تۆ بڵێیت زمان هەبێت لە کوردی جوانتر؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تۆ بڵێیت زمان هەبێت لە کوردی جوانتر؟

وردەسەرنج بۆ نووسەرێکی لاو، لە جێی ئامۆژگاری

نووسەرانی لاو، جاروباریش نووسەرانی بەتەمەنتر، بەرهەمی خۆیانم بۆ دەنێرن، شیعر بێت یا پەخشان، بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە و ئەگەر سەرنجێکم لەبارەی ناوەڕۆک، تەکنیک، یا زمانی تێکستەکەوە هەبێت، بۆیانی بنووسم. لە وەڵامدا هەمیشە ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە من ڕەخنەگر نیم. ئەگەر شتێکیش بڵێم، وەک خوێنەرێک قسە دەکەم. دیارە ئەزموونی ئەدەبی و زانستیی خۆم لەو ڕووەوە کۆمەکێکی زۆرم دەکەن.

ئەم نووسینەی لێرەدا بڵاوی دەکەمەوە، وەڵامی نووسەرێکی لاوە کە نایناسم. لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە ڕۆمانەکەی خۆی بۆ ناردبووم و منیش هەندێ سەرنجم لەبارەیەوە دەربڕی. لەم تێکستەی ئێرەدا، ناوی نووسەرێک و هەندێ زانیاریم سەبارەت ڕۆمانەکە لا بردوون، چونکە پێم خۆش نەبوو ناوی کەس بهێنم، یا ببمە هۆی ناسینەوەی نووسەرە لاوەکە.

هاوپێچی ئەم پەیامە ڕەشنووسی ڕۆمانەکەتان دەنێرمەوە خزمەتتان. با هەر بە کورتی عەرزتان بکەم:

من بە هۆی نەخۆشییەوە، هەروەهایش بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای دنیاگری کۆرۆناوە، ئەو دەرفەت و توانست و وزەیەم نەبوو بە ئارەزووی خۆم و بە ئارەزووی تۆیش هەموو مەتنەکە بخوێنمەوە. بەڵام دیارە بەشێکی باشم لێ خوێندەوە: لاپەڕەی ١ - ١٠٠، لەوە بە دوایش هەر پێنجەمین لاپەڕەیەک. ئەم خوێندنەوەیە بەس بوو بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوی کارەکەتان لە زەینمدا دروست ببێت. لێرەدا تەنیا هەندێ وردە سەرنج دەردەبڕم، هیوادارم لەوە دڵنیا بیت کە بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە، بەڵام بە ئەوپەڕی بەرپرسیاریشەوە، ئەو سەرنجانەت بۆ دەنووسم:

بۆ من، لە ئەدەبییاتدا، زمان لە هەموو شتێک گرنگترە، نەک ناو و ناوبانگ و ژمارەی کتێب و پێوەری دیکەی هاوشێوە. دیارە لێرەدا باسی زمانی کوردی دەکەین. هەر بۆ نموونە عەرزت بکەم، دەزانم بەشێکی زۆری نووسەر و خوێنەری کورد پێیان وایە کەسێکی وەک (...........) نووسەرێکی یەکجار گەورەیە، بەڵام من وەهای نابینم، چونکە پێم وایە ئەو پیاوە کوردی نازانێت. تۆ زمانە کوردییەکەت خراپ نییە. کە وا دەڵێم، ئەوەم لە بەرچاو گرتووە، کە تۆ کەمئەزموونیت و وایش هەست دەکەم بەتەمەن نییت، واتە هێشتا لاویت و جەوانیت. ئەمەیش ئەو بیرە بە دووی خۆیدا دەهێنێت کە، ئەگەر بتەوێت، مەودایەکی باشت لە پێشدایە بۆ فێربوون و گەشەپێدانی زمانە کوردییەکەت. لە هەندێ جێگەدا کارکردی زمانی فارسی، میزاج و چێژی کوردییەکەی تێک داوە. بەڵام ئەمە زۆر نییە. من نووسەری کوردستانی ڕۆ‌ژهەڵات دەناسم کە دەنووسێت، تەنیا وشەکان کوردین، ئەگەرنا بیرکردنەوە و داڕێشتن و ساختی تێکستەکانیان هەر فارسییە.

