لەم ڕۆژانەدا شەش ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان سووتاون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەم ڕۆژانەدا شەش ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان سووتاون

لەمبارەیەوە هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدرێت


بەرپرسێکی پۆلیسی ھاتوچۆ رایگەیاند بە ھۆی ھاتنی وەرزی گەرماوە، ئەگەری سووتانی ئۆتۆمبێل زیاتر دەبێت و لەم ڕۆژانەشدا شەش ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان سووتاون، لەو ڕووەوە چەند ڕێنوێنییەک دەخاتەڕوو.


زاھیر محەمەد بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند تەنھا لە وەرزی ھاتنی گەرمای ئەمساڵ کە لە سەرەتاکەیدان، لە ھەرێمی کوردستان شەش ئۆتۆمبێل لە خۆیانەوە گڕیان گرتووە و سووتاون، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ئاگادارکردنەوەی شوفێران ھەیە بۆ ئەوەی بزاندرێت ھۆکار چییە و چۆن ڕێی لێ دەگیرێت.


گوتیشی پێویستە شوفێر لە وەرزی گەرمادا مەودای زۆر و بێ وەستان ئۆتۆمبیلەکەی بەكار نەھێنیت و ھەر ناوە ناوە ساردی بکاتەوە و پشکنین بۆ بەشی وایەر و فیول پەمپی بکات.


هەروەها ڕایگەیاند کە پێویستە لایەنـــی پەیوەندیدار بە تایبەت ئەوانەی چاودێری و کاری ھێنانی ئۆتۆمبیل و کەلوپەلەکانی دەکەن، ھەوڵ و چاودێرییەکـانیان چڕ بکەنەوە و ھاوکات تەنھا ڕێگە بە ھاوردەکردنی ئەو بەنزینە بدەن کە کوالێتی بەرزن، بەپێچەوانەوە لە پێنج مانگی وەرزی گەرمادا زۆرترین ھاووڵاتی لە ڕووی مادی و جەستەییەوە زیانیان پێدەگات.