كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وردەكاری تاپۆكردنی خانوو و شوقەكانی نیشتەجێبوون دەخرێتە روو

 

بەرپرسی تۆماری خانووبەرەی هەرێمی كوردستان باس لە وردەكاری تاپۆكردنی خانوو و شوقەكانی نیشتەجێبوون دەكات كە لە لایەن وەبەرهێنەران دروستكران.

حاكم لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان (تاپۆ) بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "رێكارەكانی تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لەلایەن وەبەرهێنەران بە شوقە بێت یان خانوو دروستكراون، وەبەرهێنەر هەیە كرداری ئیفرازی زەویەكەی نەكردووە و نەهاتووەتە تاپۆ تاوەكوو تۆمار بكرێت بۆیە، پێویستە وەبەرهێنەر بریكاری یاسایی خۆی ڕەوانەی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە بکات و ئەوکەسەشی خانووەکەی کڕیوە ئامادەبێت تاوەکو لەبەردەم فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە بڕیارەکە بدەن یەکەی نیشتەجێبوونەکان بخرێتە سەر ناوی ئەو کەسەی لە وەبەرهێنەرەكەی كڕیووە".

یەكێك لە بڕیارەكانی رۆژی 5ی 5ی 2020ی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، تاپۆکردنی سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوونی پڕۆژەکانی سەر بە كەرتی وەبەرهێنانە لەسەر ھاووڵاتییان و خاوەن موڵكەكان.

لوقمان عومەر گوتیشی:" دوای ئەو رێكارە شوقەكە یان خانووەكە دەخرێتە سەر ناوی كڕیارەكە ئەویش بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لە نێوانیان هەیە، ئەو كەسە دەبێتە خاوەنی نیشتەجێبووەكەی خۆی".

لە هەرێمی كوردستان 167 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێدراوە، لە هەولێر 87 پڕۆژە هەیە و 100 هەزار یەكەیە".

ئەو بەرپرسەی تاپۆ ئاشكراشی كرد، كارەكانیان دەستی پێكردووە، بەڵام زۆرێک لە وەبەرهێنەرەکان سستی دەکەن و ئامادەنین بێن و ئەوکارە ئەنجام بدەن، گوتیشی: "دەبێت دەستەی وەبەرهێنان فشار بخاتە سەر ئەو وەبەرهێنەرانە تاوەكوو وەبەرهێنەران ئەو كارە بكەن و نوێنەری یاسایی خۆیان بنێرن بۆ فەرمانگەی تاپۆ نووسراوی فەرمی بكەن و كڕیاریش ئامادە بێت".

جەختی كردەوە، تاپۆكردنی ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون لە سوودی هاووڵاتیانە، دەشڵێت: "ئێستا كڕیارەكان تەنها گرێبەستێكیان هەیە، لە رووی قانونی ئەو گرێبەستانە لە فەرمانگەكانی خانووبەرە هیچ بەهایەكی نییە، تاوەكوو تۆمار نەكرێت، بۆیە دەبێت تاپۆی بكەن، كە تاپۆ كرا هاووڵاتی دەتوانێ مامەڵەی پێوەبکات و یان قەرزی پێ وەربگرێت و ڕەهنی بکات و نرخی مۆڵکەکەشی بەرزدەبێتەوە".

بەرپرسەكەی تاپۆ ئەوەشی خستەڕوو، بۆ رەسمی تاپۆ كردنەكە تەنها حكوومەت 3%ی بەهای موڵكەكە وەردەگرێت لە كڕیار و باج لە وەبەرهێنەر وەرناگیرێتم چونكە لێخۆشبوونی بۆ كراوە.

سەبارەت بەم خانوو و شوقانەی کەوا قیستیان تێدا ماوە و نەدراوە ئەو گوتی: "ئەوانەی قیستیان ماوە دەبێت سەیری گرێبەستەکە بکرێت و پاشان ئەویش دەکرێت تاپۆ بکرێت، بەڵام نیشانەی گڵدانەوەی بخرێتە سەر موڵکەکە لەبەرژەوەندی وەبەرهێنەر یان حکوومەت چونکە قیستی لەسەر ماوە، واتە ئەوە نابێتە بەربەست لەبەردەم تۆمارکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون".