چاکسازیی گشتگیر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە قسەکانی پێرێ (٢٢-٥-٢٠٢٠) بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ و جەوهەری درا کە بەشێکیان بۆ پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەشێکیشیان پەیوەندییان بە سیاسەتی ئابووری و کارتێکەرییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە گرفتی ناوەتەوە. لە پال ئەمانەشدا ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی لە رادەبەدەری نرخی نەوت، کارتێکەری لەسەر ژیانی سیاسی و ئابووریی عێراق کرد هەر بەو پێیەش هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و کێشەکان چەندقات بوونەوە.
سەرۆکی حکوومەت هەر لە سەرەتای وتارەکەیدا ئاماژەی بە "هەڕەشە و مەترسییەکانی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات (نەوت) کرد کە پێویستە لێی ڕزگارمان ببێت." گەڕانەوە بۆ کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنی زیاتری گوندەکان و بەگەڕخستنی سەرمایە و پرۆژەی ئابووری و هەنگاوی خێرا لەو بوارەدا، هەروەها وەبەرهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئابووری، چونکە ئەگەر تەنیا پشت بەیەک تاکە سەرچاوەی داهات کە نەوتە ببەستین، تووشی قەیرانمان دەکات کە ئەمەش پەیوەندی بە سیاسەتی ناوچە و جیهانییەوە هەیە و نرخی نەوتیش بەردەوام لە بەرزی و نزمیدایە، هەروەها بە بچووکترین کێشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێرا کار لەسەر نرخەکەی دەکات و بازار تووشی کێشە و قەیران دەکات. هەر لەبەر ئەوە بەرێز سەرۆکی حکوومەت بە دروستی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە "هەڕەشە و مەترسییەکان تاکە سەرچاوەیی ڕزگارمان ببێت!"
بەشێکی تر لە قسەکانی بەڕێز سەرۆکی حکوومەت پەیوەندییان بە چاکسازییەوە هەبوو و بە دروستی ئاماژەی بەوەدا: " بێگومان دەبێ چاکسازیش گشتگیر و سەرتاسەری بێت و هەمووان بگرێتەوە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات." ئاماژەی سەرۆکی حکوومەت بە پرسی چاکسازی، ڕێک ئەو خاڵەیە کە بە گشتی بۆ ئەنجامدانی، کۆدەنگیی هاووڵاتیانی لەسەرە و بەبێ هیچ شک و گومانێک لە بەرێوەچوونی خێرا و گشتگیری چاکسازیدا هاوکار و دەنگی ئەرێنیی ئەوانی لەگەڵدا دەبێت و پشتیوانیی لێ دەکەن!
سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد، خۆیشی لەبەرەی هاوڵاتیاندا دەمێنێتەوە و پاڵپشتی لە چاکسازی دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا واز لە بەرژەوەندیی تەسکی شەخسی و ملمڵانێی حیزبایەتی بێنن و هاوهەڵوێست بن لەداکۆکیکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوە حکومەتە دیکتاتۆریەکانی پێشوو بوون کە خەڵکی کوردستانیان ئەنفاڵ و کیمیاباران کرد و هەزارها گوندیان لەناو برد و سیاسەتی تەعریب و پاکتاوی ڕەگەزیان بەرامبەر گەلی کوردستان پیادەکرد، بۆیە پێویستە پەرلەمانتارانی عێراق هەول بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بدەن و لە هەر کەسی تر پێداگرتر بن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کاک مەسروور زۆر بەروونی باسی لەوەش کرد کە حکوومەت لەگەڵ لامەرکەزیەتی ئیدارییە بۆ پارێزگاکان کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان، بەمەرجێک لەچوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بێت و هیچ هەڕەشەیەک نەبێت بو کوردستان و ئەمەش لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت بێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە نابێت تەنیا باسی مووچە بکرێت و پرسەکانی تر پشتگوێ بخرێن وەکوو پرسی سیاسی و نیشتمانی. لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ لێکدانەوەیەک بۆ ئایندە و نەوەکانی داهاتوو نەکراوە.
بە ڕای من وتاری جەنابی سەرۆکی حکوومەت، وتارێکی زۆر ڕاشکاوانە بوو و دەستنیشانی کێشە و گرفتەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە چۆن پێکەوە حکوومەت و هاووڵاتیان چارەسەری کێشەکان بکەین، بەتایبەت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەخوێنی هەزاران شەهید و ئەنفاڵ بەرهەم هاتووە، بۆیە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە پێویستە هەست بەو بەرپرسیاریەتییە بکات و دەبێ هاوکاری حکوومەت بین بۆ ئەنجامدانی چاکسازی تا لەداهاتوودا جیلی نوێ و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفاڵکراوان و زیندانیانی سیاسی لەسایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بکەن و ژیانێکی سەربەرزانە بژین و هەموومان لە ئاست ئەو هەرێمەی کە دنیایەک قوربانیمان لەپێناو داوە هەست بەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر وڵات و نیشتمان بکەین و هاوکارێکی تەواوی حکوومەت بین بۆ شکاندنی هەر بەربەستێک کە دێتە پێشەوە لەبەردەم پێشکەوتن و خۆشگوزارنی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان