باسنیوز وردەکاریی ڕووداوی کوشتنی ڕابەر"لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە" بڵاودەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

باسنیوز وردەکاریی ڕووداوی کوشتنی ڕابەر"لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە" بڵاودەکاتەوە

" دوو جار بەردی بە سەریدا کێشاوە و پاشان هەڵیداوەتە نێو ڕووبار"

رابەر محەمەد ئەمین تەمەن ٢٧ ساڵ، دانیشتووی شاری قەڵادزێ، ماوەی سێ مانگ بوو دەستگیرانداری کچێکی تەمەن 18ساڵان بوو لە هەمان شار، هەرچەندە هۆڵی گواستنەوەی هاوسەرگیرییەکەیشیان ئامادە کردبوو، بەڵام دوای دیارنەمانی بۆ ماوەی شەش رۆژ تەرمی رابەر دۆزرایەوە و پاش دەستگیرکردنیشی، دەستگیرانەکەی دانی نا بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی، خێزانی رابەر چیرۆکی کوژرانی کورەکەیان بۆ (باسنیوز) دەگێرنەوە.

محەمەد ئەمین ئیبراهیم باوکی رابەر کە ناسراوە بە (حەمە ئەمینی کەبابچی) رووداوی کوژرانی کوڕەکەی بۆ (باسنیوز) دەگێرێتەوە و دەڵێت: "پێشتر لە نێوان رابەر و دەستگیرانەکەی هیچ شتێک یاخود زوویر بوونێک رووینەداوە و هەموو شتێک زۆر باش تێدەپەڕی و بە رەزامەندی هەردوو لاو بە رەزامەندی خێزانەکانی هەردوولا ئەو هاوسەرگیرییە ئەنجام دراوە و لە کاتی مارە بڕینەکەشدا هەموو شتێک بە خواستی دەستگیرانەکەی بوو، تەنانەت داوای کرد کاتی مارە بڕینەکەی بۆ پێش بخەین سێ رۆژ زووتر لەو کاتەی دیاریکرابوو بۆ مارە بڕین پرۆسەکە بەرێوەچوو، هەروەها سەرجەم ئەو داواکاریانەی داوای کردبوو بەجێمان گەیاندووە هەر لە ماڵ دانان و کرینی کەلوپەلی ناو ماڵ".

دەشڵێ"تەنانەت لەسەر ویستی کچەکە ماڵی لە نزیک ماڵی خۆمان بۆ دانراوە و خانوومان بۆ بەکرێ گرتن واڕریار بوو زۆر زووتر ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کەرەنتینەوە ئاهەنگەکە دواخرا دواتر بەهۆی رەمەزان و بەهۆی پێداویستییەکانی ناو ماڵەوە دواخرا کە هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوو رۆژی هاوسەرگیرییان دەستنیشان کرد بۆ ٦/٦ ی ئەم مانگە ئێستەس ئەو رووداوە روویدا".

لەبارەی دیارنەمانی کوڕەکەیەوە حەمە ئەمینی کەبابچی گوتی: " رۆژی سێشەممە ١٩/٤/٢٠٢٠، رابەر و (ر.م) کە دەکاتە دەستگیرانەکەی سەردانی دادگای بەرایی پشدەرییان کرد بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەی گرێبەستی هاوسەرگیری و کاتژمێر ١٢:٣٠ نیوەڕۆ رابەر ونبوو، ئەو خاتوونە کە دەکاتە دەستگیرانی ڕابەر هیچ هەڵسوکەوت و رەفتار و گوفتاری لەوە نەدەچوو پەشیمانییەکی پێوە دیار بێت لەو هاوسەرگیرییە یاخود بە نیازی کارێکی وا خراپ بێت ئەگەر ئێمە گوومانێکمان لە پەشیمانی ئەو کردبا رێگەمان نەدەدا بەیەکەوە بمێننەوە، ئێمە هەموو خۆشەویستییەکی خۆمان پێی بەخشیبوو ئێستەش ئەو رۆژە لە کامێرەکانی چاودیریدا ماوەتەوە کە سویچی سەیارەکەم داوەتە دەست رابەر بۆ ئەوەی بچێت بە دوای دەستگیرانەکەیدا و بچن بۆ دادگا، هەر هەمان ئەو رۆژەی کە رابەر لە ماڵ رۆیشتە دەرەوە نەگەڕایەوە و ئێستەش بە بەڵگەوە ناوی رابەر و دەستگیرانەکەی لە دادگای بەرای پشدەر تۆمار کراوە کە لەو رۆژەدا سەردانی دادگایان کردووە و لە دوای کاتژمێر ١٢:٠٠ ی نیوەرۆ بە پیی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ئەو ڕووداوە روویداوە، بەڵام ئێمە کاتژمێر ٣:٠٠ ی هەمان رۆژ زانیمان کە رابەر ون بووە و تەلەفۆنەکەشی داخراوە".

