ئەندامێکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکە: ناکرێ خەڵکی سلێمانی بکرێنە قوربانیی هیچ کەس و گرووپێک
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەندامێکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکە: ناکرێ خەڵکی سلێمانی بکرێنە قوربانیی هیچ کەس و گرووپێک

”پێویستە داواکاری گشتی لە بەرامبەر ئەو کارانەی شاسوار عەبدولواحید و گرووپەکەی بێتە دەنگ“

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوا دەکات، داواكاری گشتی له‌دژی شاسوار عەبدولواحید، بازرگانی قەرزاری حکوومەت بێته ‌دەنگ، بەهۆی ئەوەی گرووپەکەی بۆ هاندانی خەڵک لە دژی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا بەکار دەهێنێت.

زیاد كاكه‌ ڕه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "كۆرۆنا پەتایەکی جیهانییه‌ و دونیا گیرۆده‌ی بووه و‌ ناكرێت له‌ كوردستان گاڵته‌ به‌م ڤایرۆسه‌ بكرێت و پێیان وابێت هیچ له‌ كوردستان ناكات“.

ڕوونیشی کردەوە: ”پێش هه‌موو شتێك، ده‌بێت تاكی كورد ئاگاداری خۆی بێت و خه‌ڵك په‌یدا بووه‌ ده‌یه‌وێت ئاسته‌نگ بۆ حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان دروست بکات کە بووه‌ته‌ جێی ئومێدی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد: "هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌ڕێگای به‌ سیاسیكردنی كۆرۆنا و خۆپیشاندانه‌وە رێگری له‌ جێبەجێکردنی یاسای چاكسازی بكرێت، چاكسازیش یه‌كێك بووه‌ له ‌به‌رنامه‌ی كار و هه‌موو لایه‌ك واژۆیان لەسەر كردووە، ئێستاش به‌ بیانووی جۆراوجۆر، هه‌وڵ ده‌درێت جێبه‌جێ نه‌كرێت".

زیاد کاکە ڕەزا گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی بانگه‌شه‌ی درۆكردنی كۆرۆنا ده‌كات، خۆی قه‌رزاره‌ و ده‌یه‌وێت پاره‌كه‌ نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ حكوومه‌ت و ناكرێت ئه‌م شاره‌ به‌هۆی فشاری سیاسییه‌وه‌ تووشی كاره‌سات بكرێت، ده‌بێت خه‌ڵك پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن، چونکە هەر هاووڵاتی خۆی ده‌كه‌وێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و خۆی باجه‌كه‌ی ده‌دات".

زیاد کاکە ڕەزا جەختی کردەوە: ”له‌سه‌ر بانگه‌شه‌‌كانی شاسوار عەبدولواحید و داروده‌سته‌كه‌ی، داواكاری گشتی دەبێ بێتە دەنگ، ڕێوشوێن به‌رانبه‌ر هه‌ر كه‌سێك بگرێتە بەر كه‌ گاڵته‌ به‌م نه‌خۆشییه‌ بكات و ده‌بێت ئه‌مه‌ بوه‌ستێندرێت، ناكرێت سلێمانی بكرێته‌ قوربانیی كه‌س و لایه‌نێك، داوا دەکەم داواكاری گشتی بهێندرێتە‌ سه‌رخه‌ت و دادگاییان بكات، به‌داخه‌وه‌ ئاوا بڕوات ره‌نگه‌ خه‌ڵكی ئه‌م سنووره‌ زەرەری گیانی بکەن و نه‌خۆشخانه‌كان شوێنیان نه‌بێته‌وه"‌.