كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هاتوچۆی هەولێر: ناکرێت سەرەڕۆیی سوکان بەدەستێک پاساوی بۆ بدۆزرێتەوە

 

گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر له‌ باره‌ی ڕووداوی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دوێنێ داوا ده‌كات دادگای داواكاری گشتی لێكۆڵینه‌وه‌ لەبارەی ڕووداوه‌كه‌ بكات و ناكرێت حکوومه‌ت تۆمه‌تبار بكرێت.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەم رووداوە بڵاو کردووەتەوە و نووسیوویەتی: "ناکرێت سەرەرۆیی سوکان بەدەستێک پاساوی بۆبدۆزرێتەوە و تەنانەت حکوومەتیشی پێ تاوانبار بکرێت".

دوێنێ پێنجشەممە ٢١ی ٥ی ٢٠٢٠، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ساتەوەختی رووداوێکی مەترسیداری هاتوچۆی بڵاو کردەوە کە تێیدا منداڵێک لەکاتی کردنەوەی دەرگای حەوشەی ماڵەکەیان دەکەوێتە ژێر ئۆتۆمبێل.

دەقی روونکردنەوەکە:

سەبارەت بە ڕووداوى ئۆتۆمبیلەکەى دوێنێ پێویستە دادگای داواکاری گشتى پاش خوێندنەوەى ئەم بابەتە، بەداوداچوون بۆ ڕووداوەکە بکات:

ئەمەش دەقی وتەى مامۆستا عەبدوڵڵا ڕەحمان خاڵی منداڵەکەیە:

ئەوە رووداوە مالی خوشكمە، سوپاس بو خودا منداڵەكە سەلامەتە، هەڵەكە لە خودی ئۆتۆمبێلەکەیە كاتێك كارەباییاتی شەكل دەبێ و لە ناكاو سكرێتری بەنزینی كبس دەبی، چونكە سكرێتەری ئۆتۆمبێلی ئێستا كارەباییە و سیم نییە، بۆیە لەناكاو بێ ئاگاداری شۆفێر دەردەپەڕی و لە کۆنترۆڵی شۆفێر نامینێ هەرچەندی هەوڵی ئیستاپ دەدات ناگرێت، بەڵام لە خوای بەزیاد بیت منداڵەكە سەلامەتە، ئەو رووداوە و چەندین رووداوی دیكەی هاوشێوە ئەوە دەسەلمێنت كە بواری ئۆتۆمبێل لە كوردستان چەندە وێرانە و ئۆتۆمبێلی خراپ و بی كوالیتی بازاری پر كردووە و حكوومەتیش تەنیا گومرگی هەبێت لە خەمی هیچ دا نییە.

ئەوەی سەرەوە روونکردنەوەی بنەماڵەی ئەو منداڵەیە کە رووداوەکەی بەسەر دێت کە ئەو ماوەیە روونکردنەوەی بنەماڵەکان تەنانەت لەبابەتی مردن بە کۆرۆناش بۆتە مۆدیل، من نازانم ئەو مامۆستاتایە تایبەتمەندی شارەزایی لەچ بوارێک هەیە، بەڵام رایدەگەیەنم کە ئەوەی مافی ئەوەی هەیە کە بریار بدات ئەوە بەهۆی تێکچوونی پایدەری بەنزینە یان نا پشکنینی هونەرییە کە بەفەرمانی دادگا شارەزایان دەیکەن، نەک خاڵی قوربانییەکە وە ناکرێت سەرەرۆیی سوکان بەدەستێک پاساوی بۆبدۆزرێتەوە تەنانەت حکوومەتیشی پێ تاوانبار بکرێت، چونکە لەو وڵاتە زۆرسەیرە حکوومەت لەجیاتی هەمووان تاوانبارە وە هەمووان لەسەرحەقن تەنها حکوومەت نەبێت کەرێگای داوە بەهاتنی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە گوایا بەقسەی خاڵی منداڵەکە کوالێتی خراپە لەگەڵ ئەوەی زۆر باشیش دیارە، وە لەگرتەکەش زۆرباش دیارەکە هۆکارەکەی سەرەرۆیی و تووڕەییە یان شێوان و قاچ نانە بەپایدەری بەنزین لەجیاتی برێک کە ئەوجۆرە سوکان بەدەستەشمان بەداخەوە ئێستا یەکجار زۆر، وە ئێمەی هاتوچۆش بەداخەوە لەدرووستکردنی ئەوانە بێ تاوان نین.