كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ لەبارەی سووتاندنی گەنمی جووتیارانی كورد


ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی سووتاندنی گەنمی جووتیارانی كوردی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.


لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "بە داخەوە سەر و ماڵی جوتیارانمان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتووەتە بەر ئاگری رق و كینە، سوتاندنی گەنمی جوتیارانمان لە مەخمورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین، كە ساڵانە چەند بارە دەبێتەوە و رەنجی ئەو ساڵەیان بە هەدەر دەدرێت. پێشتریش وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو سەر و ماڵی جوتیاران لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن بەپێی گونجاوی شوێنەکان، بەڕێوەبەرایەتیەكانی كشتوكاڵیشمان داوایان لە یەكە ئیداریەكانی ئەو ناوچانە كردووە رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران".


وەزارەتی كشتوكاڵ هەروەها رایگەیاندووە "نوێنەرمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی فیدرال داوای كردووە دەغڵ و دانی جوتیاران لەو ناوچانە بپارێزرێت. لێرەشەوە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین و بەرپرسیارییەتی پاراستنی سەرو ماڵی جوتیارانیان لەو ناوچانە لە ئەستۆدایە لەگەڵ قەرەبووکردنەوەى زيانەکان".