هەفتەی داهاتوو پردی سەرەكیی نێوان هەولێر و كەركووك دەكرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەفتەی داهاتوو پردی سەرەكیی نێوان هەولێر و كەركووك دەكرێتەوە


لە سەرەتای مانگی ئایاری 2020وە دەست كراوە بە نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی پردی سەرەكی ناحیەی پردێی سەر بە كەركووك، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێ دوای چاككردن و نۆژەنكردنەوەی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پردە سەرەكییەكەی رێگای نێوان هەولێر و كەركووك بكرێتەوە.


عەبدولموتەلیب نەجمەدین بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ ئەمڕۆ پێنجشەممە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانەكانی عێراقەوە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی پردەكەی پردێ جێبەجێ كرا و دوای چاككردن و نۆژەنكردنەوەی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پردە سەرەكییەكە بكرێتەوە.


گوتیشی پێشتر ئاراستەی دیكەی پردەكەی پردێ كە دوو سایدە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پردێكی ئاسنین دروست كرا بۆ هاتوچۆكردنی خەڵك، هەر كە ئەو ئاراستەیەی دیكە بكرێتەوە، ئاسنەكانی سەر ئاراستەكەی تر لادەبرێ، بۆ ئەوەی بە یەكجاری ئەو پردەی دیكەش چاك بكرێت.


بە بڕی 670 ملیۆن دینار بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانەكانی عێراق دەستیان بە چاككردن و نۆژەنكردنەوەی پردی ناحیەی پردێ كردووە.


لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لایەكی پردی سەرەكیی ناحیەی (پردێ)یان ڕووخاند و لایەكەی تریشیان تێكدا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نۆژەنكردنەوەی كاتی پردەكەدا هاوكاری زۆری حكوومەتی عێراقی كردووە.