ترامپ راستیی حەشارگە نهێنییەکە دەدرکێنێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ترامپ راستیی حەشارگە نهێنییەکە دەدرکێنێ

 

دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، کە ئەو لە کاتی خۆپیشاندانەکان کە لەبەردەم دەرگاکانی دەرەوەی کۆشک سەریان هەڵدا، نەگوازراوەتەوە بۆ حەشارگە نهێنییەکەی کۆشکی سپی. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەو تەنیا بۆ بەسەرکردنەوە سەردانی ئەو شوێنەی کردووە.

رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) دەریخستووە، دەزگای پاسەوانیی سەرۆکایەتی، ئێوارەی رۆژی هەینی، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەردەم کۆشکی سپی، ترامپیان گواستووەتەوە بۆ حەشارگەکە، بەڵام ترامپ بۆ (فۆکس نیوز) دووپاتی کردووەتەوە، کە: “ئەو زانیارییانە هەڵەن“.

ترامپ دەشڵێت: “ئەوە لە کاتی رۆژدا بووە”، روونیشی کردەوە، کە ئەو لە رۆژانی رابردوودا “دوو جار یان سێ جار بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی شوێنەکە” رووی لەو شوێنە کردووە. هەروەها روونیشی کردووەتەوە، کە “چەند کەسێک لەگەڵ من چووین بۆ ئەوێ”.

دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمەریکا لە سەرچاوەی ئاگادار پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە ترامپ و میلانای هاوسەری و بارونی کوڕیان بۆ حەشارگە نهێنییەکە گوازراونەتەوە، کە کەوتووەتە لای رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی و نزیکەی یەک سەعات لەو حەشارگەیەدا ماونەتەوە، کە تایبەتە بە پاسەوانیی سەرۆک و ئەندامانی خێزانی، لە کاتی تەنگژە و شەڕ و کردەوە تیرۆریستییەکان.

هەواڵی گواستنەوەی ترامپ بۆ حەشارگە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک گاڵتەپێکردن بڵاوکرایەوە و پێدەچێ ئەمەش وای لە ترامپ کردبێ، کە بڕیار بدا رۆژی دووشەمە بە پیادەیی سەردانی ئەو کەنیسەیە بکات، کە بەهۆی توندوتیژییەکان زیانی بەر کەوت.

شایانی باسە، دیک چینی، جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش لەکاتی رووداوی 11ی سێبتێمبەری 2001 بۆ هەمان حەشارگە گوازرایەوە.