ئەمساڵ %10ی زیاتر لە پار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمساڵ %10ی زیاتر لە پار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ: بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانیش لەلایەن عێراقەوە بووەتە بابەتێكی سیاسی


وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە پاش هەوڵدانێکی زۆر تواندراوە تەینا رێژەی %10ی گەنمی وەرگیراوی پاری جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ زیاد بکرێ.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە هاتووە "ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆبوونەوەی خۆی تایبەت بە گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، نوێنەری وەزارەتمان بەشداربوو بە راوێژی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت، بەداخەوە دەرئەنجام بڕیاردرا كە هەرێمی كوردستان بەدەر بكرێت لە پلانی پێشنیاركراوی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم بەشێوازی( خارج خگە) دوای گوشارێكی زۆر توانرا تەنها 10% گەنمی وەرگیراوی ساڵی رابردوو زیاد بكرێت، واتا بۆ ئەم ساڵ بڕی وەرگیراو لە 340 هەزار تۆن بەرز بكرێتەوە بۆ 390 هەزار تۆن گەنم".

 

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-


راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

لەسەرەتای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەم هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چڕكرایەوە لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ ، سەرچاوەكانی ئاو، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم و لایەنە پەیوەندارەكانی عێراق بۆ ئەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان زیاد بكەین، بۆ ئەو مەبەستە چەندین نوسراومان ئاراستەكردن، هەروەها شاندی باڵای وەزارەت بە سەرپەرشتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەردانی بەغدادی كرد، نوێنەرێكمان دیاریكرد بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بەشداربێت، سەرجەم بەڵگەی پێویست خرایە بەردەست لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا، نوسراویش بۆ وەزارەتی دارایی عێراق كرا، رونمان كردەوە كە جوتیارانی كوردستان زۆر زیاتر لەو بڕە گەنمە بەرهەم دەهێنن كە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق لەرابردوو وەرگیراوە، بۆیە پێویستە هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خواری عێراق بەشێوازیكی یەكسان و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

دواجار ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆبوونەوەی خۆی تایبەت بە گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، نوێنەری وەزارەتمان بەشداربوو بەراوێژی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت، بەداخەوە دەرئەنجام بڕیاردرا كە هەرێمی كوردستان بەدەر بكرێت لە پلانی پێشنیاركراوی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم بەشێوازی( خارج خگە) دوای فشارێكی زۆر توانرا تەنها 10% گەنمی وەرگیراوی ساڵی رابردوو زیاد بكرێت، واتا بۆ ئەم ساڵ بڕی وەرگیراو لە 340 هەزار تۆن بەرز بكرێتەوە بۆ 390 هەزار تۆن گەنم.

ئەم زیادكردنە لە ئاستی خواستی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو نییە و بەناچاری پەسندكراوە، بەداخەوە دەركەوت بابەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش بۆتە بابەتێكی سیاسی و رەنج و ماندوو بونیان لەبەرچاو ناگیرێت.

لەگەڵ ئامەنەشدا جوتیارانی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە پارێزەری مافەكانیانین و هەوڵەكانیشمان بەردەوامی دەبێت بۆ خزمەتكردنیان، هەروەها سبەی كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دەدرێت بۆ ساغكردنەوەی بەشێكی تری گەنمی جوتیاران، دڵنیایی دەدەین هەموو هەوڵێكمان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەكانتان خستۆتەگەڕ و بەردەوامی دەبێت.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
2020/5/18