 


بەپێی گوتەی باوکی ڕابەڕ لە پاش ئەوەی زانیویانە رابەر ونبووە دواتر پەیوەندییان بە دەستگیرانەکەی رابەرەوە کردووە و ئەو لە ماڵەوە بووە و پرسیاریان لێ کردووە رابەر لە کوێیە ئەو لە وڵامدا گوتویەتی "ئێمە لەگەڵ رابەر دوای دەرچوون لە دادگا چووین بۆ نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ دواتر لەوێوە رابەر منی بە تاکسی ناردەوە بۆ ماڵەوە و بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی رابەر تێکچوو و بەمنی گوت چاکی دەکەمەوە تۆ برۆوە ماڵەوە دوای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێمەوە ماڵەوە".

بەپێی گوتەی ناوبراو لە بنکەی پۆلیسی قەلادزێش ئەو کچە هەمان لێدوانی داوە بەڵام باوکی ڕابەر دەڵێ" ئەو قسانە دوور بوون لە راستییەوە دوای بە دواداجوون و وردەکاری دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی رابەر هیچ کێشەیەکی نەبووە و تازە کریبوومان بوو و رابەریش سەردانی ناوچەی پیشەسازی نەکردووە بەڵکو رابەر رفێندراوە و ئێمەش گومانمان بۆ دروست بوو کە بابەتێکی تر لە پشت ئەو رووداوە هەیە و هەر لەو رۆژەدا ئێمە گەراین لە دەوروبەری ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لێ وەستێنرابوو واتە نزیک نەخۆشخانەی قەلادزێ و دواتر هەر هەمان رۆژ داوای یاساییمان تۆمار کرد بە گومانی ئەوەی کە رفێندرابێت".

 


گوتیشی: "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستگیرانەکەی رابەر لێدوانی خۆی گۆڕی بەوەی کە چەند کەسێک هەرەشەیان لە رابەر کردووە و داوای کردووە بیبەم بۆ گوندی شۆران کە لەوێ ئەو کەسانە ببینێت و بە منیشی گوتووە بگەرێوە بۆ ماڵەوە و ئۆتۆمبێلەکەش ببە بۆ لای نەخۆشخانە و خۆم دواتر دەیبەمەوە، بەڵام دەرکەوت ئەو لێدوانەش راست نەبوو و دواین راستی کە دەرکەوت ئەوەبوو دوای تەواو بوونی کاری دادگا بە مەبەستی بەسەربردنی کات رۆشتوون بۆ گوندی شۆران لە سنووری پشدەر رابەری بردووە بۆ شوێنێکی چۆڵ کە چاوی کەسی لیوە دیار نەبێت و لەوێ رابەر بەهۆی ئەوەی مەشغوڵ بووە لە گوندەکە دەچن لە گردێک دادەنیشن و بە گوتەی خۆی دوای قسەی خۆش و خەڵەتاندنی رابەر بەردێکی کێشاوە بە پشتی سەری رابەردا دواتر کە بوراوەتەوە بە بەردێکی تر لە لای چەپی سەری داوە و دواتر هەڵیداوە بە گردەکەدا بۆ ناو رووبارەکە و لەوێش بەردێک لەسەر سەری دادەنێت و بەجێی دەهێڵێت و دواتر دێتەوە ئۆتۆمبێلەکە لە نەخۆشخەنە رادەگرێت، ئەوانەش لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتوون، هەروەها رابەر ئەو رۆژە بە رۆژوو بووە و زۆر بێتاقەت و ماندوو بووە و بە ئاسانی توانیویەتی بیبورێنێتەوە".

