كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نوری بێخاڵی 21/05/2020

ئەوانەی ئێمە چین، ئۆپۆزسیۆن یان ئۆپۆرتۆنیست!

بەشی سێیەم

 


ئەرکی دیموکراسی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی!
یەکێک لە بنەماکانی کاری سیاسیی حزبی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە، کە سەرەڕای ئەوەی مافی سیاسی و یاسایی خۆیەتی هەوڵی گەیشتنە دەسەڵات بدات و بە ڕوون و ڕاشکاوی پڕۆژە و ئەلتەرناتیڤەکانی بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی حوکمڕانیی بخاتە ڕوو و بە هەموو شێواز و ڕێگایەکی یاسایی، مەدەنی، ئاشتیخوازانە، کار بۆ ئامانجە سیاسییەکانی بکات و لەوەشدا لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵاتدا بکەوێتە ڕکابەریێکی دیموکراس و شەریفانە (نەک ڕقەبەری ئایدیۆلۆژی و کینەی مێژوویی!). هاوکاتیش لە ئاستە نیشتمانییەکەیدا دەبێ کار بۆ پاراستنی شکۆی نەتەوەیی ئەندامانی نەتەوەکەی و سەروەریی نیشتمانەکەی بکات. واتە کڕۆکی ڕاستەقینەی ناکۆکیی و ململانێی سیاسیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کۆمەڵگا ئەوەیە، کە دەبێ ناکۆکیی و ململانێیەکەیان دواجار بە قازانجی چاکە و بەرژەوەندیی گشتی و لە سەروشیانەوە لە بەرژەوەندیی شکۆ و سەروەریی نەتەوە و نیشتمان تەواو بێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە لە هەر وڵاتێکدا لە بەردەم دوو ئەرک و بەرپرسیارێتی دایە: ڕاپەراندنی ئەرکە دیموکراسییەکانی لە پەیوەست بە داکۆکیکردن لە ماف و ئازادیی کۆمەڵگا و هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات، هەروەها هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان. بۆیە ماهیەتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی ئەرێنی و بونیادنەر، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی تێکدەر لە میانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو ئەرک و بەرپرسیارێتییەدا دەردەکەوێت، کە ئاخۆ بڕوای بەوە هەیە ئەم دوو ئەرکە بە تەریبی و هاوسەنگی ڕابپەڕێنێت، یان لەسەر حیسابی یەکێکیان، خۆی لە ئەوەی تر دەدزێتەوە.

ئەمەش دووبارە و ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە سەر بابەتی ئەخلاقیانی کاری سیاسیی. بەوپێیەی پێویستە حزب و سەرکردە و کاراکتەری ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، لە گوتار و ڕەفتار، هەڵوێست و هەڵسوکەوتیاندا، لە ئاست کۆمەڵگاکەیاندا پابەندی ئەو باوەڕ و بنەما و بەها سیاسییانەیان بن، کە بانگەشیان بۆ دەکەن. واتە ئەو باوەڕ و بەهایەی لە دروشمەکانیاندا بە گوێی هاووڵاتیانی دادەنەوە، ببێتە بەشێک لە کەسایەتی و ڕەوشت و ڕەفتاریان و لە ژیانی ڕۆژانە و کار و بەرنامەیاندا ڕەنگ بدەنەوە. پێچەوانەی ئەمە، جگە لە حزبی هەلپەرست و کۆمپانیای بازرگانی و چەتەی سیاسی زیاتر، ناچنە ژێرباری هیچ پێناسەیەکی تر!
*****

بیانوو دانە دەست چەرچییەكانی سیاسەت!
زۆر شت هەن، کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەوە هەیە، وا باشترە حزبی سەرەكیی دەسەڵات و حوکمڕان، باشترین توانا و میکانیزم بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنیان، چونكە ئەگەر ئەوە نەكات، بیانوو و پاساو دەداتە ئەو گرووپانەی بەرژەوەندی و چەرچییە سیاسییەكان، تا مێزی یارییەکەیانی پێ گەرم بكەن!

تەنانەت کاردانەوەی زیاد لە پێویست لە بەرامبەر هەندێ رەخنە و ناڕەزایی، ئەو هێزە هەلپەرستانە دەخاتە دۆخی هێرشبردن و خۆ بە فریشتە نماییشکردن! كە لە بنەڕەتدا هچیان فریشتە و خەمخۆری مافەكانی خەڵك نین.

