كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

رووسیا دەرمانێک رادەگەیەنێت کە بە چوار رۆژ چارەسەری نەخۆشیی کۆڕۆنا دەکات



هەفتەی داهاتوو، رووسیا دەست دەکا بە چارەسەری تووشبووان بە ڤایرۆسی نوێی (کۆڤید- 19)، بە دەرمانێکی باوەڕپێکراو، لەم هەنگاوەدا دەیەوێ فشار لەسەر دەزگاکانی چاودێریی تەندروستی کەم بکاتەوە و بەزوویی بگەڕێتەوە بۆ چالاکییە ئابوورییە ئاساییەکانی خۆی.

کیریل دیمیتریف، سەرۆکی سندووقی سامانی نیشتمانیی رووسی، بۆ (رۆیتەرز) گوتی: “نەخۆشخانەکانی رووسیا لە 11ی حوزەیران دەتوانن دەرمانی دژە ڤایرۆس بەناوی (ئفیافیر) بە نەخۆشەکان بدەن”.

راشیگەیاند، ئەو کۆمپانیایەی دەرمانەکە دروست دەکات، مانگانە بڕی پێویست بۆ نزیکەی 60 هەزار نەخۆش بەرهەم دێنێ. تا ئێستاش هیچ پێکوتەیەک بۆ (کۆڤید - 19) نەدۆزراوەتەوە و ئەو تاقیکردنەوانەی کراویشن، تا ئێستا کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان دەرنەکەوتووە.

دەرمانێکی نوێ، کە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای (جلیاد)ە و ناوی (ریمدیسیفیر)ە، لەکاتی هەندێ تاقیکردنەوەی بچووک لەسەر تووشبووان هەندێک دەرەنجامی ئەرێنی لێ بەدەر کەوتوون، لە هەندێک وڵاتیشدا وەک حاڵەتی مرۆیی و ناچاری بەکار دەهێنرێ.

کۆمپانیایەکی یابانییش لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەرمانی (ئفیافیر)ی پێشخستووە، دواتر کۆمپانیای (فۆجی فیلم) کە چالاکییەکانی خۆی بەرفراوان کرد تا چاودێریی تەندروستییش بگرێتەوە، ئەم دەرمانەی کڕییەوە.

دیمترییف دەڵێ: “زانایانی رووسی هەندێک گۆڕانکارییان لە دەرمانەکەدا کردووە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکەی زیاتر بێ، مۆسکۆش ئامادەیە تەواوی وردەکارییەکان لە ماوەی دوو هەفتەدا بدات بە لایەنەکانی دیکە”.

لای خۆشیەوە یابان، لەژێر ناوی (ئەفیجان) تاقیکردنەوە لەسەر هەمان دەرماندا دەکا، شینزۆ ئابی، سەرۆک وەزیرانی یابان پەسنی کردووە و حکوومەتیش بڕی 128 ملیۆن دۆلاری هاریکاریی کردووە، بەڵام تا ئێستا بەکار نەهێنراوە.

رۆژی شەمەی رابردوو، ناوی دەرمانی (ئفیافیر) لە لیستی دەرمانە باوەڕپێکراوەکانی حکوومەتی رووسیادا هات و دیمترییف گوتی “330 کەس بەشداریی لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە، دەرکەوتووە کە دەتوانێ لە ماوەی 4 رۆژدا چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا بکات”.

گوتیشی، بڕیار وابە تاقیکردنەوەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا تەواو بکرێن، بەڵام وەزارەتی تەندروستی بەپێی رێکاری تایبەت و بەپەلە متمانەی بە دەرمانەکە کردووە، لەکاتێکدا لە مانگی ئازارەوە دەست بە دروستکردنی کراوە.

هەمیشە تاقیکردنەوەکان بۆ دەرخستنی کاریگەریی دەرمانەکە چەند مانگێکیان دەوێ، ژمارەیەکی زۆریش بە شێوەی هەڕەمەکی تیایدا بەشدار دەبن.

سەرکەوتنی یەکەم تاقیکردنەوە سنووردارەکانیش مانای مسۆگەربوونی سەرکەوتنی دەرمانەکە نادات لە تاقیکردنەوە بەربڵاوەکانی دواتردا.
بۆ نموونە، توێژینەوەیەک لەم مانگەدا بڵاو بووەتەوە، سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان دەرمانی (هیدرۆکسی کلۆرۆکین)ی دژە مەلاریا (کە رۆناڵد ترامپ بەکاری دێنێ)، لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی مردن لە تووشبووانی (کۆڤید- 19) لە نەخۆشخانەکاندا.

دیمترییف دەڵێ: “رووسیا توانیویەتی ماوەی دیاریکراو بۆ تاقیکردنەوەکان کورت بکاتەوە، چونکە دەرمانە یابانییەکە، کە (ئفیافیر)ی لەسەر پێش خراوە، لە ساڵی 2014 دروست کراوە
و بە چەندین قۆناغی تاقیکاریی گرنگدا تێپەڕیوە، بەر لەوەی زانا رووسەکان گۆڕانکاریی تێدا بکەن”.

هەروەها دەڵێ: “ئێمە باوەڕمان وایە، کە بنەمای یارییەکە دەگۆڕێ، بەجۆرێک، کە فشار لەسەر سیستەمی چاودێریی تەندروستی کەم دەبێتەوە و لە حاڵەتە نەخوازراوەکانیش کەم دەبێتەوە، ئێمە باوەڕمان وایە ئەم دەرمانە بۆ دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکانی رووسیا گرنگە”.

رووسیا ئاماری تووشبووانی خۆی راگەیاندووە، کە 414878 تووشبووی هەیە و بەمەش دوای هەر یەک لە بەڕازیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ریزبەندی سێیەم وڵاتی لە لیستی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا گرتووە، بەڵام رێژەی مردن تیایدا نزمە، کە دەگاتە 4855 مردوو، ئەگەرچی ئەم ژمارەیە جێی مقۆمقۆیە.

دیمترییف دەڵێ، 50%ی کۆمپانیای (کیمرار) کە دەرمانەکە دروست دەکات، هی سندووقی سامانی نیشتمانییە، هەروەها پاڵپشتیی تاقیکردنەوەکانی دیکەش لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک دەکا بە بڕی 300 ملیۆن رۆبل، کە دەکاتە نزیکەی (4.3 مليۆن دۆلار).