مستەفا كازمی: تەنها مووچەی پلە باڵاكان كەم دەكرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مستەفا كازمی: تەنها مووچەی پلە باڵاكان كەم دەكرێتەوە


ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند بۆ راستكردنەوەی دۆخی تەنگژەی دارایی وڵاتەكە، تەنها مووچەی كارمەندانی پلە باڵای حكوومەت كەم دەكرێتەوە نەك مووچەی فەرمانبەرانی پلەكانی خوارەوە.


كازمی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) دووپاتی كردووەتەوە قبووڵ ناكات لەسەر حیسابی مووچەی فەرمانبەرانی خاوەن داهاتی سنووردار، تەنگژەی دارایی و دۆخی خراپی ئابووریی ئێستای وڵاتەكە راست بكرێتەوە.


دەشڵێ نابێ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی لەسەر حیسابی مافی مووچەخۆرانی خوارەوە و خانەنشینان بێت، بەڵكو بڕیاریان داوە مووچەی پلە باڵاكانی سەرۆكایەتییەكانی وڵاتەكە، پلە تایبەتەكان و پلە باڵاكان كەم بكەنەوە، هەروەها مووچەی ئەوانەش رادەگرن كە دوو مووچەیان هەیە، یان مووچەی ئەوانەی بن دیوارن.


سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاندووە كە هەروەها خەرجییەكانی حكوومەتیش كەم دەكەنەوە و سوورن لەسەر تێپەڕاندنی ئەمە تەنگژە ئابوورییەی ئێستا بە هۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و دواتریش دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، وڵاتەكەی گرتووەتەوە.