بۆیە گرنگە حزبی دەسەڵاتدار و حوکمڕانیش، زیاتر لە هەمووان پابەندی بەها و پرەنسیپەكانی كاری سیاسیی دروست بێت و بچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتیی ئەو بەها و نۆرم و پرەنسیپانە. بەتایبەتی کە ئەو، لە بەرامبەر گەل و نیشتمانەکەیدا، لە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی وڵاتەکەیدا، بەرپرسیارێتیی قورسی نەتەوەیی و نیشتمانیی لە ئەستۆدایە.

دەسەڵات نابێ لە داواکاریی ڕەوای هاووڵاتییەکانی نیگەران بێت، وەک ئەوەی ناشبێت هەمیشە بە چاوی گومان بڕوانێتە هەموو ناڕازاییەکی جەماوەریی. چونکە بەمە دەرفەت بۆ ئەو هێزە هەلپەرست و چەرچییە سیاسییانە خۆش دەکات، تا بەم هەموو خەوش و چەوتی و چەوێڵیانەوە، خۆیان وەک فریادڕەسی کۆمەڵگا، سوارچاکی ئازادیی، پاڵەوانی دادپەروەری، خەمخۆری دیموکراسیەت و چی و چی نیشان بدەن.

لە بەرامبەریشدا کاتێک پرس و بابەتێک دەگاتە سەر بەرژەوەندیی گشتی، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بێدادی. نابێت حزبی دەسەڵاتدار، حوکمڕانێتیی بە خاترخوایی و ڕاگرتنی دڵی ئەم هێزی هاوپەیمان، یان نەڕەنجاندنی دڵی ئەو هێزی ڕکابەر بکات. تەنانەت دەبێ لە ئاست منگە منگی دەنگە مشەخۆرەکانی ناو خودی حزبەکە خۆیشیدا، کە لە ئاستی سەرکردایەتی و ڕێکخراوەییدا بەرپرسیارێتییان هەیە و پلە و پێگە حزبی و ڕێکخراوەییەکەیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و تایبەت قۆستووەتەوە و چاکسازیی بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە، دەبێ لە نێوان ئەو کەسانە و دڵسۆزیی و قوربانیدانی بێ بەرامبەری بنکە جەماوەرییەکەی، خۆی یەکلایی بکاتەوە.

دیارە کار و هەنگاو و بڕیاری لەم جۆرەش، پێویستی بە ڕادیکاڵیەت هەیە و دووریش نییە هەندێ جار پشێویش بەدوای خۆیدا بێنێت، بەتایبەتی کە هێزە هەلپەرست و هاوپەیمانە دڕدۆنگەکان و کەسە مشەخۆر و مفتەخۆرەکان، بازاڕی شێواویان دەوێ و مەلەکردنیان لە گۆمی لێڵ بەلاوە خۆشە، بەڵام دواجار حزبی فەرمانڕەوا بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی، گرەوی ئایندە و هاووڵاتیانی ئاسایی دەباتەوە، بەو هاووڵاتییانەشەوە کە ڕەنگە لەگەڵ بۆچوونی سیاسیی حزبەکەدا، ناکۆک و ناتەبا بن.
*****

حزب و حیزفرسەتیی!
ڕاستییەکەی هەرێمی کوردستان شتێکی نییە و نەبووە بەناوی ئۆپۆزسیۆن. واتە ئۆپۆزسیۆنێک، کە شوێنی گونجاوی لەناو فەرهەنگی سیاسیدا ببێتەوە. ئەوەی هەبووە و تا ئێستاش هەیە، بریتییە لەوەی کە هێزگەل و گرووپی سیاسیی هەلپەرست، بەردەوام هەوڵی قۆستنەوەی دۆخێکی ناجۆری سیاسی، ئابووریی هەرێمی کوردستان و تووڕەیی هاووڵاتیانیان داوە و دەدەن و بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازی زیاتر و داپچڕینی بەشێکی زیاتر لە هەریسەی دەسەڵات، ناوە ناوە سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بوونە و دەبن. کاتێکیش کەشتیی بەرژەوەندییەکانیان لە کەنارەکانی دەریای ئیمتیازاتەکانی دەسەڵات و حوکمڕانیدا لەنگەری گرتووە، پشتیان لە خەڵک کردووە و لەگەڵ دەسەڵات چوونەتەوە سەر هەمان سفرە و بە ئاوازی ئەو هەڵپەڕیون.

ڕوون و ڕاشکاوتر بڵێین: ئەو هێزانەی لە کوردستان ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن، تا ئەو کاتەی چنگاڵیان لە کێکی شیرین و چەوریی دەسەڵات گیر بووە، تەقەی سەریان بە ماف و داخوازیی خەڵک نەهاتووە. وەک چۆن تا پارە و پۆست و ئیمتیاز هەبووە، وەک دوو ماری عاشقە و ماشقە، لەگەڵ دەسەڵاتدا موو بە بەینیانەوە نەچووە. کەچی کاتێک دەسەڵات و حکوومەت کەوتووەتە قەیران، نەک خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دزیوەتەوە، بەڵکوو خراپتر لە جاران لە دژی حکوومەت کەوتوونەتەوە سەر پاشوو و خۆیشیان لە خەڵک کردووەتە ئیمامی مەهدی!

دیارە قسەکردنی ئێمە لەسەر دووڕوویی و دڕدۆنگیی هێزگەلی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، کە بە زۆر دەیانەوێ پێمان بڵێن، ئەوان ئۆپۆزسیۆنن و نوێنەرایەتیی خەمی خەڵک دەکەن و لە خزمەت چاکەی گشتیدان، هەرگیز ناچێتە خانەی داکۆکیکردن لە دەسەڵات و پاساودانەوەی دیاردەکانی گەندەڵیی و بێدادیی و هەموو ئەو کێماسی و کەموکوڕییانەی، کە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییەکانی بە دەستیانەوە دەناڵێنن. وەک چۆن ئەوەی دەیڵێین، بوختان و تۆمەت هەڵبەستن نییە بۆ ئەو حزب و گرووپانە، بەڵکوو شتێکە هەموومان ئەزموونمان کردووە و بە چاوەکانی خۆیمان بینیومانە و دەیبینین.

١٧ی شوباتمان بینی، کە بەبێ ئەوەی هیچ قەیرانێک هەبێت، چۆن سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بوون و بەسەر پشتی خوێنی چەندین منداڵ و هەرزەکاری وەک (ڕێژوان) و کێ و کێی تردا، پەڕینەوە سەر عەرشی دەسەڵات و هەر زوو پشتیان کردە خەڵک. لە سەردەمی داعشدا کە کوردستان ڕووبەڕووی ترسناکترین شەڕی تیرۆریستان بووەوە و هاوکات بەغدا بودجە و قووتی خەڵکی کوردستانی بڕی، ئەم حزبانە دۆخەکەیان قۆستەوە و دووبارە داخوازیی خەڵکیان کردە ماشەی دەستیان و هەتا توانیان، کوردستانیان ڕووبەڕووی قەیرانی دیکەی سیاسیی ناوخۆیی کردەوە. ئێستا و لە سەردەمی کۆڕۆنا و لەو کاتەیدا کە بەغدا دووبارە مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، ئەوەتا دیسانەوە دەیانبینین، چۆن خەریکی سیناریۆ و مانۆرن، بۆ ئەوەی سواری پشتی بێزاریی فەرمانبەران ببنەوە و لەو ڕێگایەشەوە، خۆیان وەک فریشتە و فریادڕەس نیشان بدەن.

لەم گۆشەنیگایەوە، ئەم خراپ قۆستنەوەیەی قەیرانەکان.. ئەم پێوانەکردنە بە دوو ڕبەی جیا.. ئەم سواربوونەی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک و دواتر بازرگانیکردن بە خەباتی مەدەنی و خوێنی خەڵک.. ئەم چوارپەل لەناو دەسەڵات و تیلەچاوێک لەناو خەڵک.. ئەم دووفاقیەی ئەو حزبانە، هەرگیز وەک چەمک و مانای ئۆپۆزسیۆن، لەناو هیچ فەرهەنگێکی سیاسیدا شوێنی نابێتەوە. بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئەوان دەیکەن و کردوویانە، لە سادە و ساکارترین واتادا، تەنیا دەکرێ وەک حیزفرسەتیی سیاسی پێناسە بکرێت و هیچی تر!