ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەکات، ئیدارەی خۆجێیی شارەکە پابەندی ڕێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندرووستی بن و هاووڵاتییەکی سنوورەکەش ئاشکرای دەکات کە ڕێنماییەکان وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.
پاش ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئاشکرا کرا کە یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، لادانی ئەو تیمە پزیشکییە بووە کە لە دەروازەی باشماخ پشکنینی بۆ هەموو جموجۆڵێکی بازرگانی لە سنوورەکە دەکرد. بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی گۆڕان بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی بکرێت.
لە بەرامبەردا به‌رزان حامید، ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی له سه‌ره‌تای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوه، هەر له یه‌كه‌مین حاڵه‌ته‌وه له ١ی ئاداری ٢٠٢٠ كه تۆمار كرا، پێش ئه‌و به‌رواره‌ش، رێكاریان گرته‌به‌ر و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ته‌ندروستی پارەیان بۆ تەرخان کرا، ئەوانیش كارێكیان كرد بووه جێگەی ده‌ستخۆشیی رێكخراوه‌كانی ته‌ندروستی لە جیهان و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو و جێگای ده‌ست خۆشییه".
جەختیشی کردەوە کە بڕیاری هەردوو وەزارەتەکە ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی له‌سەر سلێمانی هه‌بووه و پێشوازیی باشی لێكراوە، چونكه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بوون. گوتیشی: ”ئێستاش داواكارین ئیداره‌ی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە و گه‌رمیان له‌سه‌ر هێڵ بن و رێنماییه‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت جێبەجێ بكه‌ن وه‌ك چۆن له قۆناغی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتووبوین، لەم قۆناغەشدا سه‌ركه‌وتوو بین".
دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت ئیداره‌ی سلێمانی رێكاره‌كان به باشی جێبه‌جێ بكات و خاڵ به‌خاڵ پێیانەوە پابەند بێت، ”ئەگینا پارێزگاکە و خەڵکەکەی زەرەر دەکەن“.
هەر لەمبارەیەوە رزگار عەوڵا هەرتەلی کە هاووڵاتییەکی دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە، نووسینێکی لە (گرووپی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا) لە پێگەی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاشکرای کردووە کە پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگاکە وەک پێویست ڕینماییەکانیان لەم دواییانەدا جێبەجێ نەکردووە. هەروەک نووسیویەتی: ”من وەک هاووڵاتییەکی ئەم پارێزگایە ڕووی ڕەخنەم سەرەتا ئاڕاستەی ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای سلێمانییە، چونکە ئەوان بەرپرسی یەکەمن لەم شارەدا، خۆ وەزیری تەندروستی و ناوخۆ نایەن لێرە ڕێکار و پلانەکان جێبەجێ بکەن؟ ئەی ئیشی پارێزگار و ئەوانیتر چییە؟“.