كۆگایەكی گۆشت لە هەولێر داخرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كۆگایەكی گۆشت لە هەولێر داخرا

گۆشتی سێ مانگ بەسەرچووی هەڵگرتبوو


ئەمڕۆ پێنجشەممە قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر رایگه‌یاند ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر گۆشتى به‌ستووى هاورده‌كراودا گرتووە، بە هۆی ئەوەی ماوەی سێ مانگ بووە بەسەرچووە، ئەو كۆگایەش داخرا كە گۆشتەكەی تێدا هەڵگیرابوو.


نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر و سه‌رۆكى لێژنه‌ى پشكنین و چاودێریى بازاڕ به ‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند "له ‌هه‌ڵمه‌تێكى گه‌ڕان و پشكنیندا كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ تیمه‌كانى سه‌ر به‌ قایمقامیه‌تى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر ئه‌نجامیان دا، ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكى زۆر گۆشتى به‌ستووى هاورده‌كراوى ئاژه‌ڵدا گیرا، كه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ سێ مانگه‌ به‌سه‌رچووه‌ و بۆ خواردن شیاو نەبووه‌".


هەروەها رایگه‌یاند "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ دواى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌لایه‌ن تیمه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام درا به‌ هاوكارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێتێرنه‌رى و به‌شى پۆلیسى شاره‌وانى هه‌ولێر، ئه‌و بڕه‌ گۆشته‌ سێ تۆن بوو كه‌ له‌ كۆگایه‌كدا له‌سه‌ر رێگه‌ى هه‌ولێر خه‌بات هه‌ڵگیرابوو".


ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد دواى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى، ته‌واوى گۆشته‌كه‌ له‌ناوبرا، كۆگاكه‌ش داخرا، كاردانه‌وه‌ى یاساییش به‌رامبه‌ر خاوه‌نى كۆگاكه‌ ده‌گرنه‌به‌ر و به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.