كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕێبەر ئەحمەد: هێشتا مەترسیی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ماوە

"حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێم لە خۆپارێزیدا سەرکەوتوو بوون"

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.521 وزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا تیشکیان خستە سەر ڕێکارەکانی خۆپاریزی لە پەتای کۆرۆرنا و لەمبارەوە ڕێبەر ئەحمەد گوتی هێشتا مەترسیی کۆرۆرنا لە کوردستان ماوە و حکوومەتی هەرێمی وکردستان بێ دوودڵی بڕیاری پیویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیان دەدا.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەروەک وەزیری تەندروستی ئاماژەی پێ کرد، مەترسیی کۆرۆنا هێشتا لە هەرێمی کوردستان ماوە و بەپێی ئەو حاڵەتانەی لە سلێمانی و هەولێر تۆمار کراوەن، دەبێ هەڵوەستەیەکی جیدی لەسەر بکەین هەم وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیش وەک خەڵکی هەرێمی کوردستان".

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "بەتایەبتی داوای هاوکاریی زیاتری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە ئێمە هەمیشە گوتوومانە مەترسییەکە لە ئارا دایە، ڕاستە ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستمان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دا و هۆکاری سەرکەوتنی ئێمەش ئەوە بوو کە لە کاتێکی زوودا دەستمان بە ڕێکارەکان کرد، بەڵام هەروەک هەمیشە جەختمان لێ کردووەتەوە، ئەو بابەتە لەناو کۆمەڵگەکەمان هێشتا ماوە و سەرکەوتن بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا ئەوکاتەیە کە واکسنی پێویست لە ئاستی دونیا بۆ چارەسەریی ڤایرۆسەکە دەدۆزرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێم لە خۆپارێزیدا سەرکەوتوو بووین، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا ڕابگەیەنین، پێویستیمان بەوەیە هاوکاریی بەردەوام هەبێت و خەڵک گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن. هەموو توانای حکوومەت بۆ ئەوەیە کە خەڵک بپارێزێت و داوا لە خەڵک دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان بەرپرسیار بن کەلە کۆتاییدا تەندروستیی گەشتیی ئەم وڵاتە بپارێزرێت".

ڕێبەر ئەحەمد باسی لەوەش کرد: "هێشتا دەوروبەری ئێمە پڕە لەو ڤایرۆسە و ئێستا لە عێراق ڤایرۆسەکە زۆر تەشەنەی کردووە و لە وڵاتانی هەرێمیش وەکوو خۆی مەترسیی ڤایرۆسەکە هەیە، بۆیە ئەو ڕێکارانەی کەلە بەیانی ژمارە ٣٥ ڕامان گەیاندوون، لە ئەنجامی هەبوون و مەترسی و هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسەیە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و داوا دەکەین لە ڕۆژانی جەژن خەڵک پەیگیر بێت و هاتوچۆ نەکەن، چونکە دامەزراوەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دێنەوە سەرشەقامەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ".

وەزیری ناوخۆ ڕاشی گەیاند: "ئینجا هاتوچۆ بۆ هەر مەبەستێک بێ، کەلە ماڵ دەرچووی، شکاندنی قەدەغەیە، ئەو ڕێکارانەش بۆ پاراستنی خەڵکە

لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ گوتیشی: "ئەوەش پێوەندیی بە چۆنیەتی و ئاستی خۆپارێزی و پابەندبوونی خەڵکەوە هەیە، ئەگەر بینیمان هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسە زیاترە لە پێشوو و کۆمەڵگە تووشی مەترسی دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ دوودڵی بڕیاری پێویست دەدات بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پارێزراو بێت، بەڵام ئێستا قەدەغەکە تەنها بۆ ئەو سێ ڕۆژەی جەژنە و دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنی نوێ بکرێت، ئەوکاتە بڕیاری پێویست لەوبارەوە دەدرێت".