كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 25/05/2020

چاكسازی بكەن بەڵام بە مەرجێك منی بەرنەكەوم!

1- چاكسازی بكەن بۆچی نایكەن؟ كێ وتویەتی چاكسازی مەكەن؟ ئەسڵەن ئێمە چەندین ساڵە دەڵێین با حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چاكسازی بكات، بەڵام بە مەرجێك حكوومەت نەیەت بەلای ئێمەی قاچاخچییەكانی نەوتدا، چونكە بەھۆی ئێمەی قاچاخچیی نەوتەوە، چەندین شۆفێری تانكەری نەوت نان پەیدا دەكەن و ماڵ و منداڵی خۆیانی پێ بەخێو دەكەن، جگە لەوەش بە بەشێك لە پارەی ئەو نەوتە قاچاخە چەندین ماڵپەڕ و پەیج بەڕێوە دەبەین كە جنێو بەوانە دەدەن كە لە بەرەی ئێمەی نیشتیمانپەروەرانی ئۆكتۆبەردا نین! واتە بەشێك لەو پارەیەی قاچاخچێتیی نەوتە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییە!

2- چاكسازی بكەن بۆچی نایكەن؟ توخوا ئەوە قسەیە؟ كێ وتویەتی چاكسازی مەكەن! بیكەن بەڵام بە مەرجێك حكوومەت نەیەت بەلای ئێمەی خاوەنی ئەو كۆمپانیایانەی كە قەرزداری حكوومەتین، چونكە ئێمە بە پارەی ئەو قەرزەی كە لە حكوومەتمان كردووە، چەندین باڵەخانە و بەنزینخانە و بازاڕ و شوێنی شتنی ئۆتۆمبێلمان دروست كردووە و داناوە،  ئێ ئەوەتا چەندین خێزان لەم شوێنانەدا دەژین و خەریكی كار و كەسابەتی خۆیانن و ئێمەش ھیچ قازانجمان نەكردووە و ھیچ قازانج ناكەین! تەنھا ئەوە نەبێت كە ھەموویمان بە دووقاتی نرخی تێچووەكەی فرۆشتووەتەوە و مانگانەش شتێك لە پارەی خەدەمات قازانج دەكەین و ئەشھەدوبیللا پیاو ڕاست بڵێت ھەندێكیشمان حزبیك و چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندنیشمان بۆ ڕووخاندنی ئەم حكوومەتە گەندەڵە پێ داناوە!

3- دە وەرە لەداخا شەق مەبە كێ وتویەتی چاكسازی مەكەن؟ بۆچی نایكەن؟ بیكەن، بەڵام ئێمە دەڵێین بە مەرجێك حكوومەت دەستكاریی مووچەی ئەو لیوا و عەمید و عەقیدە خانەنشینانە نەكات كە ئەگەر ئیعازیان درایە بۆ دواوە وەرگەڕێن بۆ پێشەوە دەڕۆن! ئینجا كاكە گیان چۆن دەبێت ئەستێرەی سەرشان دابگریت تۆ دەزانیت ئەستێرەی سەربازیی سەرشان یەعنی چی؟

4- كاكە كێ وتویەتی حكوومەت چاكسازی نەكات؟ با بیكات، بەڵام بە مەرجێك دەستكاریی مووچەی ئەو دووسەت پاسەوانەی من نەكات كە من مووچەی سەتیان دەخۆم و بەشێكیشیانم لێ كردوون بە باخەوانی باخەكەم و بەشێكیشیان تەڕە و سەوزەم لە بازاڕ بۆ دەكڕن.

 5- حەوت برا، ماڵ و مین، مارەباب، زۆر پێویستە حكوومەت چاكسازی بكات، ئەمڕۆ لە سبەینێ باشترە بۆ ئەو چاكسازییە، بەڵام بە مەرجێك دەستكاریی 3 ملیۆن و 4 ملیۆن و 5 ملیۆن مووچەكانی ئێمە نەكات، چونكە ئەگەر دەستكاریی ئەو مووچانەی ئێمە بكرێت ئەوە ئیتر تەرازووی ھێز لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت، كە ئەم تەرازووی ھێزەش گۆڕدرا كوردستان ژێرەوژوور دەبێت و دەفەوتێ!

6 - ئەی یاخوا ماڵت بەقور نەگیرێت، كورە مارخرا نەبی،  كێ وتویەتی حكوومەت چاكسازی نەكات؟ من خۆم 10 ساڵیش دەبێت ھیچ خۆپێشاندانێك نەبووە لە كوردستاندا كە بۆ چاكسازی كرابێت و بەشداریم تێدا نەكردبێت، بەس ئەزانی چۆنە؟ تۆ با شتێكت عەرز بكەم، ئەو چاكسازییە با بکرێت، بەڵام بە مەرجێك دەرماڵەی مەترسیی مردوو شتن نەبڕن، چونكە بڕوا بكە مردووشتن گاڵتە نییە، ئەی تۆ حسابی ئەوە ناكەیت ئەگەر لە كاتی شتنی مردوویەكدا لەپڕ مردووەكە زیندوو ببێتەوە؟ خۆ دوور نییە زراوم بتەقێ، ئەی تۆ حسابی ئەم مەترسییە ناكەیت؟ 

7- كورە ئەوەی دەڵێت با حكوومەت چاكسازی نەكات سەری دای لە بەرد،  با حكوومەت چاكسازی بكات، بەڵام بە مەرجێك ئەو پلەی ڕاوێژكارییەی كە بە تەكلیفی كاك فڵان پێیان دام و دواتر پێی خانەنشین بووم، ھەتا ئێستاش مانگانە 3 ملیۆن و سێ سەت ھەزار دیناری خانەنشینیی ئەو ڕاوێژكاریە وەردەگرم با ئەمەیان دەستكاری نەكرێت چونكە بڕوا بكە ئەگەر پلان و پێشنیازەكانی من نەبێت بۆ حكوومەت، حكوومەت نازانێت چی بكات! بۆ نموونە وەك ئەم پێشنیازەی ئێستام كە دەڵێم با حكوومەت چاكسازی بكات بەڵام  بەمەرجێك ئەو پلەی ڕاوێژكاریەی كە بە تەكلیفی كاك فڵان پێیان دام و دواتر پێی خانەنشین بووم و ھەتا ئێستاش مانگانە 3 ملیۆن و سێ سەت ھەزار دیناری خانەنشینیی ئەو ڕاوێژكاریە وەردەگرم با ئەمەیان دەستكاری نەكرێت. تو ویژدانت ئەمە چۆن پێشنیازێكە بۆ حكوومەت؟ ئایا ھەر ئەم پێشنیازە خۆی بایی 3 ملیۆن و سێ سەت ھەزار دینار نابێت؟ ئایا حكوومەت مانگی یەك پێشنیازی وەھای بۆ بكرێت بەسی نییە؟