پەرلەمانتاری كوردفرۆش و رۆژنامەنووسی قەڵەمفرۆش
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتاری كوردفرۆش و رۆژنامەنووسی قەڵەمفرۆش

لە سلێمانی (كە زێد و شاری خۆمە و وەك سۆمای چاو خۆشم دەوێ)، چەند ساڵێكە جەماعەتێكی ئەڵقە لەگوێ و قەڵەم فرۆش و ویژدانفرۆش پەیدا بوون بە ناوی (پەرلەمانتاری عێراق و كوردستان! رۆژنامەنووسی سەربەخۆ! نووسەر! رۆشنبیر! بیرمەند! میدیاكاری بێلایەن!)ەوە دەدوێن و دەنووسن، هەر هەموویان (بە خۆیان و عەقڵ و دەزگاكانیانەوە) لە لایەن كونسوڵخانەیەكەوە ئاراستە دەكرێن و لەلایەن چەند بەپرسێكی باڵای یەكێتیەوە لە پارەی میللەت، گیرفانپڕ و دەمچەور دەكرێن، ئیش و كاریان یەك شتە، ئەویش: (پەردەپۆشكردنی هەموو ئەو شتە قۆڕانەی لە زۆنی سەوز دەگوزەرێن و هێنانەوەی پاساوی پووچ و بێ بنەما بۆیان، لە بەرامبەریشدا زلكردنی هەموو ئەو رووداوانەی لە زۆنی زەرد روو دەدەن گەر زۆر بچووكیش بن!) كێ بڕوام پێ ناكات، ئەوە ئەنتەرنێتە و با بە ئەرشیفی هەموو نووسین و لێدوانەكانی ئەو قەڵەفرۆشانەدا بچێتەوە، تا بڕوا بكات. 

ئەو هەرزەسیاسی و فس فس پاڵەوان و شێرەبەفرینانەی گۆڕەپانی سیاسەت و میدیای كوردستان، كە لە دوێنێ ئێوارەی هەینییەوە، هەزاران وتار و لێدوانیان لەدژی وتاری جەژنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و میدیا سێبەر و هەتاوەكانی یەكێتی و حزبەكانی دیكەی سلێمانی بڵاو كردەوە، ئەگەر نیو هێندە هەڵوێستیان لەئاست خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و فرۆشتنی كەركووك و شەهیدبوونی سەدان پێشمەرگە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار كوردی كەركووك و خورماتوو هەبوایە، رەنگە ئێستا خیانەتكاران لەبەردەم دادگادا چاوەڕێی حوكمی عادیلانەی خۆیان بوونایە. ئەگەر نیو هێندە بەهەڵوێست بوونایە لەئاست دزینی نەوتی كەركووك كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر  2017ەوە تا ئێستا رۆژانە بە تانكەر دەدزرێت و داهاتەكەی دەچێتە قاسەی گرووپە میلیشیاییەكانی كەركووك و گرووپی خیانەتەوە، رەنگە لانی كەم ئەو گرووپە بە حەزەرێكی زۆرترەوە دزییان بكردایە. گەر ئەو جەماعەتە (پەرلەمانتێر و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ! بیرمەندانەی سلێمانی!) نیو هێندە لە ئاست ئازادكردنی سەدان چەكداری داعش و تیرۆریست لەلایەن گرووپی خیانەتەوە و رادەستكردنیان بە پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك و هۆزەكانیان، هەڵوێست و نووسینیان هەبوایە، لانی كەم گرووپی خیانەت بە شەرمەوە و بەنهێنی ئەو كارەی دەكرد، نەك وا بەئاشكرا!

لە ساڵی 2007ەوە، بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق، دەبێ بودجە و مووچەی پێشمەرگە لەسەر حكوومەتی عێراق بێت، لەو ساڵەوە تا ئێستا كە 13 ساڵی تەواوە، حكوومەتەكانی بەغدا، یەك دیناریان نەناردووە بۆ پێشمەرگە، تۆ بزانە چەند ملیار دۆلار دەكات؟! ئەرێ ئەو پەرلەمانتارە كوردە خۆفرۆشانەی بەغدا بۆ هیچ هەڵوێستێكیان نییە لەئاست ئەم غەدرەی لە پێشمەرگە و كوردستان دەكرێت؟! ئەو رۆژنامەنووسە بێلایەنانە لە كوێن؟!

بۆیە ئەی بیرمەندانی گەورەی شارەكەمان!

هۆ رۆژنامەنووسە سەربەخۆ و بێلایەنەكانی سەر بە كونوسڵخانە!

