داوا دەکرێت سنوورێک بۆ کارکردنی کرێکارانی بیانی دابنرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

داوا دەکرێت سنوورێک بۆ کارکردنی کرێکارانی بیانی دابنرێت

سەندیکاری کرێکاران داوا دەکات، سنوورێک بۆ کارکردنی کرێکارانی بیانی دابنرێت و لە وادەی تەواو کردنی کارەکانیان بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

 

حەسەن ڕەمەزان، سەرۆکی لقی سەندیکاری کرێکارانی هەولێر بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بە شێوەیەکی گشتی لە عێراقدا ژمارەی کرێکاری بیانی زیادی کردووە لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانی بوونی هەیە و پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سنوورێک بۆ هاتنی کرێکاری بیانی دابنێت و زیاتر ئەولەویەت بدرێت بە کرێکارەکانی خۆمان و کار بە کرێکاری خۆمان بکرێت لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، لەبەرئەوەی بەپێی یاسا کرێکاری بیانی تەنیا دەتوانێت ماوەی شەش مانگ بمێنێتەوە یاخود تا ئەوکاتەی کرێکارەکانی ئێمە فێری ئەو شارەزاییە دەکات کە لە وڵاتەکەی خۆی فێری بووە".

 

گوتیشی: "ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە کە سنوورێک بۆ ئەو کرێکارانە دابنێت بەڵام بەشێکی زۆریان بەداخەوە بە ڕێگەی قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان و حکوومەت ئاگادار نیە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بەڵام پێویستە میکانیزمێک هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو کرێکارانەی کە بێ ئاگاداری وەزارەتی کار دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان".

 

ڕاشیگەیاند: "کرێکارێکی زۆر هەیە کە ماوەی کارکردنیان لێرە تەواو دەبێت و ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان ناکرێنەوە بەمەش دەبنە بەربەست لەبەردەم کرێکارانی ناوخۆ و هۆکارێکی تریش کە زیاتر کار بە کرێکارانی بیانی دەکرێت ئەوەیە ئەوان وەکو کرێکارانی خۆمان بەرپرسیارێتی خێزان و کرێی خانوویان لەسەر شان نیە بەمشێوەیەش زۆر جار بە کرێیەکی کەمتر لە کرێکارانی خۆمان کار دەکەن، یاخود زیاتر لەو کاتەی بۆیان دانراوە کار دەکەن بەمەش مافیان پێشێل دەکرێت".

 

ئاماژەی بە ئەوەش کرد "ئێمه زۆر جار ویستومانە هاوکاری کرێکاری بیانی بکەین و ئاگادار بووین کە مافیان پێشێل دەکرێت و پارێزەریشمان بۆی گرتووە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون هیچ داوایەک پێشکەش بکەن بەهۆی ئەوەی وڵاتی خۆیان نەبووە ئامادە بوون مافەکانیان پێشێل بکرێت و ئەوان تەنیا کار دەکەن، بەڵام کرێکارانی ناوخۆ قبوڵ ناکەن مافیان پێشێل بکرێت و لەهەر پێشێلکارییەک ئێمە ئاگادار دەکەنەوە".

 

جەختیشیکردەوە، ئەو پارەیەی دەدرێت بە کرێکارانی بیانی و دەستاودەستی پێدەکرێت بۆ وڵاتانی بیانی بەهەدەردانی داهاتی نیشتیمانییە و زیانێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە هەموو لایەک بە بایەخەوە بڕواننە ئەم بابەتە.