بۆچی هەدەپە لەسەر کوشتنی بارش چاکان ناڕژێتە سەرشەقام؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی هەدەپە لەسەر کوشتنی بارش چاکان ناڕژێتە سەرشەقام؟

"كوشتنی جۆرج فلۆیدی ئەمریكای هێناوەتە سەر شەقام"

هەفتەی رابردوو رەشپێستێك بە ناوی جۆرج فلۆیدی بە شێوەیەكی دڕندانە لەلایەن پۆلیسی ئەمریكاوە كوژرا، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی سەدان هەزار هاووڵاتی ئەمریكا بڕژێنە سەر شەقام و داوا بكەن بكوژی فلۆیدی سزای خۆی وەربگرێت و دەست لە نەژادپەرستی دژی رەشپێستەكان هەڵبگیرێت.

دوێنێ هەمان سیناریۆ لە ئەنقەرەی پایتەخی توركیا دووبارە بوویەوە، كاتێك گەنجێكی كورد بەناوی "بارش چاكان" بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانییەكی كوردی گرتووە، لەلایەن ٣ توركی نەژادپەرستەوە بە چەقۆ دەكوژرێت، پرسیار ئەوەیە بۆچی هەدەپە بێدەنگە و بۆچی شەقام دژی ئەو كردەوە قێزەونە ناجوولێنێت؟

هەر لە دوای دەستگیركردنی هاوسەرۆكانی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ)، رەخنەی توند لە هەدەپە گیرا كە بۆچی شەقام ناجووڵێنێت؟ بۆچی دژی ئەو زوڵمەی لە هەدەپە دەكرێت، بەوەی دەیان شارەوانییان قەیوومیان بۆ دیاری كراوە و دەیان كادیریان دەستگیر كراوە و بەردەوامیش وەكوو تیرۆریست ناویان دەهێنرێت هیچ هەڵوێستێكیان نییە؟

دەبێت ئەوە بە بیر خۆمان بهێنینەوە كە هەدەپە خاوەنی ٦ ملیۆن دەنگدەرە لە توركیا، ئەگەر لەو رێژەیە نیوە زیاتریش لە هەدەپە و سیاسەتی هەدەپە نیگەران بێت و بە قسەی ئەوان نەیەتە سەرشەقام، هەدەپە دەتوانێت بە ئاسانی یەك ملیۆن كەس بڕژێنێتە سەرشەقام و بارودۆخ بشڵەژێنێت و كاریگەری لەسەر رای گشتی هەبێت، بەڵام بۆ نایكات؟

ئەگەر سەیری كەیسەكەی دەمیرتاش بكەین كە ئێستا بە هۆیەوە زیندانی كراوە، بۆمان روون دەبێتەوە هەدەپە بە ئاسانی ملیۆنان كەسی پێ دێتە سەر شەقام.

لە سەروبەندی هێرشكردنە سەر كۆبانێ بوو لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعش، توركیا هیچ هەڵوێستێكی نەبوو و لە دوورەوە وەكوو بینەرێكی فیلمی سینەمایی تەماشای كوشتنی كوردانی كۆبانێی دەكرد، ئەوكات سەلاحەدین دەمیرتاش داوای لە لایەنگرانی هەدەپە كرد لە ئامەد بڕژێنە سەرشەقام و بە توركیا بڵێن دەرگا بكاتەوە تا گەنجەكان بچن بۆ هاوكاریی براكانیان لە كۆبانێ. لەو خۆپیشاندانە جەماوەرییەی ئامەد كە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەشداریی تێدا كرد، بەهۆی توندوتیژی لە نێوان پۆلیس و حۆپیشاندەر ٥٠ هاووڵاتی كورد كوژران.

ئەوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێكدا هەرەشەی لە دەمیرتاش كرد، كە خەڵكی هان داوە بۆ توندوتیژی و بووەتە هۆكاری ئەوەی ٥٠ كەس بكوژرێت، بۆیە دوای چەند ساڵێك داواكاری گشتی داواكەی لەسەر كوژرانی ئەو ٥ كەسە جەوڵاند و دەمیرتاش بەو هۆیەوە خرایە زیندان و ماوەی ٣ ساڵ و نیوە لە زینداندایە.

ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە كە هەدەپە نایەوێت هەمان سیناریۆی دەمیرتاش بۆ هاوسەرۆكانی ئێستا دووبارە ببێتەوە، چونكە ئاشكرایە خۆپیشاندان بكرێت توندوتیژی لێ دەكەوێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەدەپە تۆمەتبار بكرێت بە تێكدانی ئاساییشی كۆمەڵایەتی.

كوشتنی بارش چاكان بەو شێوە دڕندانەیە، رەخنەیەكی جیدییە لە هەدەپە دەگیرێت، كە بۆچی تەنیا لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی كردەوەكەی كردووە؟ دەبوایە بە شێوەیەكی‌تر فشار بخاتە سەر دەسەڵات تا بكوژانی بارش سزا بدرێن و ئەو دژایەتییەی كوردیش واز لێ بێنن.

بەڵام وەكوو ئەوەی چەند نووسەرێكی توركیا باسان كردووە ئێستا بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا، هەدەپە ناتوانێت شەقام بجوولێنێت، چونكە بەو هۆیەوە ژمارەی تووشبوو زیاد بكات، ئیدی ئەمە كاریگەرییەكی خراپی لەسەر هەدەپە دەبێت.

بەڵام لە رێگەی سۆسیال میدیاوە، كوردانی باكوور و پارچەكانی تری كوردستان، كوشتنی بارشیان ئیدانە كردووە و، لە چەند رۆژی دابێت ئیدی وێنەی بارش لە میدیا جیهانییەكان بڵاو دەبێتەوە، چونە تاوەكوو ئێستا میدیاكانی جیهان لەسەر كوشتنی بارش هیچ شتێكیان بڵاو نەكردووەتەوە.

كوشتنی بارش تراژیدیایەكی گەورە بوو، بەڵام پیشتر دەیان بارشی تر لەسەر قسەكردن بە كوردی و گوێگرتن لە گۆرانیی كوردی كوژراوە و باس نەكراوە. دەكرێت زیندووترین نموونە بهێنینەوە كە بەس دەبێت بۆ ئەوەی لە زیهنی توركە نەژادپەرستەكان تێبگەین بەرامبەر بە كورد و زمانەكەی، ئەویش شاربەدەركردنی ئەحمەد كایایە، كە تەنیا گوتی كلیپێك بە زمانی كوردی بڵاودەكەمەوە، بە شەیتانی كرا و وەكو تیرۆرستێك داوای لەسەر تۆمار كرا و بە ناچاری توركیای بەجێ هێشت و هەر لە تاراوگەش سەری نایەوە.