كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خۆپیشاندەران داوای لەسەر کار لادانی ترەمپ دەکەن

خۆپیشاندەرانی ئەمریکا درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان دەدەن و داوای لەسەر کار لادانی سەرۆکی وڵات، دەکەن.

سەرەڕای قەدەغەکردنی هاتوچۆ، کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2020 (بە کاتی هەولێر)، ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران لە بەردەم کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) لە واشنتن گردبوونەوە.

خۆپیشاندەران چەندین دروشمیان بەرزکردبووەوە، کە داواکردنی لەسەر کار لادانی دۆناڵد ترەمپ لە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەدیهێنانی دادپەروەری لە ئەمریکا، گرنگترینیان بوون.

ئەو خۆپیشاندانانە، کە ژمارەیەک شاری ئەمریکایان گرتووەتەوە، دوای کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بە ناوی جۆرج فلۆید ساز دەکرێن، کە رۆژی 25-5-2020 بە دەستی پۆلیسێکی سپیپێست کوژرا.

جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا چووبووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کردبوو.

دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.