سبەی بەنداوی ئەڵیسۆ دەكەوێتە كار و عێراق تینوو دەبێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سبەی بەنداوی ئەڵیسۆ دەكەوێتە كار و عێراق تینوو دەبێ


ئەمڕۆ سێشەممە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە سبەی چوارشەممە بەشێكی بەنداوی ئەڵیسۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنكەراوە دەكەوێتە كار و یەكەم مەترسیشی بۆ سەر دەربەدەربوونی هەزاران هاووڵاتیی توركیا و دواتریش تینووكردنی عێراق هەیە.


هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بڕیاری دا سبەی چوارشەممە یەكەم بزوێنەری بەنداوی ئەڵیسۆ بخاتە كار، چاوەڕوان دەكرێ ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای دەستپێكی كێشەیەكی سەربار بۆ عێراق، بە هۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە.


ئەردۆغان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دابوو كە سبەی یەكشەممە یەكێك لە شەش بزوێنەرەكانی بەنداوی ئەڵیسۆ دەخەنە كارەوە، كە یەكێكە لە گەورەترین پرۆژەكانی ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەیە لە توركیادا.


ئەمەش لە كاتێكدایە حكوومەتی توركیا لەوەتەی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە دەستی بە گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكە كردووە، بەڵام چالاكوانانی مەدەنی ئەم وڵاتە ناڕەزاییان دەربڕیوە لەوەی پرۆژەكە مەترسی گەورەی بۆ سەر ژینگە و ناوچە كولتورییەكانی سنوورەكە هەیە.


بەنداوی ئەڵیسۆ لەوەتەی ساڵی 2006وە لەسەر ڕووباری دیجلە دەست بە دروستكردنی كراوە و كەوتووەتە نزیك گوندی ئەڵیسۆ لە نێوان هەردوو شاری ماردین و شرناخ لە باكووری كوردستان، خستنەگەڕی تەواوی ئەم بەنداوە، بڕێكی زۆری ئاوی ڕووباری دیجلە كەم دەكاتەوە و بەمەش عێراق ڕووبەڕووی تەنگژەی بێئاوی دەبێتەوە.


(رۆیتەرز) لەمبارەیەوە زۆرتری نووسیوە و دەڵێ ئەڵیسۆ سەرەتا هەزاران هاووڵاتیی توركیا دەربەدەر دەكات، دواتریش دەبێتە هۆی تینووكردنی شاری بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق، چونكە ئەو ئاوەی لە ڕووباری دیجلەوە دەچێتە ناو خاكی عێراق، بە ڕێژەیەك بەرچاو كەم دەبێتەوە.


جێی باسە لەوەتەی ساڵی 2017وە لە عێراق بە هۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە، چاندنی برنج قەدەغە كراوە و جووتیاران ناچار كراون زەوییەكانیان بەجێ بێڵن، هەر بە هۆی كەمبوونەوەی ئاویشەوە، پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی تێدا ئەنجام دراوە و هاووڵاتییان داوای دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیان لە دەسەڵاتداران كردووە.