گەنجێکی کورد ئاژەڵ و باڵندەی مرداربوو مۆمیا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەنجێکی کورد ئاژەڵ و باڵندەی مرداربوو مۆمیا دەکات

گەنجێکی کوردی دانیشتووی شاری سلێمانی ماوەی چوار ساڵە کاری مۆمیاکردنی باڵندە و ئاژەڵی جۆراوجۆر دەکات، دەڵێ کارەکەم تەنیا خولیای منداڵیمە و تاکە کەسم لە شاری سلێمانی کاری مۆمیاکردن دەکەم.

 

شێرزاد عەبدوڵڵا، لەبارەی چۆنییەتی دەستپێكردنی بەم کارە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە تەمەنی منداڵییەوە حەزم لە بەخێوكردنی هەموو جۆرە باڵندە و پەلەوەرێك بوو و ماوەیەكی زۆر لە دەرەوەی وڵات هەموو جۆرە گیاندار و باڵندەیەكم دەهێنا بۆ شاری سلێمانی و دهۆك و هەولێر و خانەقین بۆ فرۆشتن، بەڵام زۆر جار ئەو باڵندانە لە ڕێگە نەخۆش دەكەوتن یان دەمردن و نەیاندەتوانی لە ژینگەی هەرێمی کوردستان بژین و نرخیان چەندێك گران بووایە دەبوو فڕێیان بدەم، بەمەش زیانی زۆری داراییم پێ دەگەیشت".

 

گوتیشی: "دواتر بیرم لە مۆمیاكردنی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە کردەوە بۆ ئەوەی چیتر لە ڕووی داراییەوە زەرەرمەند نەبم و بتوانم سوودێکم دەستکەوێ، فێری مۆمیاکردن بووم و باڵندە و ئاژەڵەکانم مۆمیاکرد و دەستم کردەوە بە فرۆشتنەوەی ئاژەڵەکان بە مۆمیاکراوی و بەمشێوەیە ڕێگەیەک بوو بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیشم و من بۆ یەکەم جارە وەک هاونیشتیمانییەکی کورد کاری هونه ری مۆمیا بکەم لە سلێمانی زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم".


شێرزاد ڕوونیشکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک باڵندە و ئاژەڵەکان بۆ خاتری مۆمیاکردن ناکوژێ بەڵک و پاش مرداربوونەوەیان ئینجا مۆمیایان دەکات.


ئاماژەی بە ئەوەش کرد، کە هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و دڕندە مۆمیا دەكات، ئەوەش بەهۆی چەند دەرمانێكەوە، كە سەرەكیترینیان ماددەی پۆرێكسی ئەڵمانی لەگەڵ چەند ماددەیەكی تردا تێكەڵی دەكات کە ئەو ماددانە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنێت و دواتر ئەو ئاژەڵانە بە مۆمیاکراوی دەفرۆشێت.