ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی: با ئارێز عەبدوڵا و هاوفکرەکانی بۆ ڕووخاندنی هەولێر خۆیان تاقیبکەنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی: با ئارێز عەبدوڵا و هاوفکرەکانی بۆ ڕووخاندنی هەولێر خۆیان تاقیبکەنەوە

”هەرگیز تەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئارێزەکان ناڕووخێت“

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و رای گەیاند کە هەرگیز تەختی حکوومەت ”بە ئارێزەکان ناڕووخێت“ و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر زۆریان مەبەستە، دەتوانن خۆیان تاقی بکەنەوە.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە بەوە ناسراوە هەر ڕۆژەی لە پاڵ باڵێکی حزبەکەدا هەوڵی گەیشتن بە مەرامەکانی دەدات، لە دوایین چاوپێکەوتنیدا کە ئەم جارە هاوشێوەی تاقمە خۆفرۆشەکەی لاهوور جەنگی قسە دەکات، هەڕەشەی ڕووخاندنی تەخت و تاجی حکوومەتی لە هەولێرەوە کردووە.

لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی داوەتەوە و رای گەیاندووە: ”لێدوانەکانی ئارێز عەبدوڵا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەربارەی خۆپیشاندان و تێکدانی ئارامیی هەولێر جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئارێز دەبێ ئەو راستییە بزانێت کە هەولێر هێندە ئاسان نییە تا ئارێز و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە، بتوانن ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی هەولێر تێک بدەن“.

روونیشی کردووەتەوە: ”بە درێژایی مێژوو هەولێر شاری ئاشتی و پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردن بووە. ئێستاش ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاری شەهیدانە. هەرگیز تەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئارێزەکان نارووخێت“.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان قسە و لێدوانەکانی ئارێز عەبدوڵا لەسەر یەکێتی هەژمار ناکەن. هەروەک ئاماژەی داوە: ”خۆپیشاندان و داوای خەڵک بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەزانین و بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خۆپیشاندان، حکوومەتی کوردستان ڕێکارەکانی مۆڵەت وەرگرتنی دیاری کردووە و خەڵکی هەولێر پێویستی بە ئارێز عەبدوڵا نییە. بەڵام بە ئارێز و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە دەڵێین، ئەگەر زۆرتان مەبەستە و دەتوانن حکوومەتی کوردستان بڕووخێنن، فەرموون شانسی خۆتان و هاوفکرەکانتان تاقی بکەنەوە تا بزانن هەولێر و هەولێرییەکان چۆن وەڵامێکتان دەدەنەوە“.