ئەی جنێوفرۆشەكانی فەیسبووك!

هیچ نەبێ سەیرێكی ئەو پەیامە ڤیدیۆییانەی ئەو پێشمەرگە ئازا و دڵسۆزەی یەكێتی و رێبازی مام بكەن، كە بە خەمباری و گەرووی پڕ گریانەوە، هەمبەر بە ئازادكردنی داعشەكان لەلایەن یەكێتییەوە، تكا لە هاوسەنگەرەكانی دەكات: ”ئەو خیانەتەی ئەو گرووپەی یەكێتی قبووڵ نەكەن“. دە هەڵوێستێكیش لەئاست ئەوە دەربڕن.

هیچ نەبێ ئەو پەیامانەی كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی بخوێننەوە كە دەڵێن: ”مادام حزبەكەمان گیراوانی داعشی تیرۆریست ئازاد دەكات، ئیدی لەمڕۆ بەدواوە ئێمە یەكێتی نین!“

خۆزگە ئەوەندەی لەئاست بڕیاری لابردنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەری كۆمەڵی ئیسلامی بەهەڵوێست بوون، نیو هێندەش بەهەڵوێست بوونایە لەئاست كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی لە شەڕی داعش و شەهیدانی یەكێتی لە سەربڕخانەكەی خێڵی حەمە.

سەیرە یەكێتی بەبەرچاوی ئەم برادەرانەوە، دیواربەند و پەیكەر بۆ شەهیدانی فەرماندە (لیوا حسێن مەنسووڕ و لیوا شێركۆ شوانی) دروست دەكات و هەر بەبەرچاوی ئەو برادەرانەشەوە، ئەو چەكدارە تیررۆیستەی داعش كە فەرماندەی ئەو هێرشە بووە كە ئەو دوو زاتەی تێدا شەهید بوون، ئازاد دەكات، كەچی نقە لە بەردەوە دێت و لەو برادەرانەوە نایەت.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان، دوێنێ وتارێكی راشكاوانە و دەوڵەتدارانەی خوێندەوە و زۆر بە راستگۆیی و روونی، برین و كێشە سەرەكییەكانی دۆخی ئابووریی كوردستانی دەستنیشان كرد و داوای كرد هەموان هاوكار بن تا ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و دۆخی ئابووریی كوردستان دەكەوێتە سەر راستەڕێی خۆی، گوتیشی: ”چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی و خواروخوێچییەكانی ئیدارە و حوكمڕانی، داوكاریی سەرەكیی هاووڵاتیانە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەری و لە بەرەی خەڵكدا دەبین تا دەگات بە ئەنجامێكی دروست و بەرچاو“.

ئەمە پوختەی قسەكانی سەرۆك وەزیرانە و هیچ تەفسیر و شرۆڤەیەكی دیكە هەڵناگرێت. ئەو كێشانەی لە ساڵی ١٩٩٢ەوە وێڕای پێشكەوتن و دەستكەوت و ئاوەدانكارییەكان، لە كوردستان دروست بوون، بە پلەی سەرەكی پارتی و یەكێتی وەك یەك تیایدا هەم شەریكن و هەم لێشیان بەرپرسیارن، سەرۆك وەزیرانی ئێستای كوردستانیش لە رووی حزبیەوە سەركردەیەكی باڵای پارتییە و دەڵێ هاوكار بن با چارەسەریان بكەین، جێگری سەرۆك وەزیرانیش یەكێتییە و وەزیری داراییش كە گۆڕانە، ئەوانیش بەوردی ئاگاداری ئەو قەیرانەن و لەسەر هەموو بڕیار و كارنامەی حكوومەتی هەرێمیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە رەزامەندن، فەرموو لەجیاتی ئەو درۆ و دەلەسە و چەواشەكارییە، لەجیاتی سەردانی كونوسڵخانە! ئێوارەیەك زەحمەت بكێشن و بڕۆن دوو قاوە لەگەڵ ئەو دوو بەڕێزەش بخۆنەوە و بە كەیفی دڵی خۆتان پرسیاریان لێ بكەن.

دواپرسیارم بۆ پەرلەمانتارە كوردفرۆشەكانی بەغدا: ئێوە كە ساڵانێكە مانگانە هەریەكە و ٣٩ ملیۆن دیناری عێراقی وەردەگرن، جگە لە بەرتیل و گەندەڵیی تر، هەر رۆژە و یاداشتێك دژی مافی كوردستانیان دەدەنە دەزگایەكی باڵای بەغدا، ئیدی بە چ رووێكەوە، باس لە مووچە و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەكەن؟