گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بەردەوام دەبین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بەردەوام دەبین

”بۆ یەکەمجار هەرێمی کوردستان بەشداری لە گفتوگۆی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەکا“

گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجام دا و تێیدا جەختی لە بەردەوامبوونی حکوومەت لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە.

د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ”حکوومەت بڕوایەکی تەواوی بەو ڕێکارانە هەیە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا گرتوویەتیە بەر، هەمووی لە بەرژەوەندیی خەڵک بووە. داوا دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی ببن بۆ پاراستنی تەندروستی. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەمان بەو رێژە گەورەیەی ڕۆژانە لەبارەی کۆرۆنا زیاد دەبێت. ئەمە ڕێژەیەکی مەترسیدارە و دەبێت خەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆی پابەندی ڕێنماییەکان ببێ و بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە سەر خەڵک تا حکوومەت هاوکار بێت چۆن لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە بڕیاری گونجاوی دەرکرد، هەر کەسێک بیەوێت ئەم پەتایە لە رووی گرنگییەوە کەم بکاتەوە، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە چونکە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر تەندروستیی گشتیی خەڵک. حکوومەت جەخت دەکاتەوە کە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەوەیە کە ئاسایشی تەندروستیی خەڵکی بپارێزێت“.

باسیشی لەوە کرد کە لە ماوەی رابردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندی یاوەری لەگەڵ سەرجەم کەسانی پسپۆڕ لە هەموو بوارەکان بە بەردەوامی سەردانی بەغدایان کردووە. ئێستا قۆناغی ئامادەکردنی داتاکانە بەپێی پسپۆڕیی وەزارەتەکانە، کاتێک داتاکان ئامادەکران، حکوومەت چاوەڕێیە لەگەڵ بەغدا دابنیشێت بۆ پێشکەشکردنی داتاکان تاوەکوو بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی شایستەی دەستووری لە چوارچێوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت.

باسیشی لەوە کرد کە ”لە چەند ڕۆژی داهاتوو، گفتوگۆی هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ستراتیژی دەست پێ دەکات. ئێمە یەکەمینجارە لەسەر داوای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاند دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی وەفدی عێراق بەشدار دەبێت“.

گوتەبێژی حکوومەت باسی لە یاسای چاکسازی کرد و رای گەیاند: ”حکوومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بەردەوام دەبێت، هەروەک بەڵێنمان بە خەڵک داوە لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، لە دادپەروەری و شەفافیەت و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بەردەوام دەبین کە بە خەڵکمان دابوو. ئێمە زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر بڕیارمان دا کە سەرجەم مووچەی پلە تایبەتەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکرێتەوە و ئەو جیاوازییەی لە نێوان مووچەکانی پلە باڵا و تایبەتەکان هەیە، لەگەڵ ئەوانەی لە ڕیزبەندیی مووچەی هەرێمی کوردستاندان، جیاوازییان کەم بکرێتەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری. فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد و ئەرکی هەر وەزارەتێک لەم چوارچێوەیە دەستنیشان کراوە، زۆربەی زۆری وەزارەتەکان لێژنەی تایبەت بۆ هەر بڕگە و ماددەیەکی ئەم یاسایەیان دەرکردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن تا ئەم یاسایە زیاتر بچێتە بواری جێبەجێکردن“.

گوتیشی: ”هەر لە کۆبوونەوەکە پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و بۆ پەرلەمان دەنێردرێت. حکوومەتیش پڕۆژەیاسایەکی بە ناونیشانی لە ئەستۆگرتنی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان هەیە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و بۆ پەرلەمان دەنێردرێت. ئەمانە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوون، حکوومەت پابەندە بە ڕێنماییەکان و هەر ڕێکارێکیتر بزانین پێویستە و بەپێی راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکات، دوودڵی ناکەین لە وەرگرتنی هەر ڕێکارێک. بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان وادەخوازێت کە ئاسایشی تەندروستیی خەڵک بپارێزرێت. وەک حکوومەت دڵنیاین لەو بڕیارانەی وەرمانگرتووە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و ٨٠٪ی بودجەی هەرێم بەهۆی ئەم دۆخە دابەزیوە. کاری لەپێشینەمان پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان بووە، وەک زۆر لە وڵاتان لایەنی داراییمان لەبەرچاو نەگرتووە، ئێمە بەرژەوەندیی باڵای حکوومەتمان لەم چرکەیەدا بە هەند وەرگرتووە کە پاراستنی تەندروستیی خەڵکە“.

 

لەبارەی قەرزی حکوومەت لای بازرگانەکانیش گوتی: ”وەزارەتی دارایی کار لەسەر وەرگرتنەوەی قەرز لەو کەسانە دەکات کە قەرزیان وەرگرتووە“.