زانای مەلا خالید: سەرۆکی حکوومەت پێی گوتین کوردستانی بەهێز پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

زانای مەلا خالید: سەرۆکی حکوومەت پێی گوتین کوردستانی بەهێز پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە

”پێی گوتین هەر کاتێک نەیاران ویستیان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەرزانفرۆشمان بکەن“

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٠ بە هەموانی گوت، کوردستانی بەهێز پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە.

زانای مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا بە ناونیشانی (مه‌سروری هه‌موان پێی گوتین) ئاماژەی بەوە دا کە ”مەسروری هەموان پێی گوتین، كوردستانی به‌هێز پێویستی به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه‌، ئه‌م ئیراده‌یه‌ پێویستی به‌ سه‌ركرده‌ی به‌هێز هه‌یه‌ تابتوانێ بناغه‌یه‌كی پته‌وی بونیاتنان دابڕێژێ و هه‌ر كاتێك نه‌یاران ویستیان، نه‌توانن به‌ ئاره‌زووی خۆیان هه‌رزانفرۆشمان بكه‌ن“.

ڕوونیشی کردەوە کە ”چاكسازی و ده‌ستبڕینی گه‌نده‌ڵكاران، ویستی خه‌ڵكه‌ و هه‌میشه‌ش سه‌ركرده‌ی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ خۆی له ‌به‌ره‌ی خه‌ڵك ده‌بینێته‌و“.

باسیشی لەوە کردووە کە هاتنه‌ پێشی بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌كان و پێشهاته‌كان، پێویستی به‌ پاڵپشتیی هەموانە و به‌ سیاسیكردنی ئه‌م پرسه‌ ده‌بێته‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو كه‌ به‌ری ڕه‌نج و ماندووبوون و قوربانیدانی كوردستانیانه‌.

زانای مەلا خالید دەڵێت: ”ئه‌وانه‌ی گره‌و له‌سه‌ر له‌باربردنی ئه‌زموونه‌كه‌مان و قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووریی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، هه‌میشه‌‌ به‌رامبه‌ر به ‌گه‌ل دۆڕاو ده‌بن و هه‌میشه‌ش ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوو براوه‌ ده‌بێت“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ئاسته‌نگه‌كان زۆرن، كاره‌كته‌ره‌كانی دروستكردنی ئاسته‌نگیش خه‌ونه‌كانیان زۆرن، به‌ڵام ”هه‌میشه‌ ئه‌و حكومڕانیه‌ته‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كه‌ میلله‌ته‌كه‌ی له‌ ده‌سته‌ ئه‌مینه‌كانی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت“.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە ”له‌ ڕابردوو پێی گوتین، ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كه‌ ڕێگری له‌ گه‌نده‌ڵی بكه‌ین و دادپه‌روه‌ری بێنینه‌ كایه‌وە، ئه‌مڕۆ پێی گوتین ئێمه‌ خاوه‌ن بڕیاری خۆمانین و ڕووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌ ده‌بینه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌ سایه‌ی به‌رده‌وامبوونی فه‌وزای سیاسی و دروستكردنی كه‌شێكی ناله‌بار به‌ به‌رده‌وامبوونیان له‌ گه‌نده‌ڵی بپارێزن“.

دووپاتیشی کردووەتەوە کە ”هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌ی مه‌زن، لای گرنگه‌ ئه‌زموونی میلله‌ته‌كه‌ی پارێزراو بێت و حكومڕانیه‌ت سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وكات كێ ده‌یه‌وێت ببێت بە ‌شه‌ریكی سه‌ركه‌وتن با بفه‌رمووێت، چونكه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی ئیستا شه‌ریكی به‌رپرسیاره‌تیی دۆخه‌كه‌ نابن“.