كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵانە

ئەمڕۆ ١ی حوزەیران، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە وەک ڕۆژی جیهانیی منداڵان ناودێر کراوە و بەم بۆنەوە ساڵانە یاد و بۆنەی جۆراوجۆری تایبەت بە منداڵان ساز دەکرێت.

هەرچەند لە ئاستی جیهاندا چەند ڕۆژی جیاواز بۆ یادی منداڵان دیاری کراوە، بەڵام ١ی حوزەیران لە زۆرێک لە وڵاتان یادی دەکرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش چەندین ڕێکخراو و دامەزراوەی تایبەت بە منداڵان هەیە کە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵاندا کار دەکەن.

ڕۆژی منداڵان ڕۆژێکی جیھانییە و تایبەتە بە توێژی منداڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بە شێوەی جیاواز و ڕۆژی جیاواز یادی دەکرێتەو، لە ساڵی ١٩٢٥ لە کۆنفراسێکی جیھانیی بۆ پاراستنی مافی منداڵان ڕۆژی ١ی حوزەیران کراوەتە ڕۆژی منداڵان، بە فەرمیش لە ١٩٥٠ەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ڕۆژی ١ی حوزەیران کراوە بە ڕۆژی جیھانیی منداڵان جگە لە چەند وڵاتێک کە لە مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار یادەکە بەرز ڕادەگرن.

جگەلە لەم ڕۆژە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٥٤ ڕۆژی ٣٠ی نیسان وەک ڕۆژێکی تایبەت دیاری کردوووە لەپێناو ھاندانی وڵاتان بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر دەربارەی منداڵان‌ و خۆشگوزەرانییان بەر لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆنفرانسی ٢٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٩ فدراسیۆنی دیموکراتی نێودەوڵەتی ژنانی یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جەژنی منداڵانی دیاری کردبوو.

بەپێی زانیاری و ئامارەکان، ٢١٨ ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری دنیا کار دەکەن، کە تەمەنیان لە نێوان ٥-١٧ ساڵدایە. ١٥٢ ملیۆنیان قوربانیی کاری منداڵانن. ٧٣ ملیۆنیان، واتە نیوەی زیاتری لە شوێنێ ترسناک کار دەکەن.

نیوەی کاری منداڵان( ٧٢.١ملیۆن) لە ئەفریقا دایە؛ ٦٢.١ لە ئاسیا و ئۆقیانوسی ئارام؛  ١٠.٧ ملیۆن لە هەردوو ئەمریکای باکوور و باشوور دان؛ ١.٢ ملیۆن لە وڵاتە عەرەبیەکاندان، ٥.٥ ملیۆن لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاستدان.

لەهەر ٥ منداڵ ١ مندال لە ئەفریقا کار دەکات (١٩.٦%)، لە کاتێکدا ڕێژەکە لە ناوچەکانیتر لە بەینی ٣%و٧%  و ٢.٩% لە وڵاتانی عەرەبی (١مندال لە هەر ٣٥ منداڵ)؛ ٤.١% لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست(١منداڵ لە ٢٥منداڵ)؛٥.٣% لە هەر دوو ئەمریکا(١ لە ١٩ منداڵ)؛ ٧.٤% لە ئاسای و ئۆقیانووسی ئارام( ١ لە ١٤ منداڵ)

نزیکەی نیوەی منداڵەکان کە ژمارەیان دەگاتە ١٥٢ ملیۆن منداڵ، کاری منداڵان تەمەنیان لە مابەینی ٥-١١ سالدان. ٤٢ ملیۆن (٢٨%) تەمەنیان لە نێوان ١٢-١٤ ساڵاندایە؛ ٣٧ ملیۆن(٢٤%) تەمەنیان لە بەینی ١٥-١٧ ساڵاندایە.

ترسناکترین کاری منداڵان لە تەمەنی ١٥٠١٧ ساڵاندایە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی چارەکی کاری ترسناکی  منداڵان (١٩ملیۆن منداڵە) تەمەنیان لەژێر ١٢ ساڵی دایە.

لە نێوان ١٥٢ ملیۆن منداڵ کە کار دەکەن، ٨٨ ملیۆنیان کوڕن و ٦٤ ملیۆنیان کچن.

٥٨%ی منداڵان کە کاری منداڵان دەکەن و ٦٢%ی سەرجەم منداڵان لە کاری ترسناک لە کوڕان پێک دێن. وا دەردەکەوێت کە کوڕان زیاتر ڕووبەڕووی کاری ترسناک دەبنەوە.