بەبێ ئەوەی دار ھەڵبڕێت، سەگە دزەكان دەركەوتن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەبێ ئەوەی دار ھەڵبڕێت، سەگە دزەكان دەركەوتن

بەلای منەوە گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەت وەك یەكێك لەو گوتارانە بوو كە سەرۆكەكانی ئەمەریكا ساڵانە گوتارێك لەسەر بارودۆخی ئەمەریكا و بەرنامە و پلانی ئایندەی خۆیان پێشكەش دەكەن، بەڵام  جیاوازییەكە ئەوەیە كە سەرۆكەكانی ئەمەریكا ئەم گوتارە لەبەردەم كۆنگرێس دەدەن، بەڵام سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم گوتارەی ڕاستەوخۆ بۆ ھاووڵاتیان دا، چونكە ھاووڵاتیان سەرچاوەی ھەموو دەسەڵاتەكانن و گەورەتریشن لە ھەموو دەسەڵاتەكان بە دەسەڵاتی پەرلەمانیشەوە .

ئەگەر گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پوختتر بكرێتەوە بریتییە لە خستنەڕووی بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئیرادەیەكی بەھێز و لێبڕاوانە بۆ چاكسازی و، تەنانەت گۆڕانكاریی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە ئابووریی ھەرێمی كوردستان  و لەوێشەوە گۆڕانكاری بەرەو سیستەمێكی سیاسیی پێشكەوتووتر و خۆڕاگرتر بۆ نەوەكانی ئێستا و ئاییندەی كورستان. ئەم گوتارە ھیچ توندیەك و ھیچ ھەڕەشەیەكی بۆ ھیچ كەس و لایەنێكی سیاسی تیا نەبوو كەچی دوای گوتارەكە سەرەڕای كاردانەوە زۆر باشەكان، ھەندێك كاردانەوەی خراپیش ھەبوون . كاردانەوە خراپەكان كێن و بۆچی؟

1- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە دەیانەوێت تاكە سەرچاوەی داھاتی كوردستان نەوت بێت بۆ ئەوەی خۆیان پارەی فرۆشتنەكەی وەربگرن و ئینجا بەشێكی  بە ھەر بیانوویەك و بە ھەر ناوێكەوە بێت بدزن و بە بەشەكەی تریشی  تەنھا خەڵك بكڕن و خەڵك دابمەزرێنن و ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزی  خۆیان بە دزیكردنەكەی پێشتر دەژین، لێ خەڵك موبتەلا دەبن، بەڵام ئیتر بە پلان ئەمە نامێنێت.

2- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە نایانەوێت بەرھەمی كشتوكاڵیی خۆماڵی ھەبێت و كشتوكاڵی كوردستان ببووژێتەوە، بۆ ئەوەی ھەر خۆیان وەك دەڵاڵی ساغكردنەوەی كەلوپەل و بەرھەمی وڵاتانی دەرەوە لە كوردستاندا مۆڵ و سۆپەرماركێتەكان پڕ بكەن لە زەیت و گۆشتی بەستوو و شیر و پەنیر و مەعكەرۆنی، بەڵام ئیتر بە پلان ئەمە نامێنێت.

3-  ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە لە ھەموو ژیانیاندا یەك ڕۆژ بە كردەوە و لە ھیچ پۆست و پلەیەكی حكوومەتدا كاریان نەكردووە، بەڵام مانگانە 6 ملیۆن دیناری خانەنشینیی بە پلەی وەزیر وەردەگرن . بەڵام ئیتر بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئەمە نامێنێت.

4- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەو بەرپرسە حزبیانەوە دێت كە  4 پاسەوان یان ئەوپەڕی 10 پاسەوانیان لە  ھەرێمی كوردستاندا بەسە، بەڵام فەوج و لیوای پاسەوانییان ھەیە و پارەی بەشێك لەو فەوج و لیوایانە دەخۆن یان نیوە بە نیوە لەگەڵ پاسەوانەكانیاندا دابەشی دەكەن یان مووچەی بەشێكیان دەدزن، بەڵام  ئیتر بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئەمە نامێنێت.

5- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە خۆیان بە كەڵكی ئەوە نایەن 4 سەر بزنیان بدەیتێ بۆ ئەوەی بیلەوەڕێنن، بەڵام پێشتر بەناوی وەبەرھێنانەوە سەتان دۆنم زەوییان دراوەتێ و بەشێكیان كردووە بە پرۆژەی پڕ كەموكوڕی و بەشەكەی تریشیان یان فرۆشتۆتەوە یان بەپێچەوانەی ڕێنماییەكانەوە كردوویانە بە ھەندێك پرۆژە كە نەدەبوو بیكەن، بەڵام ئیتر ئەمە نامێنێت.

6- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991وە ھەتا ئێستا و ھەر بەتەنھا خۆیان وەك كەسی یەكەمی حزب ھەر یەكێكیان  چەندین ملیۆن دۆلار لەسەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كەوتوون ئەویش بەناوی دابینكردنی بودجە بۆ حزبەكانیان و بەمەش تێریان نەخواردووە و ئینجا لەپەناوە ھەندێك بەرپرسی گەورەی پارەدار لە تاریكیی شەودا كارتۆنە دۆلاری بۆ ناردوونەتە ماڵەوە و حزبەكانیشیان ھەتا ئێستا ئاگایان لێنیە. بەڵام ئیتر ئەم تەخشان و پەخشانە و ئەم خەنجەر لە كادانە و ئەم پیاوەتیكردنە بەسەر ئاوی حەمامەوە نامێنێت.

7- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە ئەگەر لە شەڕێكدا سەرپەرشتیی 10 پێشمەرگە بكەن 8 پێشمەرگەیان بە شەھیدكردن دەدەن و دوو پێشمەرگەشیان دیل دەكرێن و خۆیشیان  ڕادەكەن،  كەچی بە پلەی لیوا و عەمید و عەقید مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، بەڵام  ئیتر بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئەمانە نامێنن. 

8- ئەو كاردانەوە خراپانە لای ئەوانەوە دێت كە لەناو فەرمانگەكانی خۆیاندا و لە بەر ھەوای سپلیتدا دانیشتوون و خەریكی یاریی ناپلیۆن و چاتكردنن لەگەڵ دۆست و ئەحباب، بەڵام دەرماڵەی مەترسی وەردەگرن واتە دەرماڵەی مەترسیی ھەوای سپلیت و  یاریی ناپلیۆن و چاتكردن لەگەڵ دۆست و ئەحباب و دولبەری خۆیان، بەڵام  ئیتر بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی  دەرماڵەی ئەم جۆرە مەترسییانە نامێنێت . 

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەبێ ھیچ ھەرەشەیەك لە ھیچ كەس و لایەنێك گوتارێكی نەرم و واقیعیی پێشكەشی ھاووڵاتیان كرد و تێیدا بارودۆخی سەختی ئێستای ھەرێمی كوردستان و ڕێگەچارە و پلانەكانی حكوومەتی بۆ ئاییندە خستە ڕوو، كەچی لەلایەن ھەندێكەوە كاردانەوەی خراپی بۆ دروست بووە، ئەو ھەندەی كە لەو 8 خاڵەی پێشەوەدا خستمە ڕوو . واتە سەرۆكی حكوومەت بەبێ ئەوەی دار ھەڵبڕێت سەگە دزەكان دەركەوتن، جا وەرە ئەگەر دار ھەڵبڕێت، دەبێت چی دەركەوێت؟