی هەدەپەی نەكرد و بێدەنگ بوو بەرامبەر بەو كردەوانەی حكوومەت، بۆیە هەدەپە بەتەنیا نەیتوانی رای گشتی بجووڵێنێت، بەڵام ئێستا دەیەوێت بێدەنگی بشكێنێت و رای گشتی بجووڵێنێت.

میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی خۆیان پێ بێلایەنە، تا ئاستێك پشتگیری لە داواكانی هەدەپە دەكەن، بۆیە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، لە ماڵپەڕ و یوتیوبەوە زۆرترین دیمانە لەگەڵ سەركردەكانی هەدەپە ئەنجام دەدەن، لە كاتێكدا پێشتر هەدەپە بایكۆت كرابوو، ئەمەش تا ئاستێك كاریگەریی هەیە لەوەی فشار بخرێتە سەر حكوومەت بۆ ئەوەی چیتر سەرۆك شارەوانی و ئەندام پەرلەمانەكانی هەدەپە لەجێیان قەیووم دانەنرێن و زیندانی نەكرێن.

شكاندنی بێدەنگیی هەدەپە بە كردار و دەرچوون لە لێدوان و تووڕەیی میدیایی، هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە، چونكە بێدەنگیی هەدەپە لە پێشووتردا بەرامبەر بە دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانی و ئەندام پەرلەمانەكانی، رێگەی بۆ حكوومەتی ئاكەپە خۆش كرد تا زیاتر هەدەپەییەكان بخاتە زیندانەوە و زیاتر وەكو تیرۆریست بیانناسێنێت.