 


محەمەد ئەمین ئیبراهیم بەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی: "داوامان لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر کردووە کە بە وردی بە دواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکات و سکاڵامان لەسەر دەستگیرانی رابەر و ئەو کەسەش تۆمار کردووە کە پلان دارێژەری ئەو کارە بووە، لەبەر ئەوەی هیچ شتێکی زۆری لێکردن لەو بابەتەدا نەبووە و بە خواستی کچەکە ئێمە داوامان کردووە و مارەمان کردووە ئیستە ئێمەش تووشی شۆک بووین کە ئەو کچە بتوانێت بەو شیوازە دڕەندەیە دەستی بچێتە خوێنی دەستگیرانەکەی کە بە دڵی خۆی رابەری ویستووە بۆچی کوشتوویەتی هیچ کاتێکیش رابەر بە شێوەیەکی توند و تیژانە لەگەڵ ئەو کچە هەڵسوکەوتی نەکردووە تەنانەت بۆ رۆژی مارە برینەکە داوای لە دایکی رابەر کرددبوو کە پرۆسەکەی بۆ پێش بخەن و سێ رۆژ زووتر مارەی بکەن".

رابەر محەمەد ئەمین لە کەبابخانەکەی وەستا محەمەد ئەمینی باوکی کاری کردووە و لە ماوەی رابردوودا(ڕ. م) کە دەکاتە دەستگیرانەکەی ناسیووە و ماڵی (ڕ.م) لە گەرەکی ڕاپەرینی شاری قەڵادزێیە و ماڵی ڕابەریش لە گەرەکی کارەبایە، بە گوتەی باوکی ڕابەر ئەو دوو خێزانە هیچ ئاشنایەتیی و خزمایەتییەکیان لەگەل ماڵی بووکەکەیاندا نەبووە و تەنیا رابەر خۆی کچەکەی ناسیووە و دواتر بە خواستی رابەر و دەستگیرانەکەی چوونەتە خوازبێنی و ئەو کەسەی کە لەسەر کەیسی رابەر لەگەڵ دەستگیرانەکەی دەستگیرکراوە بە هەمان شێوە هیچ خزمایەتییەکی لەگەڵ ماڵی رابەر نەبووە و رابەر بەهۆی دەستگیرانەکەیەوە ئەو کەسەی ناسیووە.


لەبارەی ونبوونی رابەر لە ساڵی رابردوو باوکی رابەر گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵین رابەر جارێکی تریش پێشتر ونبووە دوورە لە راستییەوە و رابەر بە رەزامەندی خودی دایک و باوکی رۆشتووە و دواتر گەراوەتەوە".


هەر لەمبارەیەوە شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەرین بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: " پاش ئەوەی کەسوکاری ( ڕابه‌ر محەمەد ئەمین) كه‌ باوكی ناسراوه‌ به‌ وه‌ستا محەمەد ئەمینی كه‌بابچی، شەوی سێشەممە 19/5/2020 لە بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن لەسەر ئەوەی کوڕەکەیان پاش ئەوەی نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ڕۆیشتۆتە دەرەوە نەگەڕاوەتەوە و دوای تێپەڕ بوونی شەش ڕۆژ بەسەر سکاڵاکە، ڕۆژی 25/5/2020 ئەم مانگە تەرمی ڕابەر لە قەڵادزێ گوندی (شۆڕان) دۆزرایە دەستبەجێ هێزەکانمان بە هاوکاری هێزەکانی یاریدەدەریەتی ئاسایشی قەڵادزێ دوو کەسیان بەتۆمەتی کوشتنی ناوبراو دەستگیر کرد و پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا یەکێک لە تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵەری پشدەر و پۆلیس دانی نا بە تاوانەکەیدا کە بە گوتەی خۆی ناوبراوی کوشتووە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە".


گوتیشی: "بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری سلێمانی دەرکەوتووە ئەو گەنجە لە ڕێگەی زەبری دەرەکیەوە کوژراوە و هیچ ئاسەوارێکی گولـلە بەسەر جەستەیەوە نەبووە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".