كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەیكەری شێرەكەی نەجەف بووەتە گاڵتەجاڕی میدیای توركیا

"٧٩ ملیۆن دیناری عێراقیی تێدا خەرج کراوە"

پەیكەری شێرەكەی شاری نەجەف، كە لە لایەن هاووڵاتیانی عێراقەوە لە سۆسیال میدیا گاڵتەی پێ دەكرێت و وەكوو كارێكی هونەری زۆر ناشیرین ناوی دەهێنرێت، میدیاكانی توركیاش ئەو پەیكەرەیان كردووەتە هەواڵ و وەكەو كارێكی خراپ وەسفیان كرد.

پەیكەری شێرەكەی نەجەف، بڕی ٧٩ ملیۆن دیناری عێراقی تێدا خەرج كراوە، كە دەكاتە ٦٥ هەزار دۆلاری ئەمریكی، بەڵام لەلایەن میدیاكانی توركیاوە رەخنەی لێ گیرا.

ماڵپەڕی (T24)ی توركی بە پشتبەستن بە چەند میدیایەكی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، ئەم پەیكەرە جگە لەوەی ناشیرینە و لەڕووی هونەرییەوە بێبایەخە، لە هەمان كاتدا گەندەڵی زۆری تێدا كراوە، چونكە پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان كراوە، كە زۆر بە كەمتر ئەنجام دەدرا و لەو پەیكەرەی ئێستاش هونەری تر و باشتر.

ماڵپەڕی ناوبراو، باسی لە پەیكەری شێری سەردەمی عەشتارییەكان كردووە سێ هەزار ساڵ بەرلە ئێستا و، دەڵێت دەیان بەرامبەر لە پەیكەرەكەی ئێستا جوانتر و هونەری‌ترە.

ئاژانسی (IHA)ی توركیش بە هەمان شێوە لەبارەی ئەو پەیكەرە هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە و، باس لە خراپی و ئەو گەندەڵییانە دەكات، كە لەو پەیكەرەدا ئەنجام دراوە.

لەژێر هەواڵەكاندا، هاووڵاتیانی توركیا بە كۆمێنت رەخنەیان لە كارەكە گرتووە و، گاڵتەی پێ دەكەن و دەڵێن شیاوی ئەوە نییە لە شارێك پەیكەرێكی وا ناهونەری دابنرێت.