ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەمریكادا چەندین ڤیدیۆ و وێنەی ئەو ئایفۆنانە بڵاو كرایەوە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئەم وڵاتەوە لە كۆگاكانی ئەپڵ دزرابوون، دەركەوتووە كۆمپانیای ئەپڵ هەموویانی لەكار خستووە و پەیامێكی بۆ بەجێ هێشتوون.
بە پێی تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز)، دوابەدوای كوژرانی جۆرج فلۆید هاووڵاتیی ئەمریكی لەلایەن پۆلیسەوە، چەندین خۆپیشاندان و تاڵانكاریی گەورە وڵاتەكەی گرتەوە، لە ناویشیاندا چەند كۆگایەكی ئەپڵ تاڵان كران و خۆپیشاندەران ئامێرەكانی ئایفۆنیان دزی.
بەڵام ئەوەی خۆپیشاندەرەكان چاوەڕوانیان نەدەكرد، هەنگاوێكی كۆمپانیای ئەپڵ بوو بە لەكارخستنی سەرجەم مۆبایلە دزراوەكان، لە بری ئەوەش لەسەر شاشەكانی ئایفۆنەكاندا پەیامێكی بەجێهێشتووە و لەسەر نووسراوە "تكایە بمگەڕێنەوە كۆگاكەی خۆم، چونكە لەكار خراوم و شوێنەكەشم زاندراوە، هێزەكانی پۆلیست لێ ئاگادار دەكەمەوە".
ئەمەش لە كاتێكدایە ئەپڵ زۆربەی كۆگاكانی خۆی لە ئەمریكا بە شێوەیەكی كاتی تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو داخست.