منیش له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

منیش له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریم

مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌کان، مافه‌و چ منه‌تی تێدانیه‌ حکومه‌ت دابینی بکات، بۆ حکومه‌تیش دابینکردنی مووچه‌ی هاوڵاتیان ئه‌رکه‌و هیچ ده‌ستکه‌وت نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٤ وه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌گوزه‌رێ، دانی مووچه‌ی هه‌رمانگێک له‌لایه‌ک بۆ هاوڵاتی له‌بری ده‌سته‌به‌رکردنی ماف بۆته‌ هه‌واڵی خۆش، بۆ حکومه‌تیش له‌بری جێبه‌جێکردنی ئه‌رک بۆته‌ ده‌سکه‌وت، بێشک هیچێک له‌ هاوڵاتی و حکومه‌ت له‌و باره‌وه‌ ناحه‌ق نین.

 

ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌، عێراق خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان سزا ده‌دات، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک سزادان نیه‌و حکومه‌تی عێراق مه‌به‌ستیه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سزا بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشێلکاری کردوه‌!، چه‌ندین ڕێگای ده‌ستووری و یاسایی هه‌یه‌، حکومه‌تی عێراق ده‌توانێ بیگرێته‌ به‌روو حکومه‌تی هه‌رێمی پێوه‌ ناچاربکات و سزای یاسایی وده‌ستووری بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی عێراق ده‌یکات سزای سیاسی خه‌ڵکی کوردستانه‌، نه‌ک حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

 

بۆیه ناکرێ و کارێکی باش نیه‌ ئێمه‌ش هێزو لایه‌نه‌کان، فراکسیۆن و په‌رله‌مانتاران، ڕۆژنامه‌وان و سیاسیه‌کان، ڕێکخراو کۆمه‌ڵه‌کان، هتد.... به‌ده‌رفه‌تی ببینین و له‌و ڕێگایه‌وه‌، کێشه‌و منافه‌سه‌ سیاسیه‌کانمان بکه‌ین، هه‌ڵبه‌ت وه‌ها کارێک نه‌ک خزمه‌ت به‌ دۆخه‌که‌ ناکات، به‌ڵکو ئاڵۆزتری ده‌کات و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسی و متمانه‌ی نێوان گه‌ل و دامه‌زراوه‌کانیش زۆر لاواز ده‌کات.


هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، ئه‌م قه‌یرانه‌ سه‌خته‌ی دارایی و شه‌ڕ فرۆشیه‌کانی به‌غدا به‌ هه‌ولێر، به‌خۆپیشاندان چاره‌سه‌رناکرێ.


به‌ڵام له‌ حاڵێکدا ئه‌گه‌ر بودجه‌ له‌به‌غدا بێت و نه‌درێ ، داهاتی ناوخۆیی بڕبکات و نه‌وتی کوردستانیش به‌ نرخێکی به‌رزو بێکێشه‌ به‌بازاڕبکرێ، ئه‌وکات جه‌ماوه‌ری کوردستان حه‌قه‌ نه‌ک هه‌ر خۆپیشاندان به‌ڵکوو کاری گه‌وره‌تریش بکات.

 

ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاریش بێ خۆپیشان بده‌ین، زۆر دره‌نگ که‌وتووین، شه‌ش ساڵه‌ قبوڵمانکردوه‌و ده‌نگمان لێوه‌ نه‌هاتووه‌، هه‌ر خه‌ریکی یه‌کتر شکاندن و کرێت و ناشرینترکردنی یه‌کتری بووینه‌، ده‌بوایه‌ ساڵی ٢٠١٤ و له‌گه‌ڵ یه‌که‌م مانگی بڕینی مووچه‌ی هاوڵاتیان، خۆپیشاندان و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری ڕابگه‌ێنداربووایه‌و په‌یامی خه‌ڵک به‌ عێراق و هه‌موو دونیا بدرابووایه‌، تا چاره‌سه‌ر بوونی ئه‌و بابه‌ته‌، خۆپیشاندان و مانگرتن به‌رده‌وام بوایه‌و پشوو درێژباین.

 

ئێستاش له‌ئاستی میللی ده‌خوازێ، کێشه‌ی سیاسی و بیری ئایدۆلۆجی و گرفتی یه‌کتر قبوڵنه‌کردن و هه‌ر بابه‌تێکی دیکه‌ی لاوه‌کی به‌لاوه‌ بنێین و هه‌موو وێکڕا له‌ پێناوی پشتیوانی له‌ قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک ده‌سکه‌وتی نیشتیمانی و دژ وه‌ستانه‌وه‌ش به‌رانبه‌ر به‌و عه‌قلیه‌ته‌ی له‌ به‌غدا هه‌یه‌، هه‌ڵوێستی یه‌کگرتووی سه‌رتاسه‌ری ڕابگه‌ێنین‌ ، دژ به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی که‌ هیچی که‌متر نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نفال چیه‌کان.