خامنەیی: خۆپیشاندانەکان رووی راستەقینەی ئەمریکایان دەرخست
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خامنەیی: خۆپیشاندانەکان رووی راستەقینەی ئەمریکایان دەرخست

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا رووی راستەقینەی ئەو وڵاتەیان دەرخست.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە وتارێکدا لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری باڵای یەکەمی ئێران، رایگەیاندووە، کوشتنی هاووڵاتییە رەشپیستە ئەمریکییەکە دەرخەری سروشتی رژێمی ئەمریکایە.

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی هەروەها رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گەلی خۆیان دەکوژن و داوای لێبووردنیش لەو تاوانانە ناکەن، کە دەرهەق بە گەلی خۆیان ئەنجامی دەدەن.

رێبەری باڵای ئێران پێیوایە گەلی ئەمریکا بەهۆی حکوومەتی وڵاتەکەیان هەست بە شەرمەزاری دەکات و بەکارهێنانی توندوتیژیش لەلایەن سوپا و پۆلیسی ئەمریکا دژی خۆپیشاندەران، رووی راستەقینەی ئەمریکا دەردەخات.

ئەو خۆپیشاندانانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە رۆژی 25-5-2020 بە دەستی پۆلیسێکی سپیپێست کوژرا.

جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.

دوای تیمێکی پۆلیس بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.