كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کاتى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئاشکرا دەکرێ

سەرەتاى مانگى داهاتوو دەست دەکرێت بە وەرگرتنى گەنمى جووتیاران لە سنوورى هەولێر، بەڕێوەبەرى سایلۆى هەولێریش دەڵێ ئامادەکارى تەواومان کردووە بۆ ئەوەى بە کەمترین کات گەنمى جووتیاران وەربگرین و زۆر چاوەڕێ نەکەن.

 

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى سایلۆى هەولێر بەوەکالەت بە(باسنیوز)ى راگەیاند: " بەپێى ئەو پلانەى لێژنەى باڵاى بەبازاڕکردنى گەنم لە پارێزگاى هەولێر دایڕشتووە، لە 1/6/2020 پڕۆسەى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران لە سنورى پارێزگاى هەولێر دەستپێدەکات، وەرگرتنى گەنمەکەش بەپێى کاتى دروێنەکردنى دەبێت و ئەو ناوچانەى زووتر گەنمەکانیان دروێنە دەکەن، زوتر لێیان وەردەگیرێت".

 

راشیگەیاند: "بە هەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى هەولێر، خشتەیەکمان ئامادەکردووە و ناوچەکانمان دەستنیشانکردووە بۆئەوەى قەرەباڵخى دروست نەبێت و هەرناوچەیەک کاتى وەرگرتنى بەرهەمەکەى دیاربێت، بۆنموونە یەکەم شوێن کە گەنمى لێوەردەگیرێت ناحیەى قوشتەپەیە لە سنورى پارێزگاى هەولێر".

 

ئەوەشى خستەڕوو" دڵنایى دەدەینە جووتیاران ئەگەر هیچ گرفتێک دروست نەبێت و پێداویستییەکانى سایلۆمان بۆ دابین بکەن،ناهێڵین جووتیاران دووچارى زەحمەتى ببن لەکاتى پڕۆسەى وەگرتنى گەنمەکانیان و راستەوخۆ بارهەڵگرەکانیان بۆ خاڵى دەکەین، پێچەوانەى ئەوەى لەساڵانى رابردوو چەند رۆژێک کرێى بارهەڵگرەکانیان لەسەر هەژمار دەکرا".