شتێکی دیکە لە کوردییەکەتدا سەرنجی ڕاکێشام. نووسەرانی موکریان، بە گشتی، شێوەیەکی ڕێزمانی بە کار دەبەن، کە لە زمانەوانیدا پێی دەگوترێت (کەیسی، یا کاسووسی، ئۆبلیک). قەناتی کوردۆ (١٩٠٩-١٩٨٥)، پرۆفیسۆری کوردناسی لە زانستگەی لێنینگرادی جاران، بە دووی ئەویشدا هەندێک زمانزانی کورد، ناویان ناوە (تەوان). دیارە (تەوان) لە وشەی (طوي)ی عەرەبییەوە هاتووە، بە مەعنای پێچانەوە یا چەماندنەوە، کە ناوێکی بێتام و ناقۆڵایە. دەمویست بڵێم لای تۆ ئەو شێوە گەردانکردنە، یا ئەو جۆرە کاسووسە، بەرچاو ناکەوێت، کە من ئەمەم پێ خۆشە. باوەڕ بفەرموو، نایشزانم خەڵکی کام شار و کام ناوچەیت و بۆیشم گرنگ نییە ئەو زانیارییەم بەردەست بێت. پێم وایە جیاکردنەوەی زمانی ڕۆژانە لە زمانی ستاندارد و زمانی نووسین، بۆ کوردیی ناوەندی زۆر پێویستە. ئەگەر سیستێمی (گێنووس: زایەند) لە ڕێزمانی زاراوای موکریانیدا سیستێمێکی سفت و گشتگر ببووایە، من دژی نەدەبووم، بەڵام ئەو (دۆخی ئۆبلیک)ـەی کە لە کوردیی باکوور (کرمانجی)دا هەیە، لە موکریانیدا نییە. بۆیە چاکترە نووسەرانی موکریانیش خۆیان لە بەکارهێنانی بپارێزن و هەر بە شێوەی نووسەرانی کوردستانی باشوور دۆخەکان (کەیس: کاسووس) بە کار ببەن. لە بیرمە کاتی خۆی (هاوینی ١٩٨٥)، کە دوای دە ساڵ لە ورمێ چاوم بە مامۆستا هێمن (١٩٢١-١٩٨٦) کەوت، لە باسی زماندا مامۆستا هێمن باسی ئەو شێوەی دەربڕینەی بۆ کردم. دیارە مامۆستا هێمن زمانەوان (زمانناس) نەبوو و نەیدەتوانی بە تێرم و زاراوەی زمانەوانی مەبەستەکەی ڕوون بکاتەوە، بەڵام من دەمزانی دەیەوێ چی بڵێت. مامۆستا گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە بۆ نووسەرانی موکریان وا چاکترە ئەو شێوەیەی بەکارهێنانی دۆخی (کاسووسی) ئۆبلیک واز لێ بهێنن.

دەردی ڕێنووس، باسێکی دیکەیە. پێم وایە هەموو ئەو دۆست و هاوڕێیانەی من دەناسن، ئەوەیش دەزانن کە من ڕێنووسی هیچ نووسەرێکی کوردم بە دڵ نییە و بە ڕاستی نازانم. ئەم هەڵوێستەم نە لووتبەرزییە و نە شکاندنەوەی کەسێکە، بەڵکە ئەنجامگرییەکی زانستییە و دەیان جاریش وتوومە، ئەوەی باوەڕ ناکات، با بفەرمووێت، لێی بدوێین. ئەگەر توانیی قەناعەت بە من بکات، بەڵێن دەدەم واز لە بۆچوونەکەی خۆم بهێنم. بەڵام ئەگەر من قەناعەتم بەو کرد، دەبێ ئەویش بەڵێنێکی وەها بدات. دیارە دەبێ ئەو کەسە شارەزای زمانناسی (زمانەوانی) و شارەزای تەواوی زمانی کوردی بێت، ئەگەرنا لەگەڵ کۆلکەخوێندەواردا ناکرێت باسێکی زانستی یەکاڵا بکرێتەوە.

دەمویست بڵێم، خۆت بە ستەملێکراو مەزانە، ئەگەر بڵێم لە ڕووی ڕێنووسەوە تێکستەکەت (مەتنەکەت) کۆڵەوارە. من هەوڵم داوە بەشێک لەو هەڵە و ناڕێکییانە دیاری بکەم، بەڵام هێندە زۆرن کە ئیدی لە ژماردن نایەن. دەبێ ئەوەیش بخەمە سەر قسەکانم، کە نەزانینی ڕێنووس، بۆ نووسەرێکی گەنج و کەمئەزموون، ئەو کێشە گەورەیە نییە، بۆی چارەسەر نەکرێت. نەزانینی ڕێنووس زۆر لە نەزانینی زمانی کوردی ئاسانترە و دەردێکی سووکترە. ئەمیان دەکرێ زوو خۆت فێر بکەیت، بەڵام فێربوونی کوردییەکی باش هەر وا ئاسان نییە؛ کاری دەوێت و خۆماندووکردنی دەوێت و مێشکێکی کراوەی دەوێت.

بە درێژا باسی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەت ناکەم، چونکە من ڕەخنەگر نیم. کە نووسەرێکیش ڕۆمان یا چیرۆکێکی خۆیم بۆ دەنێریت تا تەماشایەکی بکەم، من هەر وەک خوێنەرێکی ئاسایی دەیخوێنمەوە، نەک وەک ڕەخنەگرێکی ئەدەبی. ڕەنگە بۆ شیعر وا نەبم، چونکە خۆم شاعیرم و ئەزموونێکی دوورودرێژیشم لەو ڕووەوە هەیە، کە پێم وایە بۆ داوەریکردن و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە کۆمەکم دەکات.

ڕۆمانەکەت کۆمەڵێک (وردەشت)ی تێدان کە دەبنە هۆی سەرلێشێوانی خوێنەر. ئەوەندە وردەشتت کۆ کردوونەوە کە ئیتر بوارت بۆ هیچ گەشەکردنێکی ئێستێتیکی نەهێشتووەتەوە. بێجگە لەوەیش پاڵەوانەکەت ڕێگە بە کەسی دیکە نادات بیر بکاتەوە یا قسەیەک بکات. ئەم هەڵوێستە سەرتاپێی تێکستەکەی تەنیوەتەوە.

ئەگەرچی بە ڕوواڵەت (ڕووداو) لە ڕۆمانەکەدا کەم نین، بەڵام ڕووداوی گەورە، یا گرنگ، کە ببێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی ڕۆمانەکە، یا بەخشینی مەودایەکی ئێستێتیکی یا فەلسەفی بە سەرجەمی گێڕانەوەکە، بە دی ناکرێت. سەرتاپێی ڕۆمانەکە لە دوو بەرەدا ڕوو دەدات؛ ئیتر ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ! تاکە گەوی گەیێنەری نێوان ئەو دوو بەرەیە، پاڵەوانە کڵۆڵەکەیە کە، بۆ نەگبەتی، ئەویش مەگەر هەر تەنیا لە ڕۆمانەکەدا پێی بگوترێت پاڵەوان، ئەگەرنا هەتا خوا حەز بکات، یا ڕەنگە حەز نەکات، ترسنۆک و بوودەڵە و (هێچ لە باردا نەبوو)ە.ـ ڕۆمان هەر ئەوە نییە کۆمەڵێک ڕووداو و کۆمەڵێک مرۆڤ و شوێنی جۆراوجۆر کۆ بکەیتەوە و بەسەر یەکتریدا کەڵەکە بکرێن. ڕۆمان، زۆر جار، بانگەشەی فەلسەفەیەکیش دەکات. مەرجیش نییە ئەو فەلسەفەیە تیۆرییەکی قووڵ و پانوپۆڕ بێت، بەڵام گرنگە شتێکمان پێ بڵێت، هەر شتێک، کە بکرێت لە ژیاندا جێی ببێتەوە. ئەمەی دەیڵێم نە تیۆرییەکی ئەدەبییە و نە بنەمایەکی ڕەخنەی ئەدەبی، بەڵکە سەرنجی خوێنەرێکە کە سەدان ڕۆمانی خوێندوونەوە و پێی خۆشە ڕۆمان وا بێت.

تۆ هەوڵت داوە لە بەشێکی پاژەکاندا زمانێکی ڕەمزدار، یا سیمبۆڵیک، بە کار ببەیت، بەڵام پێم وایە لەوەدا سەرنەکەوتوویت، هۆیەکەیشی ئەوەیە کە بارێکی قورس و گرانت خستووەتە سەرشانی زمانێک، کە خۆی لاواز و ناتوانایە. ئەوجا زمانی سیمبۆڵیک هەرگیز مەعنای ئەوە نییە کە کەس پەی بە مەبەستەکانی نەبات. پێم وایە تاکە جێگا کە هەوڵت داوە خوێنەر ڕێگەیەکی لە بەردەمدا بمێنێتەوە، ئەوێیە کە باسی ئاڵایەکی سپی و سەوز و سوور دەکەیت، کە هەتاوێک و دوو گوڵەگەنمیشت تێدا نەخشاندوون.

دەزانم تۆ پێت خۆشە لە دوای ئەم درێژدادڕییە ڕستەیەک بخوێنێتەوە، جۆرێک ئامۆژگاری یا ڕێنوێنی بگەیێنێت. من کەم جار ئامۆژگاریی کەسانی دیکە دەکەم، بە تایبەت نووسەرانی لاو، چونکە پێم وایە مرۆڤ لە هەڵەکانی خۆیەوە باشترین ئەزموون وەردەگرێت و فێر دەبێت. جاروبار، لە جێی ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ، بە یارۆ دەڵێم "ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە..." جا با ئێستایش هەر لە پەنای ئەو ڕستەیەدا شتێکت عەرز بکەم. ئەگەر من لە جێی تۆ بم، ڕۆمانەکە لەناو کۆمپوتێرەکەمدا هەڵدەگرم و ئیتر تا حەوت ساڵی دیکە، هەر تەماشایشی ناکەم. بەڵام لەو حەوت ساڵەدا هەوڵ دەدەم حەفتا ڕۆمانی چاک بخوێنمەوە و هەروەهایش کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لەبارەی ڕۆمانەوە. بارتەقای ئەوانەیش خۆمم فێری کوردییەکی چاک دەکرد. بتەوێ زمانێک باش فێر ببیت، دەبێ وەک عاشقێک تەماشای بکەیت، دڵداریی لەتەکدا بکەیت.

لەم ڕۆژانەدا پەیامێکم بۆ دۆستێکم نووسیبوو، نووسەر و وەرگێڕێکی ناودارە. لە دوایین بڕگەی پەیامەکەمدا نووسیبووم: تۆ بڵێیت زمان هەبێت لە کوردی جوانتر؟