تەندروستی پێنجوێن: حاڵەتەکانی تووشبوون بەڤاریرۆسی کۆرنا لەھەڵکشاندایە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تەندروستی پێنجوێن: حاڵەتەکانی تووشبوون بەڤاریرۆسی کۆرنا لەھەڵکشاندایە

 

بەڕێوبەری تەندروستی شارۆچکەی پێنجوێن رایدەگەیەنێت ئەگەر ھاووڵاتییان ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، ناتوانین دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین و ئەوکاتە کارەساتی گەورە ڕوودەدات.

دکتۆر خالید عەبدوڵا، بەڕێوبەری تەندروستی شارۆچکەی پێنجوێن بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو سەنتەری شارۆچکەی پێنجوێن لەھەڵکشانێکی خێرادایە و ئەگەر ھاووڵاتییان ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، ناتوانین دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین و ئەوکاتە کارەساتی گەورە ڕوودەدات".

گوتیشی: "تاوەکو ئێستا ٦٧ کەیسی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسنووری شارۆچکەی پێنجوێن تۆمارکراوە و لەماوەی ٢٤ کاژمێری داھاتوودا بەداخەوە ٤٠ بۆ ٥٠ حاڵەتی تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنین، ھەرچەندە پێشبینی ئەوە دەکەین بۆ ڕۆژانی داھاتوو ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا شارۆچکەی پێنجوێن، لەحاڵەتی نیمچە کەرەنتینەدایە، بەڵام بەھۆی ھەڵکشانی زۆری حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سبەی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و تیمێکی فراوانی پزیشکی سەردانی شارۆچکەکەمان دەکەن و بۆماوەی ٤٨ کاتژمێر دەمێننەوە، دواتر شارۆچکەی پێنجوێن، بۆماوەیەکی دیاری کراو بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ دەکرێت".

بەڕێوبەری تەندروستی شارۆچکەی پێنجوێن، باسی لەوەشکرد، شارۆچکەی پێنجوێن لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، یەکەمین شارۆچکەیە کە زۆرترین حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە، بۆیە ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە و ئەگەر ھاووڵاتییان ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، ئەوکاتە ڕێژەکە زیاتر دەبێ و حاڵەتی ناجێگیری و مردنی تێ دەکەوێت.