كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەو كەسەی بەرپرسایەتیی دارایی كۆمەڵكوژیی ڕواندای گرتە ئەستۆ دەستگیر گرا

دوای ٢٥ ساڵ گەڕان بە دوایدا لە پاریس دەستگیر كرا

ئەو سەرمایەدارەی تۆمەتبارە بە پاڵپشتیكردنی دارایی كۆمەڵكوژیی رواندا لە ساڵی ١٩٩٤، دوای ٢٥ ساڵ خۆشاردنەوە، توانرا لە پاریس دەستگیر بكرێت.

فایشن كابوگا، سەرمایەداری رواندا كە دەكەوێتە باشووری ئەفریقیاوە، بە ناسنامەیەكی ساختە لە نزیك ناوچەیەكی پاریس دەستگیر كرا. ئەو تۆمەتبارە بەوەی سەرمایەدارێك بووە هەموو خەرجیی كۆمەڵكوژیی رواندای گرتووەتە ئەستۆ، بۆیە لە دادگای نێودەوڵەتیدا داواكراو بوو، بەڵام توانیبووی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ خۆی بشارێتەوە و كەس نەتوانێت دەستگیری بكات.

لە ساڵی ١٩٩٤ لە كۆمەڵكوژیی رواندادا ٨٠٠ هەزار كەس كوژران كە توتسییەكان بوون، فایشن ئەوكات یەكێك بوو لە سەرمایەدارە بەناوبانگەكانی رواندا و دەستی بەسەر هەموو بەرهەمێكی چای ئەو وڵاتەدا گرتبوو، بۆیە تێچووی ئەو كۆمەڵكوژییەی گرتە ئەستۆ.

میدیای رواندا لە ساڵی ١٩٩٤ بانگەوازی كرد كە توتسییەكان هەموو كۆمەڵكوژ بكەن، بۆیە فایشن یەكێك بوو لەو كەسانەی ئەندامی ئەو گرووپە بوو كە پێكهاتبوو بۆ دۆزینەوەی توتسییەكان و بە سەدان هەزاریان كۆمەڵكوژ كرد.

بە گوێرەی زانیارییەكان، فایشن لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی دەكرێت، چونكە ٢٥ ساڵ بەرلە ئێستا دەستی هەبووە لە كۆمەڵكوژیی ئیتنیكی لە رواندا.

لە زۆربەی وڵاتانی دونیا و بەتایبەت رواندا، هاووڵاتیان دڵحۆشن بە دەستگیركردنی ئەو سەرمایەدارە ستەمكارە، بۆیە داوا دەكەن بەپەلە بە سزای خۆی بگات.

پێشتریش ئەمریكا بڕی ٥ ملیۆن دۆلاری دانابوو بۆ هەر كەسێك بتوانێت شوێنی فایشن ئاشكرا بكات و دەزگای هەواڵگریی لێ ئاگادار بكاتەوە.

 

كۆمەڵكوژی رواندا چۆن رووی دا؟

لە ٦ی نیسانی ١٩٩٤، (گرووپی ئێتنیك هوتوو) و جونیڤاڵ هابپەریمان سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی رواندا لەناو فڕۆكەیەكدا لە ئاسماندا تەقینەوە و هەموویان گیانیان لەدەست دا. ئەوكات بزووتنەوەی رادیكاڵی هوتوویەكان، گرووپی (توتسییەكان) یان تۆمەتبار كرد بەو كردەوەیە، كە ئەوكات توتسییەكان ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام توتسییەكان ئەو كردەوەیەیان رەت كردەوە و گوتیان هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نەبووە.

لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ تۆڵەكردنەوە لە تەقینەوەی ئەو فڕۆكەیە و كوشتنی سەرۆكوەزیران و سەرنشینەكان، پارتی دەسەڵات، دەستی بە كۆمەڵكوژی توتسییەكان كرد و لەڕێگەی تەلەفزیۆن و رادیۆوە داوای لە خەڵك كرد لە هەر شوێنێك توتسییەكانتان بینی هەواڵمان پێ بدەن تا بیانكوژین. جگە لەوەی هەموو سنوورەكانیان داخست تا نەتوانن بۆ هیچ شوێنێك رابكەن.

ئەوكات بۆ راگرتنی ئەو كۆمەڵكووژییە وەحشی و نامرۆڤانەیە، نەتەوە یەكگرتووەكان هیچ شتێكی نەكرد و بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام بەرەی نیشتیمانپەروەری رواندا كە لە توتسییەكان پێكهاتبوو، توانیان بەرەو كیگالیا پێشڕەوی بكەن و، ئەمەش وای كرد بتوانن ٢ ملیۆن لە توتسییەكان لە دەستی حكوومەتی ئەوكاتی رواندا رزگار بكەن و بەرەو كۆنگۆ بیانبەن، بەڵام ٨٠٠ هەزار توتسی بە شێویەكی زۆر دڕندانە كۆمەڵكوژ كران.

كۆمەڵكوژی رواندا، هیچی كەمتر نییە لە كۆمەڵكوژیی ئەنفال و دەرسیم و ئەرمەنییەكان و جووەكان، چونكە هەموو كۆمەڵكوژییەكان لەژێر دەسەڵاتێكی ستەمكاردا رووی داوە، كە هیچ بەهایەكیان بۆ مرۆڤایەتی دانەناوە.