سەبارەت بە گرفتی بێ ئاویی دانیشتووانی ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر روونکردنەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەبارەت بە گرفتی بێ ئاویی دانیشتووانی ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر روونکردنەوە دەدرێت

بەهۆی شکانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر ، دانیشتووانی ژمارەیەک کەڕەکی شارەکە گرفتی کەمی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست بووە و بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆش لەمبارەیەوە روونکردنەوە دەدات.


مەسعود كاڕەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: "بۆڕی ئاوی ئیفراز3 لە شاری هەولێر تەقیوە و بەهۆیەوە گرفتی كەمئاویی لە چەند گەڕەكێك دروستبووە و ئێستا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆكان لە هەوڵی جددیدان تا بەزووترین كات بۆڕییەكە چاك بكەنەوە و گرفتی كەمئاویش لەو چەند گەڕەكە چارەسەر بكرێت".

سەبارەت بە وادەی چاكبوونەوەی بۆڕیی ئاوی ئیفراز3، کاڕەش گوتی: "تیمەكانی ئاو و ئاوەڕۆ ئێستا هەوڵی جددی دەدەن بۆ چاككردنەوەی بۆڕییەكە و سبەی واتە یەكەم رۆژی جەژن چاك دەبێتەوە و بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی لەو گەڕەكانە چارەسەر دەبێت".

ئیفرازی سێ لە ڕۆژێکدا ٢٤٠ ملیۆن لیتر سێجا ئاو دابین دەکات کە دەکاتە ٤٠%ی شاری هەولێر، هەروەها ئاری محەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش ڕایگەیاند: "كارەبای مۆلیدەمان بۆ بیری چەند گەڕەكێك دابینكردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژنیشدا ئاو دابینبكەین، لە شاری هەولێر هەزار و 160 بیری ئاو هەن، 90 لەو بیرانە كارەبای مۆلیدەیان بۆ دابینكراوە و 300 بیریش دوو سەرچاوەی كارەبایان هەیە، زیاتر لە 700 بیریش یەك هێڵی كارەبایان هەیە".

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر جەختیش دەكاتەوە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ چارەسەری هەر گرفتەكان و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر.