كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جوان عەبدوڵڵا 21/05/2020

یەكێتی لە نێوان حەقیقەتێكی تاڵ و داهاتووێكی نادیار

قووڵبوونەوەی ململانێی سەركردەكانی یەكێتی مێژووێكی خۆی هەیە، خەریکە نزیكیان دەكاتەوە لە هەرەسهێنان بە حزبەکە. جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی حزبی نوێ بەڵگەی نكۆلی لێنەكراون لەسەر ئەمە.

دابەشبوونی یەكێتی بەسەر چەند باڵ، كە هەریەكەیان ئەجێندای تایبەت و هێزی خۆی هەیە، هاوسەنگیی هێزی نێو ماڵی یەكێتی لەق كردووە.

لەم مەسەلەیەدا، چەندین جار لەلایەن یەكێتی دەستپێشخەری كراوە بۆ كۆكردنەوەی ئاراستەكان و ئاشتكردنەوەی باڵەكان، بەڵام ئەمە چارەسەر نەبووە و نەیتوانیوە دنیابینییەكی سیاسیی تازە بونیاد بنێت لەنێوان لایەنەكان.

دوای ساڵانێك لە ململانێی توندی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، دوای ئەوەی گۆڕان وەك هێزێكی ئۆپزسیۆنی مەدەنی كاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێگەی جەماوەری یەكێتی دروست كرد، گۆڕان وەك هێزێكی سیاسیی سەربەخۆ توانی خۆی بخزێنێتە نێو حكوومەت و عەرشی یەكێتی لەنێو حكوومەت بهەژێنێت. ئەمەش وایكرد كە یەكێتی هەست بە قەبارەی ئەم هەڕەشەیە بكات. لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی دەباشان (بە ئامادەبوونی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا)، ڕێکكەوتنی ستراتیژی لەنێوان هەردوو هێز ئیمزا كرا، ڕێککەوتن و گفتوگۆکان لەوکات بۆ دەستاودەستكردنی پۆستەكان بوون و زیاتر لە پڕۆژەیەكی حكومڕانیی هاوبەشی هەردوولایەن دەچوون، مەبەست لێی بونیاتنانەوەی يەكێتییەكی تاڕادەیەک بەهێز بوو لەبەردەم پارتیدا لەپێناو دژایەتیكردنی پارتی وەك حزبێكی بەهێزی خاوەن پێگە و بڕیار لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەڵام ململانێ و ناكۆكییەكانی نێوان باڵەكانی یەکێتی نەیھێشت ئەم ھەنگاوە وەک خۆی جێ بەجێ بكرێت، ڕێكەوتنەكە وەك حوبرێكی سەر كاغەز مایەوە. ھەردوو لایەن لە جیاتی لە یەک نزیکبوونەوە، ھەنگاوێکی دیكە لە یەکتر دوورکەوتنەوە. جارێكی تر یەكێتی بۆ گۆڕانی سەلماند كە هێزێكە ئومێدی لەسەر هەڵناچنرێت و بڕواكردن پێی هەڵەیەكی سیاسییە.

ھەڕەشەی چڕبوونەوەی ناكۆكیی باڵەکان مەترسیدارترین و زەقترین ھەڕەشەیە کە وایكردووە هەڵهاتنی خۆری دواڕۆژی یەكێتی لە هەژاندا بێت.

بۆیە لەم ساتەوەختەدا دەستپێشخەریی یەکێتی بۆ سازان و خۆ نزیککردنەوە لە گۆڕان تەنھا بۆ شاردنەوەی لاوازیی کاریگەریی یەکێتی وەک حزبێکی دەسەڵاتدار لە سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەگرتنیشە لە زیاتر لێكترازانی حزبی. یەکێتیی ئێستا ئەوەی دوێنێ نەیتوانی بیکا، ئەمڕۆ لە ھەگبەیەتی، بە ئامانجی ئەوەی جارێکی دیكە ھەژموونی سیاسی بەسەر سلێمانیدا فراوان بکات و نفوزی خۆی بسەپێنێت و هێزێكی بەرجەستە و کاریگەری (بە شێوەی جاران) لەڕووی سیاسیەوە لەبەردەم هێزە سیاسیەكانیتر لە كوردستان بەتایبەت پارتی نیشان بدات. دیسان دەیەوێ لەژێر چەتری یەک حزبدا دوو ڕەوتی جیاواز کۆبکاتەوە، يئەمە لە ترازانەوە بکاتە يئاسۆی ھەڵسانەوە. بەڵام ئەمە هەنگاوێكی تەجروبەكراوە و شكستی هێناوە، پێشتر و ئێستاش یەکێتی، گۆڕانخوازەکانی بە پاشکۆ و مەئمور دەزانی، گۆڕانخوازەکانیش كە بە باڵی ڕیفۆرم و دامەزرێنەرانی بیرۆكەی نوێبوونەوە لەم حزبە دەناسرێن، لەمە زیاتر بە حەقی خۆیان دەزانن.

ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە ئیتر ئەم دوو هێزە توانای لەگەڵ یەك كۆبوونەوە و چوونە ژێر یەک چەتریان نییە، چونكە سیاسەتی باڵێکی دەست رۆشتووی یەکێتی سیاسەتی خۆسپاندنی بنەماڵەیی و پەراوێزخستنی دەنگە جیاوازەکانی دیكەیە. گۆڕانخوازەکانیش رەتکەرەوەی ئەم سیاسەتەن، بە تایبەت زەوتکردنی دەسەڵاتەکان و حوکمی تاکڕەویی بنەماڵەیی. فیكرەی بونیاتنانی ستراتیژیەتی ھەردوو لایەن بۆ جارێکیتر دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، ناتوانێ ببێتە نەخشەڕێگا بۆ چارەسەری كۆی كێشە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی خۆیان و كوردستان. ئەم ناكۆكییە بەردەوامە و بەردەوام دەبێت، چونکە نەک تەنھا ئەم دوو ڕەوتە، بەڵکو یەکێتی بە سەوز و شین و بە ھەموو ڕەنگەکانی تریەوە لە پشت مێزەکانیان ھەمیشە سەنگەریان لە یەک گرتووە و تەكەتولاتی حزبی تا دێ دەنگی بەرزتر دەبێتەوە، ئیتر ناتوانن بونیاد و پێکهاتەیەکی نوێی حزبی دروست بكەنەوە كە ڕوخساری هێزێكی یەكگرتوو نیشان بدات.