تەندروستیی ڕاپەڕین پلانی ڕۆژانی جەژن ڕادەگەیەنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تەندروستیی ڕاپەڕین پلانی ڕۆژانی جەژن ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی ڕاپەڕین پلانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان ڕادەگەیەنێت و دەڵێ لەڕۆژانی جەژندا هاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی سەرجەم نەخۆشخانەکانی سنوورەکە و بەشێک لەسەنتەرەکان کراوە دەبن بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی سنوورەکە.


تەها محەمەد، گوتەبێژی تەندروستی ڕاپەڕین بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژانی جەژندا هاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی سەرجەم نەخۆشخانەکانی سنوورەکە و بەشێک لە سەنتەرەکان کراوە دەبن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی سنورەکەمان بە شێوەیەک کە هەریەکە لە نەخۆشخانەی فێرکاری ڕانیە و نەخۆشخانەی فێرکاری لەدایکبوون و منداڵان و نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ و نەخۆشخانەی گشتی سەنگەسەر و نەخۆشخانەی گشتی چوارقوڕنە و نەخۆشخانەی گشتی حاجیاوا کراوە دەبن".


ڕاشیگەیاند: "هەروەها سەنتەری گورچیلەی دەستکردی ڕانیە هاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی کراوەدەبێت و بانکی گواستنەوەی خوێن کراوە دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێن لەهەر ڕووداوێکی نەخوازراو".


گوتیشی: "تیمەکانی خۆپاراستن و چاودێری کردنی شوێنە گشتیەکان لەگەڕان بەشوێنەکاندا بەردەوام دەبن و لیژنەکانی پشکنین و دڵنیایی جۆری لە ئامادەباشیدا دەبن، هەروەها تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا(122) لەسنووری پشدەر و بیتوێن لەحاڵەتی ئامادەباشیدان و لەئەرکدا دەبن بۆ بە هاناوەچوونی هاووڵاتیان لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا".

 

ڕوونیشیکردەوە کە تاقیگەی ناوەندی ڕانیە بۆ مەبەستی وەرگرتنی سامپڵ و ئەنجامدانی پشکنین تایبەت بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەئەرکدا دەبن و داواشی لە هاووڵاتیانی سنوورەکە کرد لە ئەگەری ڕوودانی هەرحاڵەتێکی نەخوازراو پەیوەندی بکەن بەهێڵی ژمارە( 122) تایبەت بە فریاکەوتنی خێرا.