شارەزایەك مەترسییەكانی به‌نداوى ئه‌لیسۆى توركیا له‌سه‌ر كوردستان و عێراق دەخاتەڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەزایەك مەترسییەكانی به‌نداوى ئه‌لیسۆى توركیا له‌سه‌ر كوردستان و عێراق دەخاتەڕوو


ئەمڕۆ هەینی به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوه‌كانى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند پڕۆژه‌ى به‌نداوى ئه‌لیسۆى توركیا كاریگه‌ریى زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌زینى ئاستى ئاو له ‌عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش، چونكه‌ شاده‌مارى سه‌ره‌كیی رووباری دیجله‌یه‌.


ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌رێمی كوردستان به ‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند "به‌نداوى ئه‌لیسۆى یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌كانى گاپ كه‌ ساڵانیكى زۆره‌ توركیا كارى بۆ ده‌كات، ئێستا به‌نداوه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و حكوومه‌تى توركیا ده‌ستى كردووه‌ به‌ گلدانه‌وه‌ى ئاو له‌ به‌نداوه‌كه‌،‌ بڕی 11.5 ملیار مه‌تری چوارگۆشه‌ ئاو ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كى ئێجگار زۆره‌ و كاریگه‌ری زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى ئاوى رووبارى دیجله‌".


راشیگه‌یاند "رووبارى دیجله‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى دابینكردنى ئاوه‌ بۆ به‌نداوى مووسڵ كه‌ گه‌وره‌ترین به‌نداوه‌ له‌ عێراق، به‌ كاركردنى به‌نداوى ئه‌لیسۆى شاده‌مارى رووبارى دیجله‌ ده‌بڕێت، چونكه‌ 53%ى ئاوى ئه‌و رووباره‌ كه‌م ده‌كات، به‌مه‌ش به‌نداوى مووسڵ ناتوانێت ئاو بۆ مووسڵ و تكریت و سامه‌را و خوارووى عێراق دابین بكات، كه‌ ئێستا پشتیان به ‌به‌نداوى مووسڵ به‌ستووه‌".


ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد "به‌نداوه‌كه‌ كاریگه‌ری تا ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانیش ده‌بێت، به‌ڵام به ‌رێژه‌یه‌كى كه‌متر، چونكه‌ جگه‌ له ‌رووبارى دیجله‌، ئێمه‌ ده‌توانین پشت به‌ رووبارى خابوور ببه‌ستین، به‌ڵام پێویسته‌ حكوومه‌تى عێراق مشوورى بابه‌ته‌كه‌ بخوات و ده‌ست به‌دانوستاندن بكات له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى توركیا، چونكه‌ ئه‌وانیش له ‌به‌رامبه‌ر ئاودا داواى شتى دیكه‌ له‌ عێراق دەكەن".