نوێترین کتێبی وەرگێڕانی فەرهاد شاکەلی چاپ و بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نوێترین کتێبی وەرگێڕانی فەرهاد شاکەلی چاپ و بڵاو کرایەوە

شاعیر و نووسەر و زمانناس، فەرهاد شاکەلی لە نوێترین کاری خۆیدا، کتێبی شیعرەکانی شاعیرێکی سوێدیی کردووە بە کوردی و ناوەندی باڵندە لە سلێمانی چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.

کتێبەکە بە ناوی «بەنێو مەرگدا دەڕۆم بەرەو پاییز»، لە نووسینی "بوو گوستاڤسۆن" شاعیری ٧٤ـساڵانی سوێدییە و ١٣٨ لاپەڕەیە، کە هەڵبژاردەیەک لە کۆی شیعرەکانی شاعیری لە خۆ گرتووە. وەرگێڕ خۆی پێشەکیی بۆ نووسیوە و هەروەها شاعیریش پێشەکییەکی بۆ چاپە کوردییەکە نووسیوە.

وەرگێڕ سەبارەت بە شیعرەکانی گوستاڤسۆن دەڵێت: "بوو زۆرجار تێکستە شیعرییەکانی خۆی ناو دەنێت غەزەل، یا قەسیدە. هەروەهایش دەیان میتافۆر و وێنەی ڕۆژهەڵاتی لە توێی دێڕەکاندا دەگونجێنێت."

بوو گوستاڤسۆن ئاشقی کولتوور و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر شیعری فرووغ و مەولانای ڕومی و چەندین ناوی دیکەی ڕۆژهەڵات هەیە.

شاکەلی کتێبی "بەنێو مەرگدا دەرۆم بەرەو پاییز"ـی لە دە دیوانی شاعیرەوە هەڵبژاردووە و دەڵێت: "ئەم کتێبە کە هەڵبژاردەیەکی شیعرەکانی گوستاڤسۆنە، هەوڵدانێکە بۆ ناساندنی شاعیرێکی ئەم سەردەمەی سوێد، کە لە گەنجینەی خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆیدا، نرخە هونەری و ئێستێتیکی و زمانەوانییەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتیشی کۆ کردوونەتەوە و هێندەی شیعر و بنەما و ساختاری شیعر ڕێگە بدات، سوودی لێ وەرگرتوون."

گوستاڤسۆن سەبارەت بە چاپی کوردیی کتێبەکەی دەڵێت: "من هیوادارم و لەو باوەڕەیشدام کە ئەم شیعرانە لە کوردستاندا خوێنەریان هەن. لەوێ ئامادەگی و پێشوازی بۆ شیعرێک بیەوێ سەرلەنوێ ڕاستییەکەی دیکە بدۆزێتەوە، فراوانە. ئەوە ڕاستییەکە دەبێ هەمیشە سەرلەنوێ بدۆزرێتەوە، چونکە بەردەوام دادەهێنرێت و دروست دەبێت."

شایەنی باسە، بوو گوستاڤسۆن نووسەری پەیامی باڵندەیە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، کە ٢١ـی ٣ـی ٢٠٢٠ بڵاو بووەوە. ناوەندی باڵندە لە سلێمانی، ساڵانە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر شاعیرێکی جیهان ڕادەسپێرێت کە پەیامی باڵندە بۆ ئەو ڕۆژە بنووسێت.

فەرهاد شاکەلی، وەرگێڕ، شاعیر و ئەکادیمیکاری کورد، ساڵی ١٩٥١ لە باشووری کوردستان ناوچەی کفری لە دایک بووە و خۆیشی یەکێکە لە شاعیرە ناودارەکانی کورد، کە لە حەفتاکاندا شیعری کوردییان نوێ کردووەتەوە.