بەوێنە.. چەندی دیمەنێكی گەڕەك و شوێنەوارە مێژووییەکانی سنە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. چەندی دیمەنێكی گەڕەك و شوێنەوارە مێژووییەکانی سنە

سنە، یەکێکە لە شارە گەورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کوردستان (سنە)یە، سنە، لەباری ژمارەی دانیشتوانەوە، دوای کرماشان و ورمێ سێیەمین شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه‌.

 بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ ، ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارە بەبێ قەزا و ناحیە و گوندەکانی، زیاتر لە ٤٠٠٫٠٠٠ کەسە و نزیکەی١٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوه بەرزە.

خەڵکی سنە بنزاراوەی ئەردەڵانی (سنەیی) قسە دەکەن، کە لقێکە لە شێوەزاری کورمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی)، هەروەها زۆرجار خەڵکی سنە و ئەو ناوچە بە سنە دەڵێن (کورسان) کە کورتکراوەی کوردستانە.

سنە، بەرلە ساڵی ١٠٤٦ کۆچی مانگی، گوندێکی بچووک بووە کە تایفەیەک بە ناوی (کەوش‌زێڕینە) لەوێ نیشتەجێ بووون. سولەیمان خانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٠٤٦ی کۆچی مانگی، بوو بە والیی ئەوکاتی کوردستان. بە فەرمانی پاشای سەفەوی (شاسەفی، شەشەمین پاشای سەفەوی)، قەڵاکانی "زەڵم، حەسەن‌ئاوا و پاڵەنگان"ی وێران کرد و لە گوندێک بە ناوی سنە بارگە و بنەی دامەزراند و کردیە پایتەختی کوردستان. سەرەتا، قەڵایەکی حکوومەتیی لەسەر تەپۆڵکەیەک بە بەرزیی بیست میتر درووست کرد و لە دەرەوەی قەڵاکە، بازاڕ و مزگەوت و ماڵی کردەوە (جێگەی ئەو قەڵایە، ئەمڕۆکە دەکەوێتە ناوەندی شاری سنەوە، ئەو شوێنەی کە خەڵکی سنە پێی دەڵین "بان باشگا" ھۆکەی ئەوەیە کە ئەو شوێنە لە زەمانی دەسەڵاتی پەھلەویدا (باشگای ئەفسەران). سولەیمان خان ناوی ئەو قەڵا نوێیەی نا «سنەدژ» (دژ یانێ قەڵا) کە عەرەبیکراوەکەی دەبێتە "سنندج".

سنە بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠٠ ساڵ ناوەندی میرنشینی ئەردەڵان بووە کە لەڕووی جوگرافی و ماوەی دەسەڵاتدارییەوە گەورەترین میرنشینی کوردییە.

شاری سنە، وەک شارێکی فەرهەنگی و جێگەی شارستانیەت و مێژوو و شاری هونەر ناسراوە و بە درێژایی نزیکەی ٤٠٠ ساڵ مێژووی ئەو شارە خاوەن گەلێک، بینا، قەڵا و بینای شوێنەواری و ئاسەواری مێژووییە، هەروەها گەڕەکە کۆن و دێرینەکانیشی بە سەدان خانوو و بینای قەدیمیی تێدایە.

بەشێک لە شوێنە دێرین و شوێنەوارە مێژووییەکانی سنە بریتین لە: عیماره‌تی سالار سه‌عید(مۆزەخانەی سنە)، سەیرانگای ئاویەر، بازاڕی سنە (ناوگوزەر)، عیمارەتی ئاسف( یانەی کورد) مزگت جامیعە، عیمارەتی موشیر دیوان، حەمامی خان، ھاجەرە خاتوون، عیمارەتی خەسراوا، عیمارەتی وەکێڵ.

گەڕەکە کۆنەکانی سنە بریتین لە: "دەرماڵ، ناو قەڵا، قەتارچیان، سەرتەپۆڵە، ئاغەزەمان، چوارباخ، پیرمحەمەو، گەلەخان، کووچی ڕەزان، جەور ئاوا (خوار و ژوور)، جاڕ نەسڕوڵڵا خان، سپوور ئاوا، تەپەی ئەولیابەگ، حاجی ئاوا، شەریف ئاوا، فەیز ئاوا، کەڵەکە جاڕ، پردبەند (نیزام ئاوا)، کوێر ئاوا، تەپەی شێخ حەمە سادق، شێخان، تازه ئاوا، بان خەنەق (خەندەق)، کانی گورگ عەلی، ناو کرماجەکان، چقڵی چەقان، دوڕاجییەکان، ناو دۆمەکان، تەقتەقان و قه‌ڵاچوارلان".