كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

جوان ڕۆژبەیانی: سوپای عێراق پارێزگاری لە پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكان ناکات

"پێشمەرگە ئەو ناوچانە بە خاكی كوردستان دەزانێت"

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت سوپای عێراق لە پێكهاتەكانی ناوچە کوردستانییەکان پێک نەهاتووە، بۆیە بۆیە ئینتیمایەكی بەهێزی نییە بۆ پارێزگاری لێكردنیان لێیان، بەپێچەوانەشەوە پێشمەرگە ئەو ناوچانە بە خاكی خۆی و كوردستان دەزانێت و بە باشی بەرگرییان لێ دەكات.

جوان یوونس ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەقیقەتێك هەیە نكۆڵی لێ ناكرێت ئەویش ئەوەیە كە سوپای عێراق لە پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پێك نەهاتووە كە پارێزگارییان لێ دەكات، بۆیە ئینتیمایەكی بەهێزیان نییە بۆ پارێزگاریكردن لەو ناوچانە".

گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەو ناوچانە بە خاكی خۆی و كوردستان دەزانێت و بە باشی بەرگریی لێ دەكات".

ڕوونیشی كردەوە: "یەكێك لەو پرسانەی لیژنەكەمان بەنیازە لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا تایبەت بە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان گفتوگۆی لەبارەوە بكات، ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییەیە كە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومەتی ناوەنددا هەیە بۆ پاراستنی ناوچە كوردستانییەكان بە هاوبەشی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا كە بۆچی تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ڕۆژی 13/5/2020 لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بكات بۆ كۆبوونەوەیەك لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام تا ئێستا لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بانگهێشت بۆ ئەندامانی پەرلەمان نەكراوە و هیچ وادەیەكیش بۆ كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە.