كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزیری ناوخۆ: داوا لە خەڵک دەکەین ڕێگە نەدەن کەسانی هەلپەرست سواری شەپۆلی داواکارییەکانیان ببن

”ئێمە پشتیوانی داواکاریی خەڵکی دەکەین و ئاسانکاریشیان بۆ دەکەین“

 

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، ڕێگە بە کەسانی هەلپەرست نەدەن کە سواری شەپۆلی داواکارییەکانیان ببن و پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکانی خەڵکیش دووپات کردەوە.

کەمێک لەمەوبەر ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند: ” قەدەغەی هاتوچۆ و هەر ڕێکارێک کە دەگرینە بەر، بۆ ئەوەمانە قەرەباڵغی دروست نەبێت، بۆ ئەوەمان نییە خەڵکی لە ژوورێ بکەین و خواردن و کەسابەتیان بخۆین. ئەوەی لە رابردوو لەسەر شانمان بوو وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان ئەرکی خۆمان بەجێ گەیاند، ئامادەین بەردەوام بین لە هۆشیارکردنەوە و زانیاریی پێویست تا خۆی بپارێزێت، بەداخەوە لە رابردوو خەڵک وەک پێویست لەسەر شەقام هاوکار نەبووە بۆ خۆپاراستن، هاوکاری ئێمە بووە بەڵام هاوکار نەبووە لە خۆپاراستنی، بە خۆپارێزی دەستکەوتی زۆر باشمان بڕیوە“.

روونیشی کردەوە: ”وەزیری تەندروستی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان باسی کرد، چەند مانگ لەمەوبەر رۆژانە لە عێراق ٢٠ و ٣٠ و ٤٠ کەس تووش دەبوون، هەرێمیش یەک و دوو و سێ بوون، کەچی ئێستا رۆژانە لە عێراق ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کەس تووش دەبن، لە هەرێمیش ٣٠ تا ٤٠ کەس تووش دەبن، ئەگەر بەری پێ نەگرین، ئەمە مەترسییەکە گەورەیە. ئێمە وەکوو حکوومەت تەئکید لە پابەندبوون بە ڕێکارەکان دەکەینەوە. داوا لە پارێزگارەکان دەکەین چۆن داوای دەسەڵاتی زیاتریان کردووە، ئەواش ڕێکار بەرامبەر ئەوانە بگرنە بەر کە سەرپێچی دەکەن“.

وەزیری ناوخۆ رای گەیاند کە قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە نێوان شار و شارۆچکەکان بەردەوام دەبێت، کەرەنتینە لەناو شارەکان، ئەوانەی بەرکەوتەی نەخۆشەکانن، وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕێکارەکانی بەردەوام دەبێت. قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال بەردەوام دەبێت. لە کۆبوونەوە پێشنیازێکی گونجاو هەبوو کە بابەتی ماوەی نێوان دوو کەس لەسەر شەقامەکان و مۆڵ و شوێنە گشتییەکان پەیڕەو بکرێت، دەسەڵات بە پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی درا کە سوود لە خەڵکی خۆبەخش وەربگرن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی.

وەزیری ناوخۆ چەند داواکارییەکی لە خەڵک کرد و رای گەیاند: ”رێگە بە خەڵکی هەلپەرست مەدەن سواری شەپۆلی داواکارییە ڕەواکانی ئێوە بن، ئێمە پشتیوانی داواکاریی خەڵکی دەکەین و ئاسانکاریشیان بۆ دەکەین، ئەوانەی سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک دەبن، باجەکەی دەدەن، ئەوەی لە سلێمانی و پێنجوێن ڕووی دا، زۆر مەترسیدار بوو، بۆیە ئەم بڕیارەمان دا، تا ماوەیەک بدەینە ئیدارە و خەڵکیش ئاگادار بکەینەوە کە ئەگەر پابەند نەبن، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە“.

باسیشی لە هەوڵەکانی هەندێک گرووپ کرد لە دژی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و گوتی: ”هەر تاکێک بدوێنیت لافی چاکسازی لێدەدات، بەڵام کە دێتە سەر جددی، دژیەتی. جەنابی سەرۆکی حکوومەت ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە بۆ چاکسازی، یەکێک لە بڕگەکانی چاکسازی ئەو قەرزەیە کە کەسانێک بەناوی پرۆژە و بەناوی بزنسمان لە حکوومەت وەرگیراوە، دەبێت پارەکە بدەنەوە. ئەوانە کەناڵی راگەیاندن بۆ خۆدزینەوە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەکار دێنن، هانی خەڵک دەدەن تاوەکوو قەرز و کەموکوڕییەکانی خۆیانی پێ بشارنەوە، حکوومەت لەوە ئاگادارترە کە بکەوێتە ژێر کاری ئەم کەسانە، یان دەبێت پابەندیی خۆیان بەرامبەر بە یاسا جێبەجێ بکەن یان سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. داواشمان لە داواکاری گشتی کردووە لەسەر ئەو جموجۆڵانەی دەکرێت ڕێکاری پێویست بگرنە بەر. وەزارەتی داراییش سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی ئەم پارانە بۆ حکوومەت“.