ناناوەندی (لامەرکەزی) لە هەرێمی کوردستاندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ناناوەندی (لامەرکەزی) لە هەرێمی کوردستاندا

 

مێژووی ناناوەندی دەگرێتەوە بۆ دوای شۆرشی فەرەنسا کە ئەو کاتەی خەڵک داوایان دەکرد دەستەڵات لە دەستی یەک کەسدا نەبێت و دەستەڵات دابەشبکرێت بەسەر دام و دەزگاکانی نوێی فەرەنسادا، بەڵام دواتر بەهاتنی (ناپلیۆن بۆناپارت) ئیتر دەستەڵات هەر لەدەست خۆیدا مایەوە و ناوەندێتی دەستەڵات وەک سەردەمی پێش شۆرش لێیهاتەوە. پێناسەی ناناوەندی بریتیە لە شۆرکردنەوەی دەستەڵات لە حکومەتی ناوەندا بۆ هەرێمەکان و پارێزگاکان، بەوەی کە ئەرکی حکومەتی ناوەند بریتیە لە پاراستنی کیانی وڵات و بریارە چارەنوسسازەکان، لە کاتێکدا ئەرکی هەرێمەکان و پارێزگاکان بریتیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان و نزیکبوونەوە هاوڵاتیان و بەشداری پێکردنیان لە بریارە لۆکاڵەکان. هەردوو سیستەم کاری پێکراوە لە چەندین وڵاتانی جیهاندا وەک (هیندستان) کە سیستەمی ناناوەندی کاری پێدەکرێت، هەروەها (رووسیا)ش کە کار بە سیستەمی ناوەدێتی دەکات و هەرێمەکان هیچ دەستەڵاتێکیان نیە. لە زۆر وڵاتیش ناوەندی و ناناوەندی پێکەوە کاریپێکراوە وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ویلایەتەکان خاوەن بریاری خۆیانن لە هەندێک هەنگاودا و لە هەنگاوە چارەنووسسازەکانیش حکومەتی ناوەند لە (واشنتۆن) خاوەن بریاری کۆتاییە.


سیستەمی ناناوەندیش چەندین جۆری هەیە کە پێکدێن لە ناناوەندی سیاسی ، کارگێری، ئابووری و بازاری. لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە سەرۆکایەتی بەرێز (مەسرور بارزانی) بەرنامەی ناناوەندی بە روونی باسیلێکراوە کە پێویستە جێبەجێبکرێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا باسی لیدەکرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ناناوەندی بۆ ئەوەی کە بیرۆکراتی کەمبکرێتەوە وەک هەندێک لە کاربەدەستانی پارێزگاکان دەڵێن، بەڵام دەتوانرێت بە چەسپاندنی سیستەمی ئەلیکترۆنی زۆر ئاسانکاری بکرێت بۆ هاوڵاتیان بۆ کەمکردنەوەی رۆتینی لە کاروبارەکانیاندا. جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە پیویستی بە بریاری حکومەت و یاسای پەرلەمان هەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەستیوەردانی حیزبی لەم باسەدا پێویست نیە، ئەگەر حزبێک بانگەشەی ناناوەندی بکات بێگومان بۆ زیاترکردنی هەژموونی خۆیە لەو پارێزگایەی کە بانگەشەی بۆ دەکات. ئەگەر بە روونی بیربکەینەوە دەبینین کە ناناوەندی سیاسی و سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتوو نەبووە، بەشێوەیێک کە بریاری گرنگی ستراتیژی لە لایەن هەندێک حزبەوە دەدرێت بێ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ حکومەتی هەرێم، لە بابەتی کۆنترۆڵی پەتای کۆرۆناشدا لەژێر دەستەڵاتی وەزارەتدا ززۆر سەرکەووتووتر بوو لەوەی ئێستا لەدەست پاریزگاکاندایە.


فۆکۆیاما دەڵێت، ئەگەر هەر سیستەمێک لە دەرەوە بهێنرێتە ناو وڵاتەوە سەرکەوتوو نابێت بەبێ ئەوەی کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگاکە نەگوونجێ، ئەوەی ئەمریکای کردۆتە زلهێزی جیهان، ناناوەندێتی نیە، بەڵکو هەبوونی حکومەتێکی ناوەندی بە‌هیز لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی بەهێزە کە هەردووکیان لەبەرامبەر یەکتر وەستاون و کار بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەیان دەکەن. ئێستا کاتێکی مەترسیدارە ئەگەر بێتو دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکان کەمبکرێتەوە، نەک هەر نابێت سیستەمی ناناوەندی بە هەموو دەستەڵاتەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکان، بەڵکو پێویستە هەوڵی زۆریش بدرێت کە حکومەتی هەرێم بە‌هێزتربکرێت. سیستەمی ناناوەندی بەهەموو دەستەڵاتەکانیەوە لە هەر پارێزگایەکی کوردستان بێگومان تووشی شکەست دەبێت. لە هەمانکاتدا، جێبەجێکردنی سیستەمی ناناوەندنی پێویستە زۆر بە ووردی سەرنجی بدرێتە سەری کە دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم بە شیوەیێک کەم نەکرێتەوە کە ببێتە هۆی لاوازبوونی. ئێستا کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەرەشەی هەموو رۆژەی حکومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەدایە، ئێستا لەهەر کاتێکی تر پیویستیمان بە نووسینی دەستوور هەیە نەک چەسپاندنی سیستەمی ناناوەندی. چەسپاندنی دەستوور گرنگی زۆر زیاتری لە چەسپاندی سیستەمی ناناوەندی هەیە، بە هەبوونی دەستووری هەمیشەیی ئەو نیگەرانیەش دەرەوێتەوە کە پارێزگایەک بیەوێت لە هەرێمی کوردستان جیاببێتەوە و ببێتە هەرێمێک سەربەخۆ.