د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: چاكسازی تەنیا ڕێگای دەربازبوونە و بژارەی دیکە لەبەردەم سەرکردایەتیی سیاسیدا نەماوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: چاكسازی تەنیا ڕێگای دەربازبوونە و بژارەی دیکە لەبەردەم سەرکردایەتیی سیاسیدا نەماوە

”ھەر کەس و لایەنێک پرسی چاكسازی بباتە پێش، مێژوو سەروەرییەکی گەورەی بۆ تۆمار دەکات“

لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسی (باسنیوز)، د. هاوڕێ عەزیز مەنسووڕبەگ، لێکۆڵەر و ئەکادیمی و شارەزای بواری نەوت و سەرچاوەکانی وزە، تیشک دەخاتە سەر پرسی چاکسازی و ڕەهەندە گرنگەکانی و ئاماژە بەوە دەکات، کە پرسی چاکسازی بووەتە خواست و داخوازییەکی فراوانی جەماوەری لە هەرێمی کوردستان و گەیشتووەتە قۆناغێک، کە ئیدی ئاوڕدانەوە لەدواوە و گەڕانەوە، کارێکی زۆر ئەستەمە.

باس لەوەش دەکات، لە دۆخێکی وادا، کە چاکسازی بووەتە ویستێکی سەرتاسەری، جێبەجێنەکردنەکەی، بە پاساوی نەڕەنجاندنی دڵی فڵان کەس و فیسار لایەن، بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێمی کوردستان زۆر لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەترسیدارترە.

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ جەختیش دەکاتەوە، کە بەبێ ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕاستەقینە، دوور نییە سیستەمی حوکمڕانی دووچاری شڵەژان ببێتەوە و پێی وایە، ھەر کەس و لایەنێک لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیدا ببێتە خاوەن، ئەوا گرەوی مێژوو دەباتەوە و وەک فریادڕەسی قۆناغەکە، مێژوو سەروەرییەکی گەورەی بۆ تۆمار دەکات.

ئەم شارەزایەی بواری نەوت و سەرچاوەکانی وزە، ئاماژە بەوە دەکات، کە پێویستە سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە خێر و بێری سەر و ژێر زەویی وڵاتەکەیان سوودمەند بن.

ئەمەی خوارەوەش دەقی هەپەیڤینەکەیە:

 (باسنیوز) لە ئاستە زانستییەکەیدا، چاکسازی چۆن پێناسە دەکرێت؟ ئایا پرۆسەکە تەنیا ڕەهەندێکی دارایی هەیە، یان پرۆسەیەکی گشتگیر و فرەلایەنترە؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: ڕیفۆرم پرۆسەیەکی بەردەوامی ناو ژیانە، بنچینەی ڕیفۆرم و نوێبوونەوەش خۆگونجاندنی مرۆڤە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری خۆی. تا پەروەردە مرۆڤی باشتر بەرھەم بێنێت و ژینگەی تاکەکان گۆڕانکارییان بەسەر بێت، مرۆڤ پێویستی بە ڕیفۆرم و نوێبوونەوە و خۆگونجانە.

(باسنیوز) بۆ ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی کامەیان لەپێشترە، چاکسازیی ئابووری، یان کارگێڕی؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: ھیچ کامیان ئەوی دیکە ناسڕێتەوە، ئەگەر ئابوورییەکی پتەو و تەندروستمان دەوێت، پێویستە سیستەمێکی کارگێڕیی کارا و ڕوون و کاریگەرمان ھەبێت. 

(باسنیوز) سروشت و فۆڕمی حوکمڕانی و سیستەمی سیاسی چ ڕۆڵێکیان لە چوارچێوەگرتن و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیدا هەیە؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: من سیستەمی حوکمڕانی ھەمیشە بە زنجیر بەراورد دەکەم. زنجیر چەندین ئەڵقەی جیاوز لە خۆی دەگرێت. ئەڵقەی دەوڵەتداری، ئابووری، سیاسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، حوکمی یاسا، مافی مرۆڤ، ژینگە... ھتد. بۆیە ھەر کام لەو ئەڵقانە لاواز بن، ئەوا سیستەمی حوکمڕانی دووچاری گرفت دەبێتەوە.

(باسنیوز) ڕوانگەی ئێوە بۆ بەها و بایەخی پرسی چاکسازی، کە ئێستا بووەتە ڕۆژەڤی گەرم، بۆ ئێستا و ئاییندەی کوردستان چییە؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: ئەگەر پێشان چاکسازی وەک دروشم و جۆرە موزایەدەکردنێک لە لایەن حزبە سیاسییەکانەوە بەکار دەھات، ئێستا بووەتە تەنیا ڕێگای دەربازبوون و ئیدی بژارەی دیکە لەبەردەم سەرکردایەتیی سیاسیدا نەماوە. ئەگەر ئێستا چاکسازی نەکەین، ھەرێم ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیار و مەترسیدار دەبێتەوە. 

(باسنیوز) ئایا لەوە زیاتر دواخستنی پرۆسەی چاكسازی چ ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنیی بەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری و تەنانەت دۆخی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا دەبێت؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: بەبێ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە، ڕەنگە سیستەمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان دووچاری شڵەژان ببێتەوە. بەپێچەوانەوە، تاک بە تاکی زۆرینەی بێدەنگی خەڵکی کوردستان لە ئەنجامدانی چاکسازی سوودمەند دەبێت. ھەر بۆیەش خواستێکی فراوانی لەسەرە و ھەر کەس و لایەنێک ئەو پرسە بباتە پێش، ئەوا وەک فریادڕەسی ئەو قۆناغە، مێژوو سەروەرییەکی گەورەی بۆ تۆمار دەکات. ئەمەو سەرباری ئەوەش، پێگەی ھەرێم لە ناوچەکە پێویستی بە پتەوکردنە. ھەندێک ڕاپۆرت لەم دواییەدا بڵاو بوونەتەوە، بەگوێرەی ناوەڕۆکەکانیان بێت، جگە لە نەیارانی کورد و ئەزموونەکەی، ھاوپەیمانان و دۆستانی ھەرێمیش بە وردی چاودێریمان دەکەن. بۆیە دەبێ ئەوە بزانین، کە ھیچ شتێک ھێندەی گەندەڵی، دۆستانمان لە پرسی پشتیوانیکردنی ئەم ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان سارد ناکاتەوە. 

(باسنیوز) لە ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، سەرکردەی حزبەکان هەموویان و دەسەڵاتدارانیش باس لە بوونی گەندەڵی دەکەن و دانیان بە دۆخەکەدا ناوە و دەنێن، ئێستا کە حکوومەت بڕیاری چاکسازیی داوە، کەچی خەریکە بە بیانووی سیاسی و تەنانەت حزبییش، هەوڵی بەرگرتن بەم بڕیارە دەدرێت، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم پارادۆکسە سیاسییە چییە؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: خەڵکی کوردستان تووشی شۆک بووە، کە ئەوانەی ساڵانێکە دروشمی چاکسازییان کردبووە ئەجێندا و پلاتفۆرمی ھەڵبژاردنەکان، کەچی ئێستا چاکسازی وەک پیلانگێڕی سەیر دەکەن. بۆیە لەو بڕوایەدام لە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەدا، خەڵکی کوردستان سزای ئەو کەسانە دەدەن، کە ئێستا لە بەرەی دژە چاکسازیدان. 

(باسنیوز) ئاخۆ هیچ لۆژیکێک ئەمە قبووڵ دەکات، ناکۆکیی سیاسی و ململانێی حزبیی بکرێتە پاساوی لەپەلوپۆخستنی پرۆسەیەکی وا چارەنووسساز؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: بە بڕوای من پرسی چاکسازی ھێندە بووەتە خواستێکی فراوانی جەماوەری، تازە ئەستەمە جێبەجێ نەکرێت. بۆیە جێبەجێنەکردنی پرۆسەکە، بە پاساوی نەڕەنجاندنی دڵی فڵان کەس و فیسار لایەن، زۆر مەترسیدارترە لە جێبەجێکردنی.

(باسنیوز) بە ڕای ئێوە کێن ئەوانەی لە چاکسازی دەترسێن؟ سەرچاوەی ترسەکەیان چییە؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: ئەوانەی لەشکرێک لە مووچەخۆری بندیواریان لە خۆیان کۆ کردووەتەوە و دەنگدەر بە زەبری بەرژەوەندیی ماددی دەکڕن، زۆر لە چاکسازی دەترسن. ئەگەر مووچەخۆرە بندیوارەکانیان نەمێنێت، ئەوا مەترسیی ھەیە دەنگدەرەکانیان لێیان بڕەوێنەوە و دووچاری شکستی سیاسی ببنەوە. بەداخەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مۆدێلێک باوە، ئەدای سیاسەت لەژێر سفریش بێت، بە دروستکردنی بەرژەوەندیی ماددی بۆ خەڵک، دەتوانی لە ھەڵبژاردنەکاندا تا ڕاددەیەکی بەرچاو براوە بیت. 

(باسنیوز) ڕەنگە هێشتا خەڵک و لایەنگەلێک هەبن پێیان وابێت، چاکسازی زیاتر دروشمێکی حزبی و بانگەشەیەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. بەڕاست بۆ حزبێک، کە بەشدارە لە حوکمڕانی، دامەزراندنی پەنجا سەت هەزار کەسێک بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان گرنگترە، یان چاکسازییەک کە ئامانجی بەرگرتن بە خوێنڕژانی گەندەڵی و هێنانەکایەی ئاستێکی باشترە لە دادپەروەری؟   

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: بە بڕوای من، سەرباری ھەر مەترسییەک، بەڵام حکوومەتی ھەرێم و بەشێکی زۆر لە لایەنەکان، بڕیاریان داوە بچنە بەرەی گەل و چاکسازی بکەن. واتە پرۆسەکە چووەتە قۆناغێک، کە تازە ئاوڕدانەوە بۆ دواوە ئەستەمە. پرسیارەکە ئەوەیە: کێ بوێریی ئەوەی هەیە لەپێناو ڕازیکردنی دڵی چەند کەس و لایەنێک، جەماوەرێکی فراوان نائومێد بکات؟ 

(باسنیوز) بەردەوامیی ناکۆکیی سیاسی و ململانێی حزبی، تا چەندە کاریگەریی لەسەر پەکخستنی هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەبێت؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دۆخی ناکۆکییە بهێندرێت؟ 

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: پێویستە ئەوە ڕوون بێت، کە چاکسازی پرۆسەیە و سەرباری ئەستەنگەکانیش، ھەر بەردەوام دەبێت. ئەوانەی ئاستەنگیش دروست دەکەن، زوو دەستیان ئاشکرا دەبێت و پێویستە وەڵامیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت. پێویستە ڕۆڵی پەرلەمان کارا بکرێت، پەرلەمان یاسای دەرچواندووە، پێویستە ڕۆڵیش بگێڕێت لە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی یاساکە. 

(باسنیوز) بوێریی دەستپێشخەرییکردنی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیانە تا چەند گرنگە؟ ئایا دەستپێشخەریی سیاسی لەپێناو خزمەتی گشتی، دەچێتە خانەی سازشکردن؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: سازشکردن لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەل، بەدەستھێنانی شکۆیە، نەک لەدەستدانی، بەڵام پێویستە ڕوون بێت، چاکسازی و دەستکەوتەکانی موڵکی خەڵکی کوردستانن. بۆیە سازشکردن لە سەریان، نائومێدکردنی خەڵک و بەلاڕێدانی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە.

(باسنیوز) دەگوترێت ساتەوەختی قەیرانەکان (بەتایبەتی قەیرانی ئابووری و دارایی) باشترین دەرفەتن بۆ بەخۆداچوونەوە. ئێستا، کە کوردستان بەو قەیرانەدا ڕەت دەبێت، چاکسازی باشترین میکانیزم و چارەسەری نییە، بۆ بەخۆداچوونەوە و دووبارە کەوتنەوە سەر پێ؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: خۆزگە دەخوازم ئێمە تەنیا حکوومەت و پەرلەمانی کاردانەوە نەبین، کە تەنیا کاتی نەھامەتی دەستپێشخەریمان ھەبێت بۆ بەخۆداچوونەوە، بەڵام ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە، قەیرانەکان یەکەم شت کە دەیکەن، دەرخستنی کەموکورتییەکانە و ڕاماڵینی پەردەیە لەسەر بێسەروبەریی سیستەمی دارایی و لەرزۆکیی ئابووریی وڵاتان. بێ گومان، وڵاتانی دوور لە نەریتی دامەزراوەیی و ئابووریی ناجێگیر، خێراتر دەکەونە بەر زەبری تێکدەرانەی قەیرانەکان. بۆیە ئەگەر زوو فریا نەکەوین، ھەستانەوەمان سەختتر و دژوارتر دەبێت. ئەگەر سەیری مێژووی ھەندێک لە وڵاتان بکەین، بۆ نموونە، سەنگافوورە و مالیزیا، ھەردووکیان لەناو ھەناوی قەیراندا لەدایک بوون. کەواتە بەڕاستی ئەو قەیرانەی ئێستا بۆ ھەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەخۆداچوونەوە و ھەستانەوە. خۆ پێویست ناکات زۆر بیرتیژ بین، تا وانە و پەند لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەرگرین. چ ماڵوێرانییەکە، ڤەنزوێلای زەبەلاح لە یەدەگی نەوت، داوا لە ئێران بکات لەوپەڕی گۆی زەوییەوە وزەی بۆ بنێرێت! سەیر کە، دەیان نموونەی ناخھەژێنی دیکەش هەن. بە سەدان لادێ و گوندی ھەرێمی کوردستان سەتڵی ماستی ئێرانی و تورکی لەناو تەنەکەی زبڵەکانیان فڕێ دراون. 

(باسنیوز) بە بۆچوونی ئێوە، لەتەک چاکسازیی بواری دارایی و مووچە، چ سێکتەر و بوارێکی دیکەی زۆر گرنگ هەیە، کە بە قازانجی بووژانەوە و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان تەواو دەبێت و پێویستە دەستی چاکسازیی بۆ ببردرێت؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: داھاتی ناوخۆ، شەفافکردنی داھاتی دەروازەکان، نەھێشتنی قۆرخکاری لە لایەن ھەندێک کۆمپانیا، پێویستیان بە گۆڕانکاری ھەیە و گرنگە ئەو پرسیارانەی لێرە و لەوێ دەورووژێندرێن، وەڵام بدرێنەوە و نەھێڵین ناحەزانی ئەو ئەزموونە، ھیچ پرسێکی (گومان لە داھات) بۆ بەرژەوەندیی دوژمنکارانەیان بقۆزنەوە. ئەگەر باسی پیشەسازی بکەین، شتێکی ئاشکرایە، کە پرسی نەوت لە کوردستاندا پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتی ھەیە. بۆ ئەوەیش بەڕە لەبن پێی نەیاران دەربێنین، دەبێت مامەڵەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەگەڵ نەوتدا بکەین. ئیدارەکردنی پڕۆفێشنالی و ھێنانەکایەی دامەزراوەکان (کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی بە نموونە) و شەفافکردنی سەرجەم پرۆسەکانی ئەو سێکتەرە، پێویستە لە پێشینەی کارەکانی ئەم کابینەیەدا بێت. پێویستە بەردەوام بین لە وەرگرتنی یارمەتیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو بەستانداردکردنی پیشەسازیی نەوت و گاز و ڕەواندەوەی نیگەرانییەکان. 

لە کۆی پێنج ملیۆن دانیشتووانی وڵاتەکە، ژمارەی ئەو کارمەندانەی لە بواری پیشەسازیی نەوت و گاز لە نەرویج کار دەکەن، نزیکەی (250.000 کەس) دەبێت. کەواتە بەدڵنیاییەوە هیچ خێزانێکی نەرویجی نییە، کە ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، سوودمەندێکی پلە یەکی لەو بوارە پڕ خێر و بێرەدا نەبێت.  

(باسنیوز) داڕشتنەوەی پەیکەری میلاکاتی دەستە و وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گرێدراوەکان بە وەزارەتەکان، ڕێکخستنەوەی خەرجیی تەشریفاتی و جوانکاریی دامودەزگاکان، چ کاریگەرییەکی لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیدا هەیە؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: خەڵکی کوردستان زۆر لەوە نیگەرانن، کە لە سەرجەم دامودەزگاکاندا و لەژێر ناوی جیاواز جیاوازی لاوەکی، کە ھیچ پەیوەست نین بە جەوھەری کارکردن، سامانێکی زۆر بەھەدەر دەدرێت. دەبێت ئەو کولتوورە بخوڵقێنین، کە پێویستە بەوپەڕی ویژدان و بەرپرسیارییەوە، مامەڵە لەگەڵ پارە و سامانی گشتیدا بکەین. 

(باسنیوز) بوونی پلانی کورت، مامناوەندی و درێژخایەن، چ ڕۆڵێکیان لە سەرخستنی کارەکانی حوکمڕانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری قەیران و تەنگژە ئاییندەییەکان (سروشتی، سیاسی، ئابووری و....)اد هەیە؟ 

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: چاکسازی پێویستی بە پلانی وردە، پلانیش پەیوەستە بە کات. دەتواندرێ ھەندێک لە چاکسازییەکان بەخێرایی ئەنجام بدرێن. بۆ نموونە، پاکسازی لە مووچەی ناشایستە لەژێر ھەر ناوونیشانێک، توندوتۆڵکردن و شەفافکردنی داھاتی ناوخۆ.. ھتد. ھەندێک ئەرکیش ھەن، پلانی درێژخایەنیان دەوێ، دروستکردنی کولتووری دەوێ، ئەمەو لەگەڵ بوونی دامەزراوە و کەسانی شیاو لە شوێنی شیاودا. 

(باسنیوز) ئەگەر ئەمڕۆ چاکسازی نەکرێت، ئەی کەی بکرێت و کێ و چۆن بیکات؟

د. هاوڕێ مەنسووڕبەگ: ئەمجارە چاکسازی نەکرێت، خەڵکی کوردستان تەواو نائومێد دەبن. دەبێت ئێستا بەردی بناغە و نەخشەڕێگای چاکسازی دابڕێژین و ھەنگاو بە ھەنگاو بچینە پێش. من بە دووریشی نازانم، ھەرچۆن لە دووبارە ڕێکخستنەوە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا، ھاوپەیمانان ڕۆڵ دەگێڕن، لە ئایندەشدا ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لەو پرۆسەیەدا بەشدار ببن، ئەوکات سەختە ھیچ لایەنێک خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی چاکسازیی بدزێتەوە.