كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پارێزەرێک: دەبێ داواکاری گشتی سکاڵا لە دژی شاسوار عەبدولواحید بجووڵێنێت

”بۆ بەرژەوەندیی خۆی تەندروستیی گشتیی خەڵکی سلێمانی دەخاتە مەترسییەوە“

پارێزەرێک رای گەیاند، سەرۆکی گرووپی نەوەی نوێ کە بازرگانێکی قەرزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی و گرووپەکەی، تەندروستیی گشتیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە و لەمبارەیەشەوە دەبێت داواکاری گشتی ڕێوشوێنی لە دژ بگرێتە بەر.

لە کاتێکدا لە پارێزگای سلێمانی، لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە سەد تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشان کراون، شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی گرووپی نەوەی نوێ کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ٧٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەت قەرزارە و ئێستا بە یاسا دەبێت قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، داوا لە خەڵک دەکات، پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن نەبن و خۆپیشاندان بکەن.

لە بەرامبەردا هێرش مەلا جەوهەر، پارێزەری ڕاوێژکار، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو دۆخەی هەندێک کەس و گرووپی سیاسی خەریکە لە هەرێمی کوردستاندا دروستی دەکەن، لە دونیادا نییە.

ڕوونیشی کردەوە کە شاسوار عەبدولواحید ”‌له‌ هه‌ڵبژاردندا دۆڕاوه‌ و تەنیا چەند کورسییەکی هێناوە، ده‌بێ له‌ هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانى و ئاشتكردنه‌وه‌ی شه‌قام و خه‌ڵك دابیت، نه‌ك له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی چاكسازی دروست بکات یان خەڵکی دژی حکوومەت هان بدات و هەوڵی شکاندنی ڕێکارە تەندروستییەکان بدات“.

ئەو پارێزەرە بە پێویستی دەزانێت، ”داواکاری گشتی لەسەر بڵاوکردنەوەی ناڕاستی و بە سیاسیکردنی پرسی کۆرۆنا، شاسوار عەبدولواحید بداتە دادگا و سکاڵای لە دژ بجووڵێنێت، چونکە ئه‌و دۆخه‌ی نالەبارەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا کە خەریکە لە سنووری سلێمانی دروست دەکرێت، بۆ تەندروستیی گشتی مەترسیدارە و ناكرێ هه‌روا به‌ ئاسانی به‌سه‌ر شاسوار عەبدولواحید و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌و كاریان لەسەر پەتاکە کردووە، تێبپه‌ڕێت“.

دووپاتیشی کردەوە کە لە کاتێکدا هەموو دونیا هانی دوورکەوتنەوەی کەسەکان لە یەکتر دەدات تاوەکوو پەتای کۆرۆنا زیاتر تەشەنە نەکات، هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان مەترسییەکی گەورەیە و یاسا ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی داناوە.

ئەو پارێزەرە پێیوایە کە شاسوار عەبدولواحید بە پارەی قەرزی حکوومەت و ئەو پشکانەی بە خەڵکی فرۆشتووە، پڕۆژەی جۆراوجۆری دروست کردووە و میدیا و حزبی دامەزراندووە، بۆیە هەر کاتێک حکوومەت داوای قەرزەکانی بکاتەوە، ئەو داوای خۆپیشاندان دەکات. گوتیشی: ”ئەگەر ئەو دەیەوێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، دەبێت ئەو پارەیە بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە کە دەستی بەسەردا گرتووە، هەم قەرزەکەی حکوومەت کە دواجار پارەی خەڵکی کوردستانە، هەم پشکی ئەو هەزاران خاوەن پشکەی چاڤیلاند کە ساڵەهایە دەستی بەسەردا گرتووە“.