گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئارێز؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئارێز؟

 

ئەوەی ئارێز دەیڵێت کە ئەوان دەتوانن لە هەولێرەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕوخێنن، کە تیرەکە ڕووی لە پارتیە ڕەنگە بۆ هێزێک کە خزمەتێکی زۆری هەولێری کردبێت و بەهۆی بارودۆخێکەوە لە جەماوەرەکەی دابڕابێت و بنکەیەکی جەماوەری بەهێزی جێهێشتبێت تا حەدێک قسەیەکی لۆژیکی بێت، بەڵام ئەوەی ئارێز عەبدوڵا دەیەوێ ڕابەرایەتی بکات ئەوەیە.

لەسەردەمی ئارێز لە هەولێر کە دووساڵێک هاوبیرەکانی بەڕێیان کرد، چونکە ناکرێ بوترێت بەڕێوەیان برد، کە بەسەردەمی مزەخە دزین ناسراوە نەک خەڵک مووچەی نەبوو بەڵکو بەهیچ شێوەیەک لە ژیانی خۆشی ئەمین نەبوو لەو سەردەمە ڕۆژ نەبوو کەسێک تەنیا لەبەر ڕای جیاواز بە چاکەت و بیجامەوە لە کەندەکانی ئەوکاتی هەولێر کە ئێستا گەڕەکی هەڤاڵان و شاری خەونەکان و دەیان پارکە نەدۆزرێتەوە.

ئەو سەردەمەی ئارێز باسی دەکات ئەو سەردەمەبوو ئەوەی کۆستەری هەبووایە دەزانێ چۆن بە قۆنداغی تفەنگ دەبردرا بۆ سوخرەی گواستنەوەی چەکدارانی یەکێتی، نەک بارەگاکان بگرە قوتابخانەکانیش کرابوونە بارەگای حزبی و شەوان کە بەپێش مەکتەبێکدا دەچووی دەبوو سەت دوعا بکەی بەر فیشەکت نەدەن.

ئەو سەردەمەی ئارێز باسی دەکات ئەوکاتە بوو کە ئۆتۆمبێل لەبری ئەوەی لە حەوشەو بەردەرگای ماڵەکان بێت لەسەربان دەشاردرایەوە و چوار تایەکەی دەبردرایە ماڵی دیکە تا نەدزرێت، لەبیرمە ماڵێکی گەڕەکەکەمان هەر پارچەیەکیان لە ماڵێک شاردەوە.

جگە لەوەش لەو سەردەمە کە یەکێتی لە لوتکەی جەماوەریدابوو لە هەولێر لەبری ئەوەی خزمەتی شارەکە بکات، خەڵکانێکی بەردابووە ئەو بارەگایانەی کە پێشتر بارەگای پارتی بوون تاوەکو کاشی و بلۆکەکانی دەربهێنن، کە شیراتۆن دەتووت دانی کلۆرە، هیچی بەسەر هیچەوە نەما، بەڵام هەر چەندیان کرد بیناکەیان پێ نەڕووخا، لقی دوو بووە زەوی کە ئێستا ڕاین مۆڵە.

ئەو سەردەمە لەبیرمە یەکێتی لەلایەک تۆپی دەگرتە هێزەکانی ڕژێم و لەلایەکی دیکەش لەگەڵ پارتی لە شەڕدابوو، هەموو مەغریبێکیش بۆ وەڵامدانەوەی تەقەکانی یەکێتی هێزەکانی ڕژێمیش یەک دوو هاوەنیان بە دیاری بە خەڵکی سڤیلەوە دەنا.

ئەو سەردەمەی کە یەکێتیەکانی ئەوکاتیش سەدا دووی هیوا بە گەڕانەوەی ناکەن و لە هەڵبژاردنەکانی عێڕاق و کوردستان پێیان وت ئەو یەکێتیەی کە تەقلەی بە فیل لێدەدا کیسەڵی بۆ ناگیرێت.

ئیتر نازانم ئەو سەردەمە زێڕینە چیە کە ئارێز عەبدوڵا پێیوایە خەڵکی هەولێر لەبیری دەکات و بۆی دەگەڕێتەوە، لەبیری دەکات هەولێر لە گوندێکی گەورەوە دوای دوورکەوتنەوەی هوبیرەکانی ئارێز بوو بە شار دووبارە بە دوای کڵاوی بابردووی ئارێز عەبدوڵا دەکەونەوە، دانیشن بەخێر با شتێک نەشکێنن دەستی خۆتان ببڕێت.