وەزارەتی كشتوكاڵ: لە هەوڵداین بازاڕ بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی كشتوكاڵ: لە هەوڵداین بازاڕ بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە

"بەغدا تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت"

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەغدا رێژەیەكی كەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، بۆیە هەوڵ دەدەین بازاڕ بۆ ئەو بڕە گەنمەی دەمێنێتەوە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی جووتیاران زیانمەند نەبن.

لەمبارەوە حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان خاوەنی رووبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵییە، كە بەهۆی بەپیتی و لەباری بۆ كشتوكاڵ، بەگشتی  و بەروبوومی گەنم و جۆ بەتایبەت، ساڵانە رێژەیەكی باش گەنم بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەغدا زوڵم لە جووتیارانی هەرێم دەكات و رێژەیەكی زۆر كەمیان لێ وەردەگرێت، كەچی جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق سەرجەم بەهەمەكانیان لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە وەردەگیرێت".

راشی گەیاند: "بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی جووتیاران و ساغكردنەوەی بەروبوومی ساڵانەیان، وەزارەتی كشتوكاڵ پڕۆژەیەكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێم، چونكە لەكۆی دوو ملیۆن و چوارسەد و بیست و شەش هەزار تۆن، بەغدا تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت".

حوسێن حەمەكەریم، ئەوەشی خستە ڕوو: "بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا و وەستانی دەوام نەتواندرا پڕۆژەكەی وەزارەت وەكوو پێویست كاری لەسەر بكرێت، بەڵام قسەمان لەگەڵ كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئالیك كردووە بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران وەربگرن، چونكە لە هەرێمی كوردستان 36 كارگەی بەرهەمهێنانی ئالیك هەن، كە ساڵانە چوار سەد هەزار تەن گەنمیان پێویستە".

روونیشی كردەوە: "هەوڵێكی دیكەی وەزارەت بۆ بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، كڕینەوەی بەرهەمی گەنمە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، چونكە ساڵانە ئاشەكان پێویستسان بە گەنمێكی زۆر هەیە بۆ دروستكردنی